12   کاتژمێر پێش ئێستا 52 جار خوێنراوەتەوە

ھەراری: بە دڵنیاییەوە مرۆڤ وەک ئێستا نامێنێتەوە بەتەواوەتی دەگۆڕێت

ناوه‌ندی هه‌واڵ

یوفال نوح ھەراری مێژوونوس و بیرمەندی ئیسرائیلی لە چاوپێکەوتنێکدا کە بەمدوایانە تەلەفزیۆنی ئێن بی سی ئەمریکی لەگەڵیدا سازیدابوو، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا تا ھەزار ساڵی تر مرۆڤایەتی دەمێنێت؟
ھەراری گوتی: بە بڕوای من ئەگەر مرۆڤ تا ھەزار ساڵی تر بمێنێتەوە بەدڵنیاییەوە لەم فۆرمەدا نامێنێتەوە.

ھەراری پێی وایە ئەگەر تا ھەزار ساڵی تر، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەناونەچێت، ئەوا بەشێوەیەکی ڕیشەیی خۆمان وا دەگۆڕین کە چیتر "مرۆڤی ھۆمۆساپیان" نابین، بەڵکو شتێکی تر دەبین.

بەھۆی گۆڕانکاری کەشووھەوا و پێشکەوتنەکانی زیرەکی دەستکرد و بایۆتەکنۆلۆجی، مرۆڤ لە ئایندەدا ئەوەندە دەگۆڕێت، چۆن ئێستە جیاوازییمان ھەیە لەگەڵ نیاندەرتاڵ و شامپانزییدا، ئەوکات مرۆڤی ئایندە ئاوا جیاواز دەبێت لە مرۆڤی ئێستا.

یوفال نوح ھەراری مێژوونووس و بیرمەندێکی ئیسرائیلییە، لە 24ی فیبرایەری 1976 لە کیریا ئاتای نزیک لە حەیفای ئیسرائیل لەدایکبووە، بە یەکێک لە ناسراوترین بیرمەندەکانی ئێستا دەژمێردرێت، کۆمەڵێک کتێبی لەبوارەکانی پەرسەندنی مرۆڤ، و ئایندەی مرۆڤ و زیرەکی دەستکرد ھەیە، کە تێیدا بابەتەکانی فەلسەفە و مێژوو و زانست تاوتوێ دەکات.

ھەراری دکتۆرای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد وەرگرتووە، و ئێستا مامۆستایە لە بەشی مێژووی زانکۆی عیبری لە قودس.

لە ساڵی 2014دا کتێبەکەی بەناوی (ھۆشمەند، کورتە مێژووییەک لەبارەی ھۆمۆ ساپیان)، بوو بە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی جیھان.

مرۆڤ لە 2050دا
پێشتریش ھەراری پێشبینییەکانی خۆی لەبارەی ئایندەی مرۆڤایەتی لە ساڵی 2050 خسبووە ڕوو، ئەو پێی وابوو کە تا ئەو کاتە زۆر لە بەھرە و زانیارییەکانی ئێستا چیتر بەدەردی مرۆڤ ناخوات، لەو دەمەدا دەبێت مرۆڤ خاوەنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، داھێنەرانە، و بەردەوان گۆڕاو بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ سەردەمە ھەردەم گۆڕاوەکەیدا بگونجێت.

منداڵانی ئێستا دەبێت چی فێربکرێن؟
یوفال نوح ھەراری پێی وایە ئەو منداڵەی ئێستا لەدایک لە ساڵی 2050دا لە نزیکی سییەکانی تەمەنیدایە، ئەگەر ھیچ شتێکی خراپ ڕوونەدات تا 2100 دەژی، ئه‌و ده‌پرسێت: ئەو منداڵە دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی لەو جیھانە بە بەردەوام گۆڕاوەدا بژی و ھەڵبکات و گەشە بکات؟ ئەو بەھرانەی ئەو دەمە پێویستن چین؟

ھەراری پێی وایە بەھۆی گۆڕانکارییە خێراکانی بواری تەکنۆلۆجیا و زیرەکی دەستکرد، بەتەواوەتی ئەوە نازانین، مرۆڤ ھەرگیز بەتەواوەتی نەیتوانیوە پێشبینی بۆ ئایندە بکات، بەتایبەت لەسەردەمێکی ئاڵۆزی وادا کە تەکنۆلۆجیا لەتوانایدایە دەستکاری زۆرینەی شتەکان بکات، کە ئیدی لە ھیچ شتێک بە تەواوەتی دڵنیا نین.

پێش ھەزار ساڵ، مرۆڤ نەیدەزانی ئایندە چی دەگۆڕێت، مرۆڤێکی ساڵی 1080 لە چین، دەیزانی بۆ نموونە بنەماڵەی ئیمپراتۆری سۆنگ لە ساڵی 1050دا چیتر ئیمپراتۆر نابن، بەڵام لەوە دڵنیابوون لە ئایندەی نزیکدا، زۆرینەی مرۆڤەکان ھەر خەریکی جوتیاری دەبن.

 بەشێوەیەکی سەرەکیش دەسەڵاتداران پشت بە خەڵکی دەبەستن بۆ بەڕێوەبردنی سوپا و دامەزراوەکانیان، و پیاوانیش ھەر دەسەڵاتداری ژنان دەبن، ناوەندی تەمەنیش ھەر چڵ ساڵییە، جەستەی مرۆڤیش ھەروەک خۆیەتی و ناگۆڕێت، بۆیە باوکە چەوساوە و ھەژارەکان، نەوەکانیان، بەتایبەت کوڕەکانیان، فێری چاندنی برنج، و ڕستن دەکرد، دەوڵەمەندەکانیش نەوەکانیان فێری خوێندنەوەی کۆنفۆشیۆس و نوسینی چینی و شەڕکردن لەسەر پشتی ئەسپ دەکرد- کچەکانیشیان فێر دەکرد گوێڕایەڵی پیاوەکانیان بن، ئەوان لەوە دڵنیابوون ساڵی 1050ھەموو ئەو بەھرانەی فێری منداڵەکانیان دەکرد بۆ ئەو دەمەش بەسوود دەبێت.

بەڵام ئەمڕۆ، ھیچ بیرۆکەیەکی دڵنیامان لەسەر ساڵی 2050 نییە، نازانین خەڵکی لەودەمەدا چی دەکەن، یاخود سوپاکان پشت بەچی دەبەستن و چۆن بەڕێوە دەبرێن،ھەروەھا پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکان چۆن دەبێت، دەشێت مرۆڤی ئایندە ھەندێکیان زیاتر لە مرۆڤی ئەمڕۆ بژین، دەشێت جەستەی مرۆڤ شۆڕشێکی بێپێشینە بەخۆیەوە ببینێت، ئەویش بەھۆی بایۆتەکنۆلۆجی و لێکۆڵینەوەکانی بواری دەماغ، زۆرینەی ئەوەی منداڵانی ئێستە فێری دەبن، لە 2050 سوودێکی ئەوتۆی نابێت بۆیان.

ئایا ئەو ھەموو زانیاریەی دەیدەین بە منداڵەکان بەسن؟
لە ئێستادا زۆرینەی قوتابخانەکان، منداڵەکان بە زانیارییەکان بار دەکەن. جاران زانیاری کەمبوو، بۆ نموونە منداڵێک لە گوندێکی مەکسیک ساڵی 1800، زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر جیھان نەبوو، نە ڕادیۆ، نە ڕۆژنامە، نە تەلەفزیۆن، ھیچ شتێک نەبوو، جگە لە چیرۆک و کتێبە ئایینییەکان. لە ھەموو شوێنێکی جیھانیش  وابوو.

بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا، ئێمە نغرۆین لە لافاوی زانیاریدا، کەس ناتوانێت زانیارییەکانمان لێ بشارێتەوە، جاران دەسەڵاتداران دەیانویست ھەندێک لە زانیارییەکان بشارنەوە، ئەمڕۆ کەس ناتوانێت و نایەوێت زانیاری بشارێتەوە. بەڵکو ئەوەی ھەیە دەیانەوێت زانیارییەکان بە لاڕێدا ببەن، لە ڕێگەی چەواشەکردن و پێدانی زانیاری ھیچ و کەم بەھا.

ئێستە ئەگەر لە گوندێکی دوورە دەستی مەکسیک بژیت، دەکرێت ھەموو ژیانت لە خوێندنەوەی یۆکیپیدیا، و تەماشاکردنی موحازەراتەکانی تێد TED، و بەشداربوون لە خولە بێبەرامبەرەکانی سەر ئینتەرنێت بەسەر ببەیت، و ھیچ حکومەتێکیش نا‌توانێت ڕێتلێبگرێت. 
بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ھەزاران بابەتی دیکەی بێسودیش لەبەردەستددان، و بە ئاسانی بە کرتەیەک دەتوانیت تەماشای ڤیدیۆ پێکەنینھێنەراکانی پشیلەكان یاخود ھەواڵی خەڵکە بەناوبانگەکان یاخود بابەتەکانی پۆرنۆ بیت.

له‌ جیھانێکی وادا مرۆڤ دواھەمین شتێک پێویستی پێی بێت، ئەوەیە مامۆستا زانیاری پێی بدات، ھەموو کەس ئەمڕۆ زانیاری ھەیە، بەڵام ئەوەی پێویستیانە توانادارییە لەسەر تێگەشتن لە زانیارییەکان، و جیاکردنەوەی ئەوەی گرنگە لە ناگرنگ و پڕوپووچەکان. 

