بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 11°C (کەمێک هەوری)
  • سلێمانی: 9°C (ساماڵ)
  • دهۆک: 11°C (کەمێک هەوری)
  • هەڵەبجە: 12°C (ساماڵ)
  • کەرکووک: 13°C (کەمێک هەوری)
  • زاخۆ: 12°C (هەوری)
  • گەرمیان: 15°C (ساماڵ)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە

بۆچی هەوڵی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی شکستی هێنا؟

ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە بەهۆی دانیشتنەکەی چواری ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی تەقییەوە، هەوڵی نێوەندگیری زۆری لێکەوتەوە، دواینیان هەوڵێک بوو بۆ دانیشتنی کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی بەڵام ئەو هەوڵەش بەهۆی راگەیەنراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی و قسەی مەسرور بارزانییەوە تێکچوو.

ئیرادە میدیا (فەرمی)

5 خولەک خوێندنەوە

بۆچی هەوڵی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی شکستی هێنا؟

پوختەی گرنگترین خاڵەکان:

  • بۆچی هەوڵی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی شکستی هێنا؟
  • ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی دانیشتنەکەی چواری ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی تەقییەوە
  • هەوڵی نێوەندگیری زۆری لێکەوتەوە، دواینیان هەوڵێک بوو بۆ دانیشتنی کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی
  • بەڵام ئەو هەوڵەش بەهۆی راگەیەنراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی و قسەی مەسرور بارزانییەوە تێکچوو

ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە بەهۆی دانیشتنەکەی چواری ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی تەقییەوە، هەوڵی نێوەندگیری زۆری لێکەوتەوە، دواینیان هەوڵێک بوو بۆ دانیشتنی کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی بەڵام ئەو هەوڵەش بەهۆی راگەیەنراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی و قسەی مەسرور بارزانییەوە تێکچوو.

«دانیشتنەکەی چواری ئەم مانگە نێوانی پارتی و یەکێتی تەقاندەوە»

دوای زیاتر لە دووساڵ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پارتی بە جیاکردنەوەی چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نەوەی نوێ، لە ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی ئەنجامدا و نیسابی یاسایی تەواو کرد، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێررا، ئەمەش کاردانەوەی توند و قەیرانی نوێی سیاسیی لێکەوتەوە.

کاردانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرانبەر بە کاراکردنەوەی پەرلەمان زۆر توند بوو؛ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند ئەوان دان بەو هەنگاوەدا نانێن و لە حکومەتی کاربەڕێکەر دەکشێنەوە، هاوکات فراکسیۆنی یەکگرتوو و هەڵوێست و گۆڕان کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیان بایکۆت کرد. لە بەرانبەر ئەم بنبەستە سیاسییەدا، لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی پەیامێکی دەستپێشخەریی ئاراستەی لایەنەکان کرد و داوای کرد پارتی و یەکێتی پێکەوە دابنیشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی.بەڵام هەرزوو بافڵ تاڵەبانی ئەو دەستپێشخەرییەی ڕەتکردەوە و وتی "بەو قسانە ئەمجارە کڵاو ناچێتە سەرمان".

«بافڵ تاڵەبانی دەستی بە جموجۆڵ کرد»

دوای ئەم وتەیە بە کرداری بافڵ تاڵەبانی بە هاوڕێیەتی شاسوار عەبدولواحید دەستی بە جموجوڵ کردو سەردانی بەغدادی کرد، سەرجەمی هەوڵەکانیشی بۆ ئەوەبوو بودجەی سلێمانی لە حکومەتی هەرێم جیا بکاتەوە و هەرێمێکی تر لە چوارچێوەی عێراق ڕابگەیەنرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە یەکێتی و نەوەی نوێ سکاڵایان لەسەر دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان کردبوو، بەڵام دادگای فیدراڵی هەم سکاڵای نایاسایی بوونی دانیشتنەکە و هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمیشی ڕەتکردەوە.

ئێستا یەکێتی هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە، بە جیا لەگەڵ حکومەتی عێراق بگاتە رێککەوتن و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بنێردرێت، پارتیش لە بەرامبەردا هەوڵەکانی بۆ شکستهێنان بە هەوڵەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ دەستپێکردووە.

«هەوڵی کۆبوونەوەی لوتکە شکستیهێنا»

ئەم شان لەیەک گیرکردنەی پارتی و یەکێتی دوای ئەوەهات، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەسەر ئاستی باڵا هەوڵی کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی درا، بەڵام سەردانی بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید بۆ بەغداد و ناوهێنانیان لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک وەفدی سلێمانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی توڕەکرد، ئەویش ڕایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رێگرتن لە دروستبوونی هەرێمێکی تر لەناو هەرێمی کوردستاندا، هەر خودی ئەم قسانەش ریسەکەی کردەوە بە خوری و جارێکی تر نیگەرانی بافڵ تاڵەبانی لێکەوتەوە.

