×

2024-12-23 248 جار خوێنراوەتەوە

چاره‌نووسى حه‌شدى شه‌عبى چى ده‌بێت؟؛ عه‌سائیب شوێنى خه‌زعه‌لى ئاشكراده‌كات

ناوەندی هەواڵ

له‌كاتێكدا كه‌تائیبى "سه‌ید شوهه‌دا" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گروپه‌كانى به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌ ڕأیگه‌یاند هێرشه‌كانى دژى ئیسرائیل ده‌وه‌ستێنێت، هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌.

هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌دا "عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق" ڕایگه‌یاندووه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌میندارى گروپه‌كه‌ له‌ ئێرانه‌. دواى ئه‌وه‌ى هه‌واڵى برینداربوونى له‌ هێرشێكى ئاسمانیدا بڵاوبوه‌وه‌.

كازم فه‌رتوسى وته‌بێژى كه‌تائیبى "سه‌ید شوهه‌دا" به‌ میدیاى ناوخۆیی عێراقى ڕاگه‌یاندووه‌ "مه‌بده‌ئى یه‌ك به‌ره‌یى له‌لاى گروپه‌ عێراقییه‌كان نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ش ناكرێت ده‌ستبه‌ردارى بین به‌ڵام دۆخه‌كه‌ هه‌ڵوێستى به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌ دیارى ده‌كات".

وتیشى:"ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ هاوپه‌یمانى كاتى نێوان گروپه‌كانى به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌، به‌ڵكو پرسى بیروباوه‌ڕ و فكره‌، زیانه‌كان هه‌رچه‌ندێك بن گروپه‌ عێراقییه‌كان مه‌یدان چۆڵ ناكه‌ن".

بۆچی هێرشەکانیان ڕاگرتووە؟

له‌باره‌ى هێرشى گروپه‌كانى به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌ بۆسه‌ر ئیسرائیل كه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى ڕابردوودا 200 هێرشیان ئه‌نجامداوه‌ تا كاتى رووخانى ئه‌سه‌د، فه‌رتوسى ده‌ڵێت "هێرشى گروپه‌ چه‌كداره‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ چالاكییه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنانى، كاتێك ئاگربه‌ست له‌ لوبنان ڕاگه‌یه‌ندرا، گروپه‌ عێراقییه‌كانیش هێرشه‌كانیان ڕاگرت".

وته‌بێژى كه‌تائیبى "سه‌ید شوهه‌دا" ده‌شڵێـت "به‌شێك له‌ هاوبه‌شه‌كانمان ڕایان وایه‌ پێویسته‌ هێرشه‌كان ڕابگیرن پێویسته‌ گوێیان لێبگرین، چونكه‌ حكومه‌تى عێراق هه‌ڵوێستى خۆى ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى تێوه‌گلانى عێراقه‌ له‌ ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌".

تائێستاش ترسی بە ئامانجگرتنی سەرکردەی گروپەکان هەیە

تائێستا ترسى به‌ ئامانجگرتنى گروپه‌ عێراقییه‌كان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ هه‌یه‌، به‌هۆى ئه‌و هێرشانه‌ى له‌ماوه‌ى ڕابردوودا به‌ درۆن و موشه‌ك بۆسه‌ر ئیسرائیل ئه‌نجامیانداوه‌، ئێستاش باس له‌ مه‌رجى ئه‌مریكا بۆ عێراق ده‌كرێت كه‌ یان ده‌بێت حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ یان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ده‌كرێنه‌ئامانج، هه‌رچه‌نده‌ محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌وه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان عه‌لى سیستانى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌عه‌ باڵاكانى شیعه‌ ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ فه‌تواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ده‌ربكات، له‌كاتێكدا خۆى له‌ساڵى 2014 به‌ فه‌توایه‌ك داواى دروستكردنى كردن.

"حەشد هەڵناوەشێتەوە"

له‌وباره‌یه‌وه‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تى هادى عامرى كه‌ له‌چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌كانه‌، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و "به‌خه‌ونێكى به‌دینه‌هاتووى له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات".

