كۆبوونەوەی هاكان فیدان لەگەڵ حەسەن تۆران و ئەرشەد ساڵحی كە لەدوو بەرەی جیاوازی توركمانەكانن
2025-01-28
290 جار خوێنراوەتەوە
چی لە پشت پەردە دەگوزەرێت؟
ناوەندی هەواڵ
لەكۆتاییدا بەشێك لە ئامانجی سەردانە نهێنییەكانی بەرپرسانی حزبی و حكومی لە هەرێم و عێراق ئاشكرابوو، هێزە شیعیەكان و بەشێك لە هێزەكانی دیكەش گومانیان هەیە.
پێگەی مەدا لە ڕاپۆرتێكدا باس لەوەدەكات، توركیا نزیكەی ساڵێكە دەیەوێت بەغداد بەرەو شەڕی پەكەكە ڕابكێشێت، لەبەرامبەر ڕەتكردنەوەی ئەو هەوڵەش هەڕەشەی داگیركردنی بەشێك لەخاكی عێراق دەكات وەك ئەوەی لە هاوینی ڕابردوو كردی، دەیەوێت لەهەموو ڕوویەكەوە عێراق گەمارۆ بدات، ترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و پرسی ئاو و گۆڕانكارییەكانی سوریا وەك چەكێك دژ بە عێراق بەكاردەهێنێت.
توركیا هەم داگیركار و هەم بازرگان
توركیا یەكەم دەوڵەتە كە بەشێك لە خاكی عێراقی داگیركردووە و سەربازگە و هێزی سەربازی تێدا جێگیركردووە، لەلایەكی دیكەشەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ دەكات كە ساڵانە دەگاتە 20 ملیار دۆلار.
ئەمەش بەوتەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە پێش دوو ڕۆژ سەردانی بەغدادی كرد.
فیدان بە كەسی باوەڕپێكراوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دادەنرێت و لەماوەی ساڵێكدا سێجار داوای لە عێراق كردووە شەڕی پەكەكە بكات.
وەزیری دەرەوەی توركیا یەكشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پێویستە عێراق و توركیا پێكەوە شەڕی دژ بە داعش و هێزە كوردییەكان بكەن.
هاكان فیدان لەكۆنگرەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقیەكەی جارێكی دیكە هیوای خواست عێراق پەكەكە بە فەرمی بخاتە لیستی تیرۆرەوە، دوای ئەوەی بەغداد لەسەر داوای ئەنقەرە پەكەكەی خستە لیستی ڕێكخراوە قەدەغەكراوەكانەوە.
عێراق نایەوێت شەڕی پەكەكە بكات
سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی لەبەغداد جەختی لەوەكردووەتەوە، "بەغداد گرنگی بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیا دەدات، چەند پرسێكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا هەیە، گرنگترینیان ئاو و ئابورییە لەگەڵ پاراستنی سنور، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی و دەستێوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی".
سەرچاوە سیاسییە باڵاكە ئەوەشی خستووەتەڕوو "عێراق جەنگێكی دیكەی لەناوچەكە ناوێت و ناشیەوێت پرۆسەی سەربازی دژ بە پەكەكە ئەنجام بدات، چونكە بڕوای بە دیپلۆماسیەت هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام توركیا بەپێچەوانەوە فشار دەكات".
"عێراق پشتیوانی گفتوگۆی سێ قۆڵی لەنێوان توركیا و پەكەكە و هێزەكانی سوریا دیموكرات دەكات". سەرچاوەكە ئەوەی وتووە.
ڕێككەوتنی نهێنی و پشتی دەرگا داخراوەكان
ئەو ڕێككەوتنەی ساڵی ڕابردوو لەنێوان هەردوو حكومەتی توركیا و عێراق ئەنجامدرا، گومانی لای هێزە شیعییەكان دروستكردووە و لەوكاتەشەوە لەناوچوارچێوەی هەمانگی كێشە دروستبووە، بەشێكیان پێیان وایە ئەو ڕێككەوتنە ڕێگە بۆ داگیركاری توركیا دەكاتەوە.
لەوكاتەوەی لە كۆتایی 2022 چوارچێوەی هەماهەنگی وەك هاوپەیمانییەك دەسەڵاتی وەرگرتووە، دودڵە لەدەربڕینی هەڵوێستی یەكلاكەرەوە بەرامبەر توركیا سەرەڕای ئەوەی توركیا بەردەوام بووە لە هێرشەكانی بۆسەر خاكی عێراق بەپاساوی لێدانی بنكەكانی پەكەكە.
توركیا چەند كیلۆمەترێك لەناوەندی دهۆكەوە دوورە
لەساڵی 2015 ەوە توركیا بەشێوەیەكی بەرفراوان هێزەكانی هێناوەتە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستانەوە، هاوینی ڕابردوو هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدا، بەشێوەیەك ئێستا هێزەكانی توركیا چەند كیلۆمەترێك لەناوەندی پارێزگای دهۆكەوە دوورن، ئێستا دەیان بنكەی سەربازی و هەزاران سەربازی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان هەیە، لە هەندێك ناوچەش 40 كیلۆمەتر هاتووەتە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستانەوە.
