3   کاتژمێر پێش ئێستا 6844 جار خوێنراوەتەوە

عێراقییەكان بۆ فرۆشتن.. لە ڤاگنەرەوە بۆ گروپى مافیایى

 

پوختە

تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق چیتر تەنها لادانێکی تاکەکەسی یان چالاکییە نهێنییە سنوردارەکان نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ پرسێکی ئاڵۆز کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تاوانە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یەکتر دەبڕێت.

لە ماددەی (37)ی دەستوری عێراق دا، جەخت لەسەر پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ كراوەتەوەو هەمو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە قەدەغە دەکات، هاوکات یاسای ژمارە (28)ی ساڵی 2012 كە تایبەتە بە بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە کڕین و فرۆشتنی ئەندامەكانى لەشى مرۆڤ؛ بە هەر بیانویەک بێت؛ ئەو هەوڵانە بە تاوان دەزانێت، بەڵام جوڵەكانى سەر ئەرزى واقیع؛ کەلێنێکی بەرفراوان لە نێوان دەقە یاساییەکان و توانای جێبەجێکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە ئاشکرا دەکات.

لەرێى بازرگانیكردنى بە ئەندامەكانى جەستەى مرۆڤەوە ساڵانە مافیاكان چەندیان دەستدەكەوێت؟

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC)، مافیاكان لەرێى بازرگانی نایاسایی بە ئەندامەکانی لەشى مرۆڤەوە؛ ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاریان لە جیهاندا دەستدەكەوێت، کە نزیکەی 10%ی چاندنی هەمو ئەندامەکانی جەستە پێکدەهێنێت. ئەم ژمارانە بەشێكى لەسەر ژینگەى ناسەقامگیری عێراق پێشبینی دەکرێن،  ئەمەش بەو مانایە دێت کە وڵات بۆتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ مافیاکان؛ کە دور لە چاوی دەزگا ئەمنییەكان؛ تۆڕی قاچاغچى دەقۆزنەوە بۆ دروستکردنی بازاڕێکی شاراوە بۆ كڕین و فرۆش بە ئەندامەکانی جەستەى مرۆڤەوە.

تا چەندە فەزاى ئەلیكترۆنى رێخۆشكەرە بۆ چالاكیى مافیاكان؟

فەزای ئەلیکترۆنی چەترێکی ئاڵۆز بۆ چالاکیی مافیای ڕێکخراو پێکدەهێنێت، كە لە رێیەوە تۆڕە قاچاغچییەكان ژینگەیەکی پارێزراو دابین دەكەن و رێككارى بەدواداچون لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە ئەستەم دەكەن. ئەم بەشەی تۆڕە جیهانییەکە کەوتۆتە ژێر چاودێریکردنی بزوێنەری گەڕانی تەقلیدی و پێویستی بە سۆفتوێرى تایبەتمەند هەیە بۆ دەستگەیشتن، ئەمەش وایکردوە ببێتە پەناگەیەکی پەسەندکراو بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری نایاسایی، لە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەوە تا قاچاغچێتى كردن بە چەك.

جەواد ئەلدەهلەکی، لیواى خانەنشینکراو و پسپۆڕی بواری ئەمنیى، لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا بە میدیا عێراقییەكانى راگەیاندوە، سیستمى تۆڕى تاریك "دارك وێب" تەنها ناوەڕۆکێكی کوالیتی نزم نییە، یان فەلسەفەیەک نییە کە ملیۆنان کەس بەکاری بهێنن، بەڵکو سیستمێکی شاراوەیە کە لە ڕێگەی تۆڕە تەقلیدییەکانەوە دەستگەیشتن پێى ئەستەمە، پێویستی بە سۆفتوێرى تایبەتمەند و ڕێکخستنی بزوێنەری گەڕان هەیە، هەروەها لە ڕێگەی شێوازی خۆحەشاردان و خۆونكردن "كامۆفلاژ"ى ئاڵۆزەوە بەڕێوەدەبرێت كە لە ڕێگەی پەیوەندى هاوتا بە هاوتا (P2P) یان هاوڕێ بۆ هاوڕێ (F2F)؛ ئەنجامى تەواو دەپێكرێت.

