شوێنی هێرشەکە
10 کاتژمێر پێش ئێستا
235 جار خوێنراوەتەوە
ئەو كەسەی لە بازاڕێكی كریسمس لە ئەڵمانیا پێنج كەسی كوشت كێیە؟
ناوەندی هەواڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی شەوی رابردوو بە ئۆتۆمبێلێك لە بازاڕێكی كریسمس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە پێنج كەسی كوشت و زیاتر لە 200 كەسی برینداركرد، لە شێوازی مامەڵەكردنی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی سعودیە ناڕازی بووە.
بەوتەی پۆلیسی ئەڵمانیا هێرشكارەكە لە شاری ماگدێبورگ بە ئۆتۆمبێلێكەوە بە خێرایی زۆر خۆی بە نێو ژمارەیەكی زۆری خەڵك دا كردووە.
هەر لەوبارەیەوە هۆرست ڤاڵتەر نۆپێنس، داواكاری گشتیی هەرێمی ساكسۆنیا ئانهاڵت رایگەیاند، هێرشكارەكە لە "شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی لە ئەڵمانیا ناڕازی بووە" و پێیانوایە ئەوە پاڵنەری پشت هێرشەكەیە. لەلایەن خۆشیەوە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ شەممە، هێرشەكەی سەركۆنەكرد.
هێرشكارەكە كێیە؟
هێرشكارەكە كەسێكی دژە ئیسلامی لایەنگری ئیسرائیلە كە پزیشكێكی دەروونیی تەمەن 50 ساڵی بە رەچەلەك سعودییە.پۆلیس هەر هەمانكات لە شوێنی رووداوەكە، هێرشكارەكەی دەستگیركردووە.
ئەمڕۆ، شۆڵتز بە جلی رەشەوە لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتەكەی سەردانی شوێنی هێرشەكەیان كرد و گوڵیان لە بەردەم كەنیسەیەك دانا.
راوێژكاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشكرد، 40 لە برینداران لە دۆخێكی "نیگەرانكەر"دان.
شۆڵتز ڕایگەیاند، وڵاتەكەی "بە هەموو هێزی یاساوە" وەڵامی هێرشەكە دەداتەوە. هەروەها داوای لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد، یەكگرتوو بن، لە كاتێكدا پرسی كۆچبەران و ئاساییش بووەتە تەوەرێكی جێی مشتومڕی كۆمەڵگەی ئەڵمانی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە شوباتی ساڵی داهاتوو.
شۆڵتز وتیشی:" گرنگە پێكەوە بین، شان بە شانی یەكدی بوەستینەوە، رق و كینە بڕیار لەسەر پێكەوەژیانی ئێمە نادات، بەڵكو ئێمە كۆمەڵگەیەكین بە دوای داهاتوویەكی هاوبەشدا دەگەڕێین".
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هێرشەكەی بە "زۆر خراپ و شێتانە" ناوبرد، بەڵام سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ ئەو هاوسۆزییە دەربڕی كە وڵاتانی سەرانسەری جیهان بۆ ئەڵمانیا دەریانبڕی.
زانیاریی لەبارەی هێرشكارەكە
ناوی هێرشكارەكە تاڵب جەواد عەبدولموحسنە و لە ساڵی 2006ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی وەرگرتبوو و لە نۆرینگەیەكی نزیك ماگدێبورگ كاری دەكرد.
هێرشكارەكە بێباوەڕبوونی خۆی بە ئیسلام راگەیاندبوو و وەك چالاكوانێك یارمەتیی ئەو ژنە سعودییانەیان دەدا كە هەوڵی جێهشتنی سعودییەیان دەدا. لە هەژمارەكانیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هێرشكارەكە قسەی تووندی لە دژی ئیسلام دەكرد و بەرگریی لە ئیسرائیل و راستڕەوە تووندڕەوەكان دەكرد.
تاڵب جەواد عەبدولموحسن ئەڵمانیای بەوە تۆمەتبار دەكرد كە پلانی هەیە هەموو ئەورووپا بكاتە كیشوەرێكی ئیسلامی، هەروەها حكومەتی ئەڵمانیای بە ستەمكردن و ناپاكیكردن لە ئۆپۆزیسیۆنی سعوودی تۆمەتبار دەكرد.
پێش ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا پاڵنەری پشت هێرشەكە ئاشكرا بكات، نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند:" هەرچەندە جارێ نازانێت پاڵنەری پشت هێرشەكەی چییە، یەك شت پشتڕاستكراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە هێرشكارەكە تێڕوانینی دژە ئیسلامی هەبووە."
بەڵام میدیای ئەڵمانیا باس لەوە دەكات، لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە لە پشكنینی سەرەتاییدا دەركەوتووە كە ماددەی هۆشبەری بەكارهێناوە.
|