موحسین فەخریزادە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
مۆساد چۆن دزەیكردووەتە ناو دەزگاكانی ئێرانەوە؛ بەرپرسێكی هەواڵگری ئێران دانی پێدادەنێت
ناوەندی هەواڵ
هەر ڕووداوێكی كوشتنی گوماناوی لە ئێران ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل ڕادەكێشرێت، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل پێشتر چەندین كاری سەرسوڕهێنەری لەناو ئەو وڵاتە ئەنجامداوە، لەكاتێكدا ئێران دەزگایەكی هەواڵگری بەهێز و بەناوبانگی هەیە.
پرسی ئەتۆمیی و زانا ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە بەردەوام لەلایەن ئیسرائیلەوە جێی بایەخ بووە، تائێستا چەندین زانای ئەتۆمیی ئێران كوژراون و ڕاستەوخۆ ئێران پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل ڕاكێشاوە هەرچەندە بۆ ئەوە نەیتوانیوە بەڵگەی پێویست كۆبكاتەوە.
وەزیرێكی ئێرانی دان بە ڕاستییەكدا دەنێت
پێگەی "ئێران ئینتەرناشناڵ" بڵاویكردەوە: مەحمود عەلەوی، وەزیری هەواڵگریی ئێران "ئیتڵاعات" كە لە ساڵی 2013 بۆ 2021 وەزیر بووە، دانی بەوەداناوە كە دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی ئێران شكستیان هێناوە لە دەستگیركردنی جێبەجێكاری پرۆسەی تیرۆركردنی موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمیی ئێران.
ئەو لێدوانە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئێرانە كە دوای كوژرانی فەخریزادە بە ماوەیەكی زۆر دەستگیركردنی چوار كەسیان ڕاگەیاند كە دواتر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، كە سێ كەسیان كورد بوون.
عەلەوی جەختی لە بێتوانایی هەواڵگریی ئێران لەبەرامبەر دزەكردنی هەواڵگری ئیسرائیل كردووەتەوە. بەوتەی "ئێران ئینتەرناشناڵ" "دانپێدانانەكەی مەحمود عەلەوی ئاستی قوڵیی و دەستكراوەیی هەژموونی هەواڵگریی ئیسرائیل لەناوخۆی دامودەزگا ئەمنیی و سەربازییەكانی ئێران دەردەخات".
ئەو دانپێدانانەی وەزیری هەواڵگریی پێشووی ئێران، لەپەراوێزی ڕێوڕەسمی بڵاوكرانەوەی پەرتوكی "ژیانی شەهیدەكانی ئەتۆمیی" بووە كە لەلایەن ئەمیر حسێن نەباتی توێژەری ئێرانییەوە نوسراوە و ناوەندی بە دیكیۆمێنتكردنی شۆڕشی ئێران لە تاران لە چاپی داوە.
"نیو كاتژمێر لەدوابووین"
لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە ناوەندی "بە دیكیۆمێنتكردنی شۆڕشی ئێران" بڵاویكردووەتەوە، مەحمود عەلەوی وردەكاری زیاتر لە بارەی كوشتنی فەخریزادە دەدركێنێت، وەزیری پێشووی هەواڵگریی ئێران دەڵێت "تائیستا نەمانتوانیوە چۆنیەتی و ناسنامەی بكوژانی چوار زانای ئەتۆمیی ئێران ئاشكرا بكەین (عەلی محەمەدی، شەهریاری، رەزایی و ئەحمەد ڕەوشەن) تەنانەت نەمانتوانیوە ئەو كەسانە دیاری بكەین كە تاوانەكەیان ئەنجامداوە و بگرە ئەوەش نەزانراوە كە چۆن ئەو پرۆسەیەیان ئەنجامداوە".
سەبارەت بە كوژرانی فەخریزادە، وەزیری پێشووی هەواڵگریی ئێران دەڵێت "دۆخەكە بۆ ئەو جیاوازبوو، زانیاریمان لەبەردەستدا بوو لەبارەی ناسنامەی جێیبەجێكارەكە و سەرچاوەكانی پەیوەست بە تیرۆركردنەكە و قۆناغی ئامادەكاری و هەوڵی ڕاكردنیان بۆ دەرەوەی ئێران".