ئەم وەسفە ڕەنگدانەوەیەكی گەورەی تەحەددای ئەمنییە، چونکە دەستڕانەگەیشتن بەم تۆڕانە ڕێگە بە تاوانباران دەدات ئازادییەکی بەرفراوان، دور لە چاودێری تەقلیدیی بگرنەبەر.

ڕاپۆرتەکانی یۆرۆپۆل ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە 30 هەزار ماڵپەڕی نایاسایی لەسەر تۆڕی تاریک کاردەکەن، لەنێویاندا بازاڕەکانی تایبەتمەند بە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤ، ئەمەش وایکردوە ژینگەی تەکنەلۆژيی ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەردەوامیی ئەم تاوانانە.

ئایا لە عێراق یاسایەكى گشتگیر هەیە كە ئاسایشى ئەلیكترۆنى كۆت و بەند بكات؟

بەپێی خەمڵاندنە یاساییەکان، نەبونی چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە عێراق، جددیەتی ئەم بابەتە ئاڵۆزتر دەکات، بەتایبەتی کە یاساکانی ئێستا بەبێ میکانیزمی تەکنیکی کاریگەر بۆ بەدواداچون و بەرەنگاربونەوەی دیاردەكە، گرنگی بە تاوانبارکردنی ئەو کردەوەیە دەدەن.

قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لەگەڵ خراپتربونی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە تەواویى تێکەڵابون، بەرزيی رێژەى بێکاریی و نەبونی تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی، ژینگەیەکی بەپیتی بۆ مافیاکان دروستکردوە کە ئیستغلالى دۆخەكە بکەن.

بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2025، زیاتر لە 17%ی دانیشتوان لەژێر هێڵی هەژاریى دا دەژین، هاوکات ڕێژەی بێکاریی گەنجان 35% تێدەپەڕێنێت. ئەم واقیعە وا دەکات کە توێژە گەورەکانی کۆمەڵگا بەرەوڕوی ئەو وەسوەسە داراییانە ببنەوە کە تۆڕەکانی تاوانە ڕێکخراوەکان پێشکەشی دەکەن.

ئەلدەهلەکی، جەخت لەوەدەکاتەوە کە گرنگترین هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی ئەم دارك وێبە؛ بریتین لە ناسەقامگیریی ئابوری و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ بونی گروپگەلی دەرەوەی یاسا؛ کە گەنجان فریو دەدەن بۆ فرۆشتنی بەشێک لە ئەندامەکانیان، هاوكات؛ زۆرینەی قوربانییەکان هەرزەکاران و گەنجانی کەمدەرامەتن؛ کە بەدوای پارەدا دەگەڕێن.

ئەم فاكتەرانە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ناسەقامگیریى ئابوری و لاوازی سیستمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە لایەک و فراوانبونی چالاکیی مافیایی لە ڕێگەی دارك وێبەوە؛ لە لایەکی دیکەوە نیشاندەدات.

توێژینەوەكانى رێكخراوى تەندروستى جیهانی چیمان پێدەڵێن؟

بەگوێرەى ژمارەیەك توێژینەوە کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاوکراونەتەوە؛ رێژەى لە 10%ی چاندنی ئەندامەکانی جەستە لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجامدەدرێت و زۆرینەی قوربانییەکان خەڵکی وڵاتانی تازەپێگەیشتوی جیهانن، هاوكات بە بەراوردكردنى سنورداربونی دەرفەتی خوێندن و دامەزراندن لە عێراقدا، لەگەڵ نەبونی میکانیزمی توندی کۆنترۆڵکردنی کۆچبەری نایاسایی، و بەشداریى گروپى مافیاگەراى نادیار، ئەگەری ئەوە زیاد دەکات کە گەنجان ببنە نێچیری بەڵێنی گەشتکردن یان دەوڵەمەندکردنی خێرا، کە زۆرجار لە کلینیکەکانی بێ مۆڵەت یان بازاڕی ڕەشدا کۆتایی بە ژیانیان دێت.

