دۆخی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و یەکلاکەرەوە. دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر پەککەوتنی دامەزراوەی یەکەمی یاساداناندا، لە ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێررا، ئەمەش کاردانەوەی توند و قەیرانی نوێی سیاسیی لێکەوتەوە کە ئێستا ڕەنگدانەوەی لە بەغدا و دادگای فیدراڵیشدا هەیە.
«دادگای فیدراڵی: «فەرمانی وەلائی» ڕەتکرایەوە، بەڵام داواکە وەک خۆی ماوە»
سەبارەت بەو سکاڵایەی کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێوە لە دژی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی تۆمار کرابوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی داواکارییەکی کاتیی سکاڵاکاران دەرکرد.
لەوبارەیەوە، سروە عەبدولواحید، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «عێراق ٢٤» ڕایگەیاند کە دادگای فیدراڵی داواکەیان بۆ ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕەتنەکردووەتەوە، بەڵکو تەنها دەرکردنی «فەرمانی وەلائی»ی ڕەتکردووەتەوە و خودی سکاڵا بنەڕەتییەکە وەک خۆی ماوە و لە وادەی خۆیدا دادبینیی بۆ دەکرێت.
«سروە عەبدولواحید: پارتی نیسابی نییە و پەرلەمانتاران دەستبەسەرکرابوون»
لە درێژەی قسەکانیدا، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان نیسابی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانی نییە، بەوپێیەی یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی کە نیسابی دانیشتنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی تەواو کردبوو، دەستی لەکارکێشاوەتەوە و بەمەش «٥٠ زائد ١»ی نەماوە.
ناوبراو دەشڵێت: "ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە کاراکردنەوەی دانیشتنی پەرلەمان کرد، لە ئۆتێل دیڤان لە هەولێر دەستبەسەر کرابوون و ڕێگەی هاتنە دەرەوەیان پێ نەدەدرا، بە حساب پارێزگاری لە سەلامەتییان دەکرا." هەروەها ئاشکرای کرد کە یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی دەستبەسەر کرابوون دەستی لەکارکێشاوەتەوە، تەنانەت هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەکانیشیان لەو پەرلەمانتارانە کردبوو.
«کاردانەوەی توندی یەکێتی و هەڵوێستی مەسعود بارزانی»
کاردانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرانبەر بە کاراکردنەوەی پەرلەمان زۆر توند بوو؛ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە ئەوان دانی بەو هەنگاوەدا نانێن و بە فەرمی لەو حکومەتە کاربەڕێکەرە ئەکشێنەوە، هەروەها فراکسیۆنی یەکگرتووش کۆبوونەوەکانی بایکۆت کرد.
لە بەرانبەر ئەم بنبەست و گرژییە سیاسییەدا، لە ڕێکەوتی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا، مەسعود بارزانی پەیامێکی دەستپێشخەریی ئاراستەی لایەنەکان کرد و داوای کرد کە پارتی و یەکێتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنن، هاوکات خواستی خۆی دەربڕی کە لایەنەکانی تریش بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانیدا بکەن.