دیمەنێکی خۆپیشاندانەکە
2024-12-25
245 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژێك دوای هەڕەشەكانی ئێران؛ عەلەوییەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كرد
ناوەندی هەواڵ
عەلەوییەكانی سوریا ڕۆژێك دوای هەڕەشەكانی ئێران لەبارەی سوریا و پاش هێرشكردنە سەرمەزارگەیەكیان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین دژی دەسەڵاتە سوننیە نوێیەكەی سوریا كرد.
هەزاران كەس لە پێكهاتەی عەلەوی سوریا لە شارەكانی حمس و لازقیە و تەرتوس و قەرداحە لە كەناراوەكانی سوریا وەك سەركۆنەكردنی هێرش بۆسەر مەزارگەیەكیان لە حەلەب دەستیان بە خۆپیشاندان كرد، لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە حمس و لازقیە قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاندبوو.
خۆپیشاندانی عەلەوییەكان دوای سوتاندنی مەزارگەی "ئەبو عەبدوڵا حوسێن بن حەمدان خەسیبی" بوو لە حەلب و كوژرانی پێنج لە پاسەوانەكانی مەزارگەكە.
تائێستا بكەرانی ئەو ڕووداوە ئاشكرانین، ئیدارەی نوێی سوریاش لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێكی نەداوە.
دوای خۆپیشاندانەكان دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا قەدەغەی هاتوچۆیان لە لازقیە و حمس ڕاگەیاند كە زۆربەی دانیشتوانی ئەو دوو شارە شیعە مەزهەبن.
خۆپیشاندان دروشمی "بە رۆح و خوێن لەگەڵتین خەسیب" و "گەلی سوریا یەكە" یان بەرزكردبوەوە.
خۆپیشاندانەكە لەكاتێكدایە ئەسعەد حەسەن شیبانی وەزیری نوێی ئیدارە ڕاگوزەرییەكەی سوریا هۆشداری دایە ئێران لە نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتەكەی.
وەزیری نوێی دەرەوەی سوریا وتی "پێویستە لەسەر ئێران رێز لە ئیرادەی گەلی سوریا بگرێت، هۆشدارییان پێدەدەین لە دروستكردنی ئاژاوە لە سوریا و بەرپرسیارێتی لێدوانەكانی ئەمدواییە هەڵدەگرن".
ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا داوای لە گەنجانی سوریا كرد "بەهەموو هێزیانەوە دژی ئەو كەسانە بووەستنەوە كە بوونەهۆی تێكچوونی دۆخی سوریا". وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو گروپانەی بەشداربوون لە ڕووخاندنی ڕژێمی سوریا.
خامنەیی وتیشی:"پێشبینی دەكەم لە سوریا گروپێكی شەرەفمەند و بەهێز دەربكەون چونكە گەنجانی سوریا هیچیان نەماوە لەدەستی بدەن، خوێندنگە و زانكۆ و ماڵەكانیان و كۆڵانەكانیشیان نائارامە".
لەلایەن خۆشیەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:"ئەوانەی پێیان وایە سەركەوتنیان بەدەستهێناوە لە سوریا پێویستە حوكمەكانیان كەم بكەنەوە چونكە داهاتوو پڕە لە گۆڕانكاری سەرنجڕاكێش بۆیان".
ئێران بە خەرجكردنی ملیاران دۆلار پشتیوانی مانەوەی ڕژێمی ئەسەدی كرد و سوپای پاسدارانی ناردە سوریا تا ڕێگری لە كەوتنی بكات، بەڵام سەرئەنجام دوای 13 ساڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەو وڵاتە و سەرهەڵدانی چەندین گروپی چەكدار، ژمارەیەك لەو گروپانە كە توركیا پشتیوانییان دەكات گەیشتنە نزیك دیمەشق و كۆتایی بە حوكمی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد و 50 ساڵەی خێزانی ئەسەد هات.
|