عه‌لى فه‌تلاوى سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح ده‌ڵێت "خه‌ونى دوژمنانى عێراق هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبییه‌، به‌ڵام هه‌رچییه‌ك بكه‌ن ئه‌و خه‌ونه‌یان نایه‌ته‌دى، هه‌ر هه‌وڵێكیش ئه‌نجامه‌كه‌ى شكسته‌، چونكه‌ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ حه‌شد مه‌ترسى ناوخۆیی و ده‌ره‌كى ڕووبه‌ڕووى عێراق ده‌كاته‌وه‌".

فه‌تلاوى ده‌ڵێت "حه‌شد وه‌كو پۆلیس و سوپا ده‌زگایه‌كى ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌، بۆیه‌ ناكرێت ئه‌و ده‌سته‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌زگا گرنگه‌كان بۆ پاراستنى ئاسایش و ئارامى عێراق".

چارەنوسی خەزعەلی

له‌ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌واڵى به‌ ئامانجگرتنى قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌میندارى گشتیی عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق بڵاوبوه‌وه‌، گوایه‌ له‌ هێرشێكى ئاسمانی ئیسرائیل له‌سه‌ر سنورى سوریا برینداربووه‌، دواى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كى زۆره‌ قه‌یس خه‌زعه‌لى ده‌رناكه‌وێت، ئه‌مه‌ش زیاتر گومانه‌كانى خسته‌سه‌ر چاره‌نوسى ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى حه‌شدى شه‌عبى، به‌ڵام عه‌سائیب ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ غه‌دیر شه‌ریف، به‌رپرسى نوسینگه‌ى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق له‌ تارانى پایته‌ختى ئێران ڕایگه‌یاند:"ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ میدیا زه‌رد و به‌كرێگیراوه‌كان باسى ده‌كه‌ن ته‌نها پروپاگه‌نده‌یه‌ دژى به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌".

وتیشى:"خه‌زعه‌لى ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌ ئێرانه‌ و سه‌ردانى شارى مه‌شهه‌دى باكورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئێرانى كردووه‌ بۆ سه‌ردانى مه‌زارگه‌ى ئیمام عه‌لى بن موسا، دواتر چووه‌ته‌ شارى قوم له‌ ناوه‌ڕاستى ئێران بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ خوێندنى تایبه‌تى حه‌وزه‌ى قوم".

جگه‌ له‌و سه‌ركرده‌یه‌ى به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌یان دیار نین، به‌پێى هه‌واڵێكى ڕۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت به‌شێكى ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌ ترسى به‌ ئامانجگرتنیان چوونه‌ته‌ وڵاتێكى دراوسێى ڕووسیا.



  • مه‌ترسیدارن و وه‌ك كارتى فشار به‌كارده‌هێنرێن؛ ئایا هه‌سه‌ده‌ ئه‌ندامانى داعش ڕاده‌ستى عێراق ده‌كاته‌وه‌؟

  • بەڵگەنامەی نهێنی لەبارەی ڕووخانی ئەسەد و گۆرڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرادەبێت

  • ڕۆژێك دوای هەڕەشەكانی ئێران؛ عەلەوییەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كرد

  • هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرامبەر ڕۆژئاوای كوردستان چی دەبێت؟

  • به‌غداد له‌ نۆ مانگى ڕابردوودا چه‌ند پاره‌ى بۆ هه‌رێم ناردووه‌؟

  • ​ ئه‌مریكا چۆن توركیاى بێهیوا كرد؛ بۆچى هه‌سه‌ده‌ توانى پێشڕه‌وى بكات؟

  • چاره‌نووسى حه‌شدى شه‌عبى چى ده‌بێت؟؛ عه‌سائیب شوێنى خه‌زعه‌لى ئاشكراده‌كات

  • ئەو كەسەی لە بازاڕێكی كریسمس لە ئەڵمانیا پێنج كەسی كوشت كێیە؟

  • ئازادیخوازه‌كانیش له‌ زیندان ده‌هێڵێته‌وه‌؛ توركیا چه‌ند ئه‌ندامێكى داعش ئازاد ده‌كات

سەرەکی