لەلایەكى ترەوە؛ ئاشکراکردنى زانیارییەكانى ئەو لیوا خانەنشینكراوە، هاوتەریبە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵى 2024دا، كە سەرجەمیان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە هەندێک لە فرۆشگاکان لە وێبی تاریکدا نمونەی پشکنینی پزیشکی پێشکەشدەکەن، کە لەگەڵ شانەکانی ئەندامە داواکراوەکاندا دەگونجێت و دواتريش چەندین بژاردە پێشکەش بە کڕیاران دەکەن، بێگومان بە نرخێکی کێبڕکێ لە نێوان 5 هەزار بۆ 200 هەزار دۆلار، كه ئەوەش بەپێى جۆری ئەندامەکە، نرخەكەى دەگۆڕێت.

عێراقییەكان چۆن لە رێى گروپى ڤاگنەرى روسییەوە فرۆشران؟

بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستە لە بازاڕی ڕەش یان مافیای ناوخۆییدا سنوردار نەماوە، ئەوان لە ئێستادا ڕەهەندی سیاسی و سەربازی ئاڵۆزیان وەرگرتوە کە پەیوەستن بە ململانێ نێودەوڵەتییەکان.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە هەندێک لە هێزە چەکدارەکان و قەوارەکان لە ڕێگەی تۆڕی تاریکەوە؛ ڕێگەی دامەزراندنی نایاسایی بەکاردەهێنن بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوە مرۆییەکان بۆ ململانێکانیان.

جەواد ئەلدەهلەکی، لە درێژەى لێدوانەكەى دا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەى خستەڕو كە گروپی ڤاگنەری ڕوسی گەنجانی عێراقییان وەرگرت و وەک بەکرێگیراوێکی مرۆیی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕیان لە سنورى ئۆكرانیادا کرد، ئەمەش دوای ئەوەی گەنجە عێراقییەكانیان بە بەڵێنى پارە و سێکس و مۆڵەتی نیشتەجێبون فريودران.

گێڕانەوەكەی دەهلەکی لە گواستنەوەی ئەو دیاردەیەدا پێداویستییەكانى مرۆڤ لە ئیستغلالکردنی ئابورییەوە بۆ ئیستغلالکردنی سیاسی و ئەمنی ئاشکرا دەکات، بەوپێیەی گروپە لاوازەکان لە بازرگانیکردن بە قوربانیانی ئەندامەکانی جەستەوە؛ دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازى كاریگەر لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دا.

بەپێى خەمڵاندنى توێژینەوەکان؛ کە لەلایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانەوە  دەرچوە، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەکەن کە دیاردەی دامەزراندنی بەکرێگیراو لەڕێگەی کەناڵە نایاساییەکانەوە لە ساڵی 2020ەوە دو هێندە زیادیکردوە، ئێستاش ناوچە جێناکۆکەکانی وەک لیبیا و سوریا و ئۆکرانیا بەم گروپانە تەنراون، هاوكات؛ بە بەراورد، بە عێراق و بە لەبەرچاوگرتنی ناسەقامگیریى دامەزراوە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە، لە ئێستادا ژینگەیەکی پێگەیشتو بۆ بڵاوبونەوەی ئەو چالاکییانە لەو وڵاتە بونیان هەیە.

بەپێی هەڵسەنگاندنە یاساییەکان، پرۆسەى بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ دەخرێتە چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، نەک تەنها وەک حاڵەتێكى تاوانکاریی، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەروەريی و یەکگرتویی دەوڵەت، وێنا دەكرێت.

 

 

  • یه‌كه‌م زه‌نگى هێرش له‌ته‌لئه‌بیبه‌وه‌.. ئیسرائیل زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

  • عێراقییەكان بۆ فرۆشتن.. لە ڤاگنەرەوە بۆ گروپى مافیایى

  • پارتى خه‌ریكى چییه‌... درزێك