هەرچەندە نێوانی پارتی و یەکێتی ئێستا کەمێک لە زەمەنی شەڕی ناوخۆ باشترە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نێوەندگیرییەکان بەردەوامن، بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان کە دژی دروستبوونی هەرێمی ترن لە عێراق، هانیان دەدەن بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەشێکیشیان دۆخەکەیان پێخۆشەو سەرقاڵی یاریکردنن لەو نێوەندەدا، هەرچی پەیوەست بە ئێرانە کە رۆڵی گرنگی هەیە لە عێراق، لەمکاتەدا دەیەوێت پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتن، تورکیاش تا ئێستا لەوبارەیەوە هەڵوێستی ڕوون نییە.

بەمدواییە، قوباد تاڵەبانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد لەگەڵ فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران کۆبووەتەوە و جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیی حکومەتی فیدراڵی بۆ سەقامگیری و پێویستیی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

«لێدوانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی»

لێرە و لەوێ هەندێک بەرپرسی پارتی و یەکێتی لێدوانی توند و هەندێک جاریش لێدوانی ئەرێنی دەدەن، عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: "ئەگەر یەکێتی نەیەتە پێش، سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێرین و کابینەی نوێش دروست دەکەین."

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە میانی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی گەشتیاریی (موڤێنپێک - گۆمەسپان) لە هەولێر، ڕایگەیاند "هەندێک لایەن دژی هەوڵەکانمان دەوەستنەوە و پێشتر داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانیان دەکرد کەچی ئێستا سکاڵایان لە دژی کاراکردنەوەی تۆمار کردووە." ناوبراو دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە خەڵکی سلێمانی دژی هەڵمەتی دابەشکردن هاتوونەتە دەنگ."

بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی هەردوولاش قسەی باش دەکەن،  سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕەتیکردەوە حزبەکەی و بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دوو هەرێمیدا بن و رایگەیاند کە کارکردن بۆ دابەشکردنی هەرێم "تاوانێکی گەورەیە".

«"چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسقان"»

لەلایەن خۆشیەوە، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە نووسینێکدا هۆشداریی لە مەترسیی جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەولێر و دهۆک دا و ئاماژەی بەوە کرد کە "چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسقان". ناوبراو بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی باوکی (فەلەکەدین کاکەیی) لە ناساندنی سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری و هەڵوێستەکانی لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، داوای لە هەموو لایەک کرد ئاوێک بەم ئاگرەدا بکەن و قەوارەی دەستووریی هەرێم بپارێزن.

لە ڕووی یاساییەوە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن، بە کۆی دەنگ سکاڵای ژمارە (٢١١/فیدراڵی/٢٠٢٦)ی تایبەت بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە. دادگا ڕوونیکردەوە کە بەپێی ماددەی (٩٣/یەکەم)ی دەستوور، چاودێریی دادگاکە تەنیا یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان دەگرێتەوە و تایبەتمەندیی فەرمانی (الاختصاص الوظیفی) نییە بۆ بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوونی خولی پەرلەمان.

«ناکۆکی هەرێم و بەغداد و پارتی و یەکێتی لەلایەک»

سەبارەت بە کێشە داراییەکانیش، ڕەبیع موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە کەناڵی (العهد)ی ڕاگەیاند کە ناکۆکییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم لەسەر پشکی هەرێم و بڕی ڕادەستکردنی نەوت بوونەتە هۆی دواخستنی بودجە، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان پشکی کوردستان ١٢٪ـە و زیادکردنی پێویستی بە بەرزکردنەوەی پشکی سەرجەم پارێزگاکانە. ئەوەش لە کاتێکدایە ئێستا ناکۆکی پارتی و یەکێتی گەیشتووەتە ئاستێک کە دەیانەوێت ئەم پشکەش بکرێتە دووبەش.

«دۆسیەی بە قاچاغبردنی نەوت»

هاوتەریب لەگەڵ قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەکان، دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ بووەتە یەکێک لە دیارترین دۆسیە ئەمنییەکان، کە بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان لە ڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆزەوە سەرچاوە و ناسنامەی نەوتەکە دەگۆڕدرێت و ئەمەش کێشەیەکە لە داهاتوودا بەرۆکی هەرێم دەگرێت.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیدا لە (جورف سەخر) بەڵێنی دا بە پشتگیریی تەواوی دەسەڵاتی دادوەری، کۆتایی بە دزینی نەوت بهێنێت "لە زاخۆوە تا بەسرە". 

پێشتریش حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق  بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ناوچەی (جورف نەسر) دەستکاریکردنی بۆرییەکانی نەوت و بوونی دوو پاڵاوگە و تانکەری نەوتی خاو ئاشکرا کراون. عەبودی   سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد فەرمانی سەرۆک وەزیران لە زاخۆوە تا بەسرە درێژ دەبێتەوە، هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم هەیە، بەڵام ڕاشیگەیاند: "دەکرێت هێزەکانی سوپا بچنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و هەر کەسێک لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەرکی هێزە ئەمنییەکان بوەستێتەوە، ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە."

 

 

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە ڕاپۆرتە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە