بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 15°C (کەمێک هەوری)
  • سلێمانی: 10°C (کەمێک هەوری)
  • دهۆک: 13°C (ساماڵ)
  • هەڵەبجە: 13°C (کەمێک هەوری)
  • کەرکووک: 15°C (کەمێک هەوری)
  • زاخۆ: 13°C (ساماڵ)
  • گەرمیان: 15°C (کەمێک هەوری)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە

بازنەیەکی داخراوی زیاتر لە ٣٠ ساڵ قەیران و چاوەڕوانی

زیاتر لە سێ دەیەیە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بازنەیەکی داخراوی قەیرانە خزمەتگوزارییەکاندا دەخولێنەوە؛ بازنەیەک کە تێیدا سەرەتاییترین مافەکانی ژیان بوونەتە خەونی رۆژانە.

ئیرادە میدیا (فەرمی)

4 خولەک خوێندنەوە

بازنەیەکی داخراوی زیاتر لە ٣٠ ساڵ قەیران و چاوەڕوانی

پوختەی گرنگترین خاڵەکان:

  • زیاتر لە سێ دەیەیە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بازنەیەکی داخراوی قەیرانە خزمەتگوزارییەکاندا دەخولێنەوە
  • لە هەرێمی کوردستانیش، قەیرانی حوکمڕانی گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار
  • رۆژێک لە سەرەی بەنزین و رۆژێکی تر لە چاوەڕوانیی بتڵێک غاز و بەرمیلێک نەوتی سپیدا، رۆژانێکی دیکەش لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیاندا کات بەسەر دەبەن
  • ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەسەر دەریایەک لە نەوت و گازە
  • لاوازیی ژێرخانی خزمەتگوزاری و ناکۆکییە بەردەوامەکان وای کردووە هەر رووداوێک یان گرژییەکی ئەمنی، راستەوخۆ ژیانی رۆژانەی خەڵک ئیفلیج بکات
  • راپۆرتە هەواڵگرییەکان پەردە لەسەر تۆڕێکی ئاڵۆز و فراوانی بەقاچاغبردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران، تورکیا و تەنانەت ئەفغانستان هەڵدەدەنەوە.

زیاتر لە سێ دەیەیە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بازنەیەکی داخراوی قەیرانە خزمەتگوزارییەکاندا دەخولێنەوە؛ بازنەیەک کە تێیدا سەرەتاییترین مافەکانی ژیان بوونەتە خەونی رۆژانە.

دانیشتووانی ئەم هەرێمە بەردەوام لە نۆرەگرتندان؛ رۆژێک لە سەرەی بەنزین و رۆژێکی تر لە چاوەڕوانیی بتڵێک غاز و بەرمیلێک نەوتی سپیدا، رۆژانێکی دیکەش لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیاندا کات بەسەر دەبەن.

ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەسەر دەریایەک لە نەوت و گازە، بەڵام لاوازیی ژێرخانی خزمەتگوزاری و ناکۆکییە بەردەوامەکان وای کردووە هەر رووداوێک یان گرژییەکی ئەمنی، راستەوخۆ ژیانی رۆژانەی خەڵک ئیفلیج بکات.

«​لێکەوتەکانی هێرشەکەی کۆرمۆر لەسەر کارەبا و غازی ماڵان»

​تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ رۆژ بەسەر هێرشە درۆنییەکەی شەوی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و دەستپێنەکردنەوەی بەرهەمهێنان لەلایەن کۆمپانیای دانەگازەوە، جارێکی دیکە لاوازیی کەرتی وزەی هەرێمی دەرخست. راگرتنی ناردنی گاز بۆ وێستگەکان بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ زیاتر لە نیوە، ئەمەش کارەبای نیشتمانیی لە ٢٤ کاتژمێرەوە بۆ تەنها ٤ تا ٦ کاتژمێر لە رۆژێکدا کەم کردووەتەوە.

​هاوتەریب لەگەڵ تاریکبوونی ماڵەکاندا، قەیرانی غازی ماڵانیش سەریهەڵداوەتەوە و نرخی بتڵێک غاز بەتایبەت لە هەولێر بۆ نزیکەی ٢٠ هەزار دینار بەرزبووەتەوە. هەرچەندە پارەی هاوردەکردنی ٧٦٠ تۆن غاز لە عێراقەوە نێردراوە (٣٠٠ تۆن بۆ هەولێر، ٢٦٠ تۆن بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، و ٢٠٠ تۆن بۆ دهۆک)، بەڵام دواکەوتنی رەزامەندیی وەزیری نەوتی عێراق مەترسیی گرانبوونی زیاتری دروست کردووە.

ئێستا ئەو بڕە غازەی رۆژانە بە نرخی ٨٥٠٠ دینار لە رێگەی بریکارەکانەوە دابەش دەکرێت (٧٥ تۆن بۆ هەولێر، ٥٠ تۆن بۆ دهۆک و ١٥٠ تۆن بۆ سلێمانی و هەڵەبجە) بەشی پێداویستیی هاووڵاتیان ناکات، تەنانەت لە سلێمانیش سەرەڕای کارکردنی ١٢ کارگە، پەنا بۆ دابینکردنی غاز لە بەنزینخانەکان بە ٥٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک براوە.

«​نەوتی سپی و بەنزین؛ جیاوازیی نرخ و شڵەژانی بازاڕ»

​لە وەرزی سەرمادا، دۆسیەی نەوتی سپی بووەتە بارگرانییەکی دیکە؛ لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕدا گەیشتووەتە ٣٣٠ تا ٤٠٠ هەزار دینار (لیترێک لە هەولێر ١٧٧٠ دینار و لە سلێمانی ١٥٥٠ دینارە)، ئەو ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتە پاڵپشتیکراوەی بەغداش کە دەبوو بەرمیلی بە ٢٥ هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتیان، بە ٣١ تا ٣٢ هەزار دینار لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرێت.

​لە لایەکی دیکەوە، بازاڕی بەنزینیش لە بەردەم هەر دەنگۆ و شڵەژانێکی سیاسی و ئەمنیدا دەلەرزێت. لە هەولێر و دهۆک نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ زیاتر لە ٢٠٠ دینار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١٤٥٠ دینار، کە هۆکارەکەی بۆ شڵەژانی خەڵک و ترس لە ئەگەری گرژییە ئەمنییەکانی عێراق دەگەڕێنرێتەوە.

«​سامانێک کە بە قاچاغ دەبرێت»

​ئەم هەموو نەهامەتی و نۆرەگرتنەی خەڵکی هەرێم لە کاتێکدایە، راپۆرتە هەواڵگرییەکان پەردە لەسەر تۆڕێکی ئاڵۆز و فراوانی بەقاچاغبردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران، تورکیا و تەنانەت ئەفغانستان هەڵدەدەنەوە. هەرچەندە بەغدا هەندێک هەنگاوی وەک داخستنی دەروازەی شیب، بەڵێنی لێپرسینەوە لە زاخۆوە تا بەسرە، و راسپاردەی دانانی سیستەمی GPSی لەسەر تانکەرەکانی کەرکووک، هەولێر، سلێمانی و دهۆک خستووەتە روو، بەڵام تا ئێستاش داهاتی ئەو سامانە لەبری ئەوەی کۆتایی بە سەرەی غاز و نەوت و مووچەی هاووڵاتیان بهێنێت، لە رێڕەوە نایاساییەکاندا ون دەبێت.

«​چەقبەستوویی سیاسی؛ لە گێژاوی عێراقەوە بۆ مەترسیی دوو هەرێمی لە کوردستان»

​قەیرانی وزە و خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو بەرهەمی راستەوخۆی چەقبەستوویی سیاسی و نەبوونی دەوڵەتێکی دامەزراوەییە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، عێراق بە بەردەوامی لە گێژاوی ململانێ و ناسەقامگیریدا ماوەتەوە؛ دەیان گرووپ و لایەنی چەکدار سەریان هەڵداوە و وڵاتەکە بووەتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ یەکلاکردنەوەی حیسابات و شەڕی بەوەکالەتی هێز و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی. ئەم دۆخە نەک هەر سەروەریی وڵاتی لاواز کردووە، بەڵکو هەر کاتێک ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە توندتر دەبن، راستەوخۆ کاردانەوەی ئەمنی و ئابووری لەسەر بازاڕ و ژیانی خەڵک دروست دەکات.

«​قۆرخکاری و پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم»

​لە هەرێمی کوردستانیش، قەیرانی حوکمڕانی گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار. کەمینەیەکی سیاسی دەستیان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات، دارایی و بڕیاردا گرتووە و هەموو شتێکیان قۆرغ کردووە.پرۆسەی هەڵبژاردن کە دەبوو ببێتە هۆی نوێبوونەوەی دەسەڵات و لێپرسینەوە، لە واقیعدا بۆتە رێکارێکی بێکاریگەر؛ هەڵبژاردن دەکرێت و بەڵێن دەدرێت، بەڵام کار بە ئەنجامەکەی ناکرێت و ئیرادەی دەنگدەران پشتگوێ دەخرێت.

​بەڵگەی زیندووی ئەم چەقبەستووییە ئەوەیە کە زیاتر لە دوو ساڵە بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش حکومەت پێکناهێنرێت و دامەزراوەکان لە چاوەڕوانیی رێککەوتنی حیزبیدا پەکخراون.

«​لە خەونی سەربەخۆییەوە بەرەو لێواری دوو هەرێمی»

​دیوێکی تری ئەم دۆخە، گۆڕانی گوتار و هاوکێشە سیاسییەکانە لە هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا رۆژانێک باس لە سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون دەکرا، ئێستا باڵادەستیی بەرژەوەندییە حیزبی و ناوچەییەکان وایکردووە دوو ئیدارەیی لە هەرێم زیاتر زەق ببێتەوە. ناکۆکییە قووڵ و بەردەوامەکان لە نێوان هێز و ناوچەکاندا، مەترسیی ئەوەیان لێدەکرێت کە دۆخەکە بەرەو جۆرێک لە "دوو هەرێمیی" و لێکترازانی زیاتر ببات؛ دۆخێک کە ئەگەر بەردەوام بێت، نەک هەر کۆتایی بە سەرەی غاز و نەوت و کارەبا و مووچە ناهێنێت، بەڵکو قەیرانێکی قووڵتر و درێژخایەنتر بۆ داهاتووی قەوارەی هەرێم و هاووڵاتیانی دەهێنێتە ئاراوە.

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە ڕاپۆرتە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە