وێنەی گوزارشت - کاریکاتێر
2024-12-01
186 جار خوێنراوەتەوە
سبەینێ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی كۆیلایەتییە؛ زیاتر لە 50 ملیۆن كەس كۆیلەی مۆدێرنن
ناوەندی هەواڵ
سبەینێ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی كۆیلایەتییە، هەرچەندە لەم سەردەمەدا كۆیلایەتییە باوەكەی مێژوو نەماوە، بەڵام كۆیلایەتی نوێ جێگەی گرتووەتەوە، بەوەش زیاتر لە 50 ملیۆن كەس لەجیهان گیرۆدەی كۆیلایەتییە نوێیەكەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان لە دووی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێكدا یادی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی كۆیلایەتی دەكاتەوە، هاوكات لەگەڵ ئەو بۆنەیەدا، ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتیی ژمارەیەك ئاماری شۆكهێنەر سەبارەت بە جۆرە جیاوازەكانی كۆیلایەتی مۆدێرن لە هەموو جیهان بڵاودەكاتەوە.
بەپێی ئامارەكە، 50 ملیۆن كەس قوربانی كۆیلایەتی مۆدێرنن، لەنێویاندا ملیۆنان ژن كە هاوسەرگیری زۆرەملێیان پیی دەكرێت.
بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی لە هەر 150 كەس لە جیهاندا یەكێكیان بە بەدەست فۆرمەكانی كۆیلایەتی هاوچەرخەوە دەناڵێنێت.
بەپێی ئامارەكان نیوەی ئەو كەسانە بەدەست كاری زۆرەملێییەوە دەناڵێنن و یەك لەسەر هەشتیان منداڵن، هەروەها ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن 86%ی حاڵەتەكانی كاری زۆرەملێ لە كەرتی تایبەتدا ڕوودەدات.
وەك لە ئامارەكەدا هاتووە، بە تایبەتی ژنان قوربانیی كاری زۆرەملێی ناوماڵن و پیاوانیش لە كەرتی بیناسازیدا بەركەوتەی كۆیلایەتی دەبن، ئامارەكان ئەوە دەخەنە ڕوو كە قۆستنەوەی سێكسی نیوەی هەموو حاڵەتەكانی كاری زۆرەملێ پێكدەهێنێت.
دەربازبوون لە چنگی كۆیلایەتی ڕووبەرووبونەوەیەكی گەورە بۆ قوربانییەكان دروست دەكات، چونكە زۆرجار بە قەرزی بێكۆتاییەوە بەستراوەتەوە، گۆشەگیر و بەركەوتەی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبن، ئەمەش وادەكات هەڵهاتن لە كاری زۆرەملێ ئاڵۆز بێت، بەتایبەتی بۆ كرێكارانی كۆچبەر.
ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە نیوەی حاڵەتەكانی كۆیلایەتی لە وڵاتانی داهاتی مامناوەندیی یان وڵاتانی داهات بەرز ڕوودەدات.
جۆرێك لە كۆیلایەتی مۆدێرن كە بە شێوەیەكی بەرفراوان و ناسراو نییە، هاوسەرگیریی زۆرەملێیە، كە زۆرجار سزای هەتاهەتایی بۆ قوربانییەكە پێكدەهێنێت.
كچانی وڵاتانی كەم داهات بە تایبەتی مەترسی ئەوەیان لەسەرە كە بكەونە تەڵەی هاوسەرگیری زۆرەملێ، چونكە دوو لەسەر سێی قوربانیانی هاوسەرگیری زۆرەملێ لە ڕەگەزی مێن كە سێ لەسەر چواریان كچن كە تەمەنیان لە خوار پانزە ساڵەوەیە.
ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنیت: میكانیزم هەیە بۆ كۆتایی هێنان بە كۆیلایەتی مۆدێرن، بەڵام ململانێ و پەتا و هەژاری ئەگەری بەكارهێنانی ئەو میكانیزمانە خاو دەكەنەوە.
هەروەها ئەو عەقڵیەتە پیاوسالاری و چەواشەكارییەی كە بە پەیوەندییە سێكسییەكانەوە دەبەسترێتەوە، ئەو مانایەیە دەدات كە كۆتاییهێنان بە قۆستنەوەی سێكسی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ كاتێكی زۆری دەوێت.
حكومەتەكان بێدەسەڵات نین لە كۆتاییهێنان بەم جۆرە كارانە، یاسا دەتوانیت كار بۆ نەهێشتنی فۆرمەكانی كۆیلایەتی مۆدێرن بكات و جێبەجێی بكات، بەتایبەتی سەبارەت بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و كاری زۆرەملێ كە لەلایەن خودی دەوڵەتەوە ڕێگەپێدراوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان، بەگوێرەی پلاننامەی خۆی ئەو ئامانجەی دیاری كردووە كە تا ساڵی 2030 هەموو جۆرەكانی كۆیلایەتی مۆدێرن نەهێڵێت، داوای لەحكومەت و كۆمەڵگاكان كردووە پابەند بەنەهێشتنی كۆیلایەتی، بەڵام بەدەست هێنانی ئەم نامانجە هەر وا ئاسان نییە لە ژێر سێبەری سیستەمی سەرمایەداری و دەسەلاتداریدا كە ئامانجیان زیاتر پتەوكردنی زیاتری پایەكانی خۆیانە لەسەر دزینی ڕەنجی مرۆڤەكانە.
|