×

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا
15   کاتژمێر پێش ئێستا 377 جار خوێنراوەتەوە

هاكان فیدان ناڕاسته‌وخۆ دانى پێداده‌نێت؛ توركیا ده‌یه‌وێت به‌ پلانێك كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاتى كورد بهێنێت

ناوەندی هەواڵ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، هۆكاری نه‌گه‌یشتنی وڵاته‌كه‌ی به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سوریا ئاشكراكرد، په‌یامێكیش ده‌داته‌ سلێمانى.

هاكان فیدان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ڕایگه‌یاند: سوریا قایل نییه‌ توركیا ده‌ست له‌ كاروباری وڵاته‌كه‌ی وه‌ربدات، به‌و پێیه‌ی مه‌رجی سوریا بۆ ڕێككه‌وتن كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیایه‌، له‌باره‌ی سلێمانـیشه‌وه‌ وتی "هه‌ركات سلێمانی كۆتاییهێنا به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ئاسایی ده‌بنه‌وه‌".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا وتیشى:"داواكارییه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا ڕێگرن له‌ به‌رده‌م ڕێككه‌وتنی توركیا و سوریا، ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌ كه‌ ئه‌سه‌د ده‌ڵێت وه‌رن پێكه‌وه‌ شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێوه‌ له‌ سنووره‌كانم دووربكه‌ونه‌وه‌ و ده‌ست له‌ بابه‌ته‌كانی دیكه‌ وه‌رمه‌ده‌ن".

 ماوه‌یه‌كى زۆره‌ سه‌رۆكی توركیا داوای ئاسایى كردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ سوریا ده‌كات و ئاماده‌یی خۆی بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ نیشانداوه‌، به‌ڵام به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكى سوریا وه‌ڵامێكى ڕوون ناداته‌وه‌.

هاكان فیدان ده‌ڵێت " وا دیاره‌ سوریا ئاماده‌ و كراوه‌ نییه‌ به‌ ڕووی هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ندێك بابه‌تدا، ته‌نانه‌ت ئه‌وان كراوه‌ نین به‌ ڕووی دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا، هۆكاره‌كه‌شی په‌یوه‌سته‌ به‌و پێشنیازانه‌ی كه‌ ڕوسیا و ئێران ده‌یانده‌ن به‌ سوریا".

له‌ مانگی ته‌موزی ئه‌مساڵدا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ده‌خوازێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا و خودی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌دا ئاسایی بكاته‌وه‌. ته‌نانه‌ت جارێك ڕایگه‌یاند، تیمی ڕاسپاردووه‌ ئاماده‌سازیی بكه‌ن بۆ دیداری نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك و دانیشتنی له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌ددا.

 هه‌ریه‌ك له‌ سوریا و توركیا، كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌یان هه‌یه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كدی، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌ردوو وڵات له‌ میدیادا باسی ده‌كه‌ن چه‌ند خاڵێكی دیاریكراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ دانی پێدانانێن و ئاشكرایان نه‌كردووه‌، بوونی كۆمه‌ڵێك مه‌رجن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ دۆسیه‌ی گه‌وره‌ و ئاڵۆزه‌وه‌ و پێده‌چێت له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ ئاماده‌كارییان بۆ بكرێت.

دوو له‌ مه‌رجه‌كانی توركیا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوریادا، لاوازكردنی پێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسه‌ری ڕۆژئاوای كوردستان و دۆسیه‌ی ئاواره‌ سورییه‌كانی توركیایه‌ كه‌ ژماره‌یان سێ ملیۆن كه‌سه‌ و توركیا ده‌یه‌وێت سنوورداشیان بكاته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی سوریا ته‌نها یه‌ك دۆسیه‌ی وه‌ك مه‌رجێكی سه‌ره‌كی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا ئاشكراكردووه‌، ئه‌ویش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیایه‌ له‌ باكوری سوریا.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا به‌ ناڕاسته‌وخۆ زیاتر له‌باره‌ی هه‌وڵی ئه‌ردۆغان بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌سه‌د و داواكارییه‌كانی توركیا له‌ سوریا سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژئاوای كوردستان، هه‌روه‌ها لاوازكردنی پێگه‌ی كورد له‌ سوریا دوا و وتی: "ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌ ئه‌سه‌د ده‌ڵێت وه‌رن پێكه‌وه‌ شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێوه‌ له‌ سنووره‌كانم دووربكه‌ونه‌وه‌ و ده‌ست له‌ بابه‌ته‌كانی دیكه‌ وه‌رمه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ڕاستیدا یه‌كناگرێته‌وه‌، چونكه‌ سوریا و عێراق و توركیا سنووری وشكانیی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌رسێ وڵات دابنیشن و له‌باره‌ی هه‌ندێك دۆزی گه‌وره‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكخراوتر قسه‌ بكه‌ن".

وتیشى: "ئاسایشی سنوور و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌رگرتن له‌ به‌قاچاخبردنی چه‌ك بابه‌تی گرنگن، به‌ تایبه‌ت له‌ نێوان عێراق و سوریادا".

هاكان فیدان باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیای له‌گه‌ڵ سلێمانیدا كرد و وتی: "هه‌نگاوی جێی ڕه‌زامه‌ندیی ئێمه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا نه‌ناوه‌، ئێمه‌ش هه‌نگاونانێین بۆ ڕازیكردنیان و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ڕێوشوێنه‌كانمان له‌ دژیان".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ڕاشیگه‌یاند: "هه‌ركات سلێمانی كۆتاییهێنا به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ئاسایی ده‌بنه‌وه‌، توركیا وڵاتێكی مه‌زنه‌ و وا باشتره‌ بۆیان په‌یوه‌ندیی باشیان له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌بێت".


  • وه‌فدێكى هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ به‌غداد؛ بۆچى تائێستا به‌غداد مووچه‌ى هه‌رێمى نه‌ناردووه‌؟

  • هاكان فیدان ناڕاسته‌وخۆ دانى پێداده‌نێت؛ توركیا ده‌یه‌وێت به‌ پلانێك كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاتى كورد بهێنێت

  • دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: دانانی قەییووم نامانترسێنێت

  • دادگای لاهای بڕیاری دەستگیركردنی بۆ نەتانیاهۆو گاڵانت دەركرد

  • ​عەبدوڵا ئۆجه‌لان شه‌ش مانگى دیكه‌ ناتوانێت پارێزه‌ره‌كانى ببینێت

  • ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌ كۆریاى باكور ناردوویه‌تیه‌ ئۆكرانیا بۆ فه‌رمانده‌یى سه‌ربازه‌كانى؟

  • مێژووی سەرژمێری گشتیی لە عێراق بە داتا

  • سبەینێ قۆناغی سێیەم و تەواوکاریی سەرژمێری بەرێوەدەچێت

  • توركیا له‌ ڕێگه‌ى دیواره‌وه‌ باكور له‌گه‌ڵ پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان لێك داده‌بڕێت

سەرەکی