ھەروەک ئەوەی گرنگە چۆن بەشە جیاوازەکانی زانیارییەکانمان کۆبکەینەوە، وای لێبکەین وێنەیەکی گشتگیرمان لەبارەی جیھانەوە ھەبێت.


ترسناکی تەکنۆلۆجیا کاتێک نازانین چیمان دەوێت؟
تەکنۆلۆجیا ترسناک نییە، ئەگەر بزانین لە ژیانماندا چیمان دەوێت، ئەمڕۆ لە ھەموو شوێنێک ئەو زۆمبیانە دەبینین ڕۆوخساریان لکاوە بە مۆبایلەکانیانەوە، ئەوانە تەکنۆلۆجیا بەکارناھێنن، بەڵکو تەکنۆلۆجیا ئەوان بەکاردەھێنێت، بە ڕای یوفال نوح ھەراری، لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیادا کە توانای ئەوەی پەیدا کردووە بەکارھێنەرەکەی بخوێنێتەوە، چیتر تۆ دەسەڵاتی تەواو‌ت بەسەریدا نییە ئەگەر بێ ھۆشیاری بەکاربھێنێت، بەڵکو بەئاسانی ئەو بەکارت دەھێنێت. چونکە کاتێک تەکنۆ‌لۆجیا تۆی خوێندەوە، و بەپێی ئەوە لەگەڵتدا مامەڵەی کرد کە زانی تۆ چیت دەوێ و تۆش دوای کەوتیت، ئیدی دەکەویتە تەڵەی ئایدۆلۆجیاکانی پشت ئەو تەکنۆلۆجیایانەوە،  چیتر ئەو دەنگەی لەناو مێشکی خۆماندا سەدا دەداتەوە، ھی خۆمان نییە، ھی کۆمپانیاکان و ڕێکلامەکانیان و ھتد.

بەڕای یوفال نوح ھەراری، بە پێچەوانەی ئەوەی باوە لەبارەی ئایندەوە، کە گوایە نەوەکانی ئایندە دەبێت پێش ھەموو شتێ تەکنۆلۆجیا فێربن، ئەو پێی وایە گەورەترین ئاڵەنگاری ئایندە شتی دیکەی وەک گۆڕانی کەشوھەوایە، بۆیە پێش ئەوەی پێویست بێت بزانن دوانۆکسیدی کاربۆن چییە، و بەرگە ھەوا چییە، دەبێت ئەوە بزانن چۆن ئەوانە پەیوەست دەکەینەوە بە سیاسەت و ئابووری و دەروونناسی و تەکنۆلۆجیاوە، چۆن فێری بەرپرسیارێتی گەردوونی دەکرێن. 

ھەربۆیە فێرکردنی بابەتگەلی وەک مێژوو و فەلسەفە و ئایین و ئەدەب ھەر بەگرنگ دەمێنێتەوە، ھەموو ئەوانە وای لێ دەکەن بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەییانەیان ھەبێت، و تێگەشتنی ئەخلاقییان لەبارەی جیھانەوە وەپێش بخەن، ھەروەھا ئەوە تێبگەن چۆن مرۆڤایەتی گەشتووە بەم دووڕیانە، مرۆڤ ناتوانێت تەنیا لە ڕێگەی جیۆلۆجیا و فیزیاوە کێشەی گۆڕانی کەشوھەوا چارە بکات، بەڵکو پێویستی بە تێگەشتنێکی قوڵتری کولتووری ھەیە، کە پەیوەندی ئێمە بە جیھانەوە دابڕێژێتەوە.

چۆن بازبدەین بەسەر سنوورە نەتەوەیی و کولتوورییەکانمان:
ھەراری ڕای وایە ئەمڕۆ ئینتەرنێت، ئەوەی لەبەردەم ھەموواندا ڕەخساندووە کە لە فۆرمێکی تردا یەکبگرنەوە، ئەو پێی وایە کە سەرەڕای دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکان بەھۆی بەھاکانی نەتەوایەتی و ھترەوە، بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەھەرکاتێک زیاتر ئاشنای ئەوە بووە کە کێشە بنەڕەتییەکانی، گەردوونین. تەکنۆلۆجیا و ئینتەرنێتیش ئەو دەرفەتەیان خستۆتە بەردەست کە بتوانێت سنوورە بەرتەسکەکان تێپەڕێنێت و کۆی مرۆڤایەتی خۆی لەیەک چوارچێوەی گشتیدا ببینێتەوە.

ھەراری پێی وایە لە ئایندەدا مرۆڤ ئەگەر بیەوێت بمێنێتەوە دەبێت توانای ئەوە لەخۆیدا پەرەپێبدات کە ھاریکاری سەرووسنوور و ڕۆشنبیرییەکانی پێشبخات، لەگەڵ ڕێزگرتن لە جیاوازییە کولتوورییەکان.