هاوینی ڕابردوو كاتێك توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستپێكرد، عێراق دەستیكرد بە ئەنجامدانی چەند ڕێككەوتنێك لەگەڵ توركیا، یەكێك لەڕێككەوتنەكانیش ئەمنیی بوو، دوای ئەوەی چەند گەڕێكی گفتوگۆیان لەبارەی پرسی ئاو و پەكەكە ئەنجامدا.
لەكۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی چۆن باسی توركیا كرا؟
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە ئەیلولی 2024 كۆبوونەوەیەكی لەماڵی هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدرلا ئەنجامدا و پرسی سەرەكیی ڕێككەوتنی عێراق و توركیا بوو، لە كۆبوونەوەكەدا فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی وەك لایەنەكانی بەشدار لە رێككەوتن لەگەڵ توركیا بەشداربوون.
بەوتەی سەرچاوەیەك لە كۆبوونەوەكە، سودانی بانگهێشتی كۆبوونەوەكە كراوە بەڵام ئامادەنەبووە. دوای ئامادەنەبوونی سودانی لە كۆبوونەوەكە قەیس خەزعەلی سەركردەی "عەسائیبی ئەهلی حەق" وتارەكانی بەرامبەر حكومەت توند كردەوە، لەكاتێكدا خۆی یەكێك بوو لە پشتیوانانی پێكهێنانی حكومەت لە پێشوودا.
خەزعەلی ڕێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق ڕەتدەكاتەوە، لەدیدارێكیشدا لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە بەغداد جەختی لە پێویستیی كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە عێراق كردەوە.
دواتریش هادی عامری هاتە ڕیزی ڕەخنەگران لە حكومەت و وتی "ناتوانین پەیوەندییەكی باش لەگەڵ توركیا بنیات بنێین لەكاتێكدا سورە لەسەر ئەوەی هێزەكانی لە عێراق نەكشێنێتەوە".
تەموزی ڕابردوو توركیا لە هەرێم چی كردووە؟
سوپای توركیا لە تەموزی ڕابردوو زیاتر لە 300 تانكی هێناوەتە گوندەكانی دهۆك، سەدان سەربازی توركیاش لەناوچە شاخاوییەكان بڵاوكراونەتەوە و بە فراوانترین پرۆسەی وشكانی سەربازیی توركیا دادەنرێت لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا لەناو خاكی عێراق. بۆیە هەندێك لە عێراقییەكان بڕوایان وایە توركیا دەیەوێت بەرەو ناوچەی شنگال بڕوات لە باكوری موسڵ كە پێی وایە پێگەی پەكەكەی تێدا جێگیرە.
بەشێك لە چاودێرانی دۆخەكە پێیان وایە توركیا دەیەوێت ئەمری واقیع بسەپێنێت، بەوەی زەویی داگیركراو لەبەرامبەر عێراق بەكاربهێنێت تا ناچاری بكات خواستەكانی جێبەجێ بكات و شەڕی پەكەكەی پێبكات.
ڕێگەیەكی دیكەی توركیا بۆ ترساندنی عێراقییەكان تا شەڕی پەكەكەی بۆ بكەن، پرسی سەرهەڵدانەوەی داعشە لە عێراق لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانكاریانەی لە سوریا سەریانهەڵداوە، لەكاتێكدا توركیا ئێستا هەژموونی لە سوریا هەیە. ئەمەش بەڕوونی لە لێدوانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دەركەوت كاتێك ڕایگەیاند كە پێویستە عێراق و توركیا و سوریا و ئوردن پێكەوە شەڕی داعش بكەن. وەك ئاماژەیەك بۆ بەهێزبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە و ترساندنی ئەو وڵاتانە.
توركیا دەیەوێت عێراق پشتیوانی حكومەتی نوێی سوریا بكات كە خۆی پشتیوانی دەكات، بەڵام تائێستا بەغداد جگە لە شاندێكی هەواڵگری بە سەرۆكایەتی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق هیچ شاندێكی فەرمی نەناردووەتە دیمەشق.
دوای لێدوانەكەی هاكان فیدان لەبارەی مەترسییەكانی داعش، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
هێزە شیعیەكان پێیان وایە ئەوەی لە سوریا ڕوویدا كە ڕژێمەكەی ئەسەد لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو ڕووخا، بەپێی ڕێككەوتنێكی توركی - ئیسرائیلی بووە، لەسەر ئەو بنەمایەش بەرپرسانی باڵای هێزە شیعیەكان ترسیان هەیە توركیا بیەوێت ئەو ڕووداوانەی لە سوریا ڕوویاندا لەڕێگەی چەند سیاسییەكی عێراقییەوە بگوازنەوە بۆ ناو خاكی عێراق، وەك چۆن موختار موسەوی یەكێك لە پەرلەمانتارانی بەدر دەڵێت "ئێمە لە چەكدارە سورییەكان ناترسین، بەڵكو لە پیلانگێڕی سیاسییەكان لەناوخۆدا دەترسین".
|