"بەڵام لەبەرامبەردا دوژمنەكەمان (هەواڵگری ئیسرائیل) وریا و ئامادەبوو، شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكەی پێش نیو كاتژمێر لەوەی ئێمە بگەین جێهێشت، ئەو بە پیكابێك هاتبووە شوێنی تیرۆركردنەكە، بەڵام بەهۆی ماتۆڕسكیلێكەوە شوێنەكەی جێهێشتبوو، لە ڕێگاش ئۆتۆمبێلێكی دیكە چاوەڕێی كردبوو گەیاندبوویە هۆتێلێك". مەحمود عەلەوی وا دەڵێت.
بەوتەی ئەو وەزیرەی پێشووی ئێران، "تۆمەتباری كوشتنی موحسین فەخری زادە، لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە ئێرانی جێهێشتووە (سنوری هەرێمی كوردستان) ئەوەش لەكامێراكانی چاودێریدا كە دواتر سەیری كراوەتەوە دەركەوتووە".
چۆن ئیسرائیل ئەرشیفی ئەتۆمیی ئیسرائیلی دزی
مەحمود عەلەوی باس لە دزینی ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 2018 دەكات لە كۆگای "شورئاباد" ی باشوری ئێران و بە پرۆسەیەكی هەواڵگری ئاڵۆز لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوی دەبات، كە تیایدا 55 هەزار دۆكیۆمێنتی ئێران براوە بۆ ئیسرائیل.
عەلەوی دەشڵێت "ئیسرائیل دوو ساڵ پلانی بۆ ئەوە داناوە، بۆ ئەوەش نمونەیەكی كۆگا ئەتۆمییەكەی دروستكردووە و تیمەكانی هەواڵگری مەشقیان تێدا بینیوە".
وتەكانی ئەو بەرپرسەی پێشووی ئێران لەكاتێكدایە، پێشتر كە هەواڵی دزینی بەڵگەنامەی ئەتۆمی ئێران بڵاوكرایەوە بەرپرسانی باڵای ئێران ڕەتیان كردەوە.
لەمانگی ئایاری 2018 ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ی ئەمریكی ئاشكرایكرد، بەكرێگیراوانی مۆساد، پێگەیەكی نهێنی بۆ خەزنكردنی بەڵگەنامە ئەتۆمییەكانی ئێرانیان دۆزیوەتەوە، دواتر چوونەتە كۆگاكە و توانیویانە نیو تۆن دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ببەن و هەمان شەو بیگەیەننە ئیسرائیل".
بەپێگەی هەواڵێكی پێگەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" دواتر بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل پەردەی لەسەر ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە هەڵماڵیوە، كاتێك بەڵگەنامەی لەسەر ویستی ئێران بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی خستووەتەڕوو.
نەتەنیاهۆ وێنەی كۆگاكەی بەدەستەوەبوو و وتی "مۆساد توانیویەتی نیو تۆن ماددە واتە زیاتر لە 55 هەزار لاپەڕە و دۆسیە دەستبەسەردا بگرێت".
دواتر یوسی كۆهین، سەرۆكی ئەوكاتی مۆساد وردەكاری لەبارەی پرۆسەكە دركاند و وتی "20 كەس بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كردووە كە هیچیان ئیسرائیلی نەبوون".
یەكێك لە بەڵگەكانی دیكەی هەژموونی هەواڵگریی ئیسرائیل لەناو ئێران، كوشتنی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس بوو لە ئابی 2024 لە پارێزراوترین شوێنی تارانی پایتەختی ئێران. كوشتنەكەش ڕێك دوای وتەیەكی ئیسماعیل خەتیب وەزیری هەواڵگریی ئێران بوو كە وتی "تۆڕی سیخوڕی ئیسرائیل تێكشكاوە".
|