سەردەمی ڕاستی و چەواشە:
لە چاخی زانیاریدا، چیتر نەزانین گرفت نییە، بەڵکو چەواشە گرفتە گەورەکەیە، ئێمە ئەمڕۆ ڕۆژانە و ھەموو ساتێک نغرۆ دەکرێین لەناو زانیاریدا، بۆیە بە ئاسانی ناتوانین ڕاستی و خەیاڵ، درۆ و ڕاستی لێک جیابکەینەوە، ئینتەرنێت دەرگای کردۆتەوە ھەمووان ڕاکانیان دەربڕن، ئەمەش لە ڕووکەشدا شتێکی دیموکراتییە، بەڵام لە ھەمان کاتدا زەمینەیەکی بە پیتە بۆ درۆ و تیۆری پلانگێڕی.

ھەراری پێی وایە ھەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان "ڕاستی" شتێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ سوپاگەلێکی زانیاریبەخش ھەیە، کە کۆمپانیاکان و گروپە ئایدلۆژییەکان لە پشتییەوەن و بە ئەنقەست کار بۆ شێواندنی ڕاستییەکان دەکەن، بەڵکو کار لەسەر ئەوە دەکەن، کە لە بنەڕەتەوە ھیچ ڕاستییەک بوونی نییە.

چاخی پاش ڕاستی
ئەمڕۆ ئێمە لە چاخێکی تردا دەژین، کە ڕاستی ئەو گرنگییەی نەماوە، بەڵکو گرنگ سۆزەکانمان و سەرنجەکانمانە، ڕادەی ڕاستیی زانیارییەکان گرنگ نین، بەڵکو ئەوە گرنگن چەند کاریگەری لەسەر ھەست و سۆزی خەڵکی دادەنێن.

ھەراری دەڵێت: جاران ڕۆژنامەکان، و زانکۆکان، و ئەنسکلۆپیدیاکان، مۆنۆپۆلی بەرھەمھێنانی زانیارییان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ کۆمپانیا گەورەکانی وەک گوگڵ و فەیسبووک مۆنۆپۆلی ھەموو شتێکیان کردووە، کە ھیچ گرنگی نادەن بە ڕاستی، بەڵکو ئەوەی گرنگە بەلایانەوە سەرنج ڕاکێشی و دەستکەوتنی قازانجە.

کێشەکە ئەوەیە کە باشترین دەستکەوتەکانی زانست، وەک زیرەکی دەستکرد و شیکردنەوەی زانیارییەکان- ئەمڕۆ بۆ چەواشەکردنی خەڵکی کار دەکەن، نەک بۆ ھۆشیارکردنەوەیان، مەبەستی ڕاستەقینەی ئەوان ڕۆشنگەرکردنی بەکارھێنەران نییە، بەڵکو چۆن وایان لێبکەن زیاتر لەسەر خەت بمێننەوە، ئیتر بە پێدانی بەردەوامی زانیاری ناڕاست بێت یان نا.

ئەو چارەسەرییەی ھەراری پێشکەشی دەکات گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو دامەزراندنی ھاوڵاتییەکی مەعریفییە، فێرکردنی مرۆڤە لەسەر ئەوەی چۆن بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی ھەبێت، چۆن لە ڕاستی و دروستی زانیارییەکان بکۆڵێتەوە، و بەدوای سەرچاوەکاندا بڕوات. ئەو پێی وایە ھۆشیاری خودیی، یەکەم ئالەنگاریی ئایندەیە.

  

  • ھەراری: بە دڵنیاییەوە مرۆڤ وەک ئێستا نامێنێتەوە بەتەواوەتی دەگۆڕێت

  • حاجییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌رد، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی ڕه‌جم بكه‌ن

  • ترمپ گەشتکردن بۆ ئەمریکا لە ھاوڵاتیانی چەند وڵاتێک قەدەغە دەکات

  • ئیسرائیل زیاتر له‌ 20 پێگه‌ی سه‌ربازی سوریای كرده‌ ئامانج

  • یسرائیل كاتس: شەرع بەرپرسی ڕاسته‌وخۆیه‌ لە ھەر ھێرشێک بکرێتە سەرمان

  • دەوڵەت باخچەلی: جەژنی راستەقینە لە تورکیا سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتییە

  • لەماوەی جەنگدا روسیا 19%ی خاکی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکردووە

  • پنتاگۆن 500 سەرباز لە سووریا دەکشێنێتەوە و دوو بنکەى سەربازیش دادەخات

  • پرسى كۆچبەران حكومەتى هۆڵەندا هەڵدەوەشێنێتەوە

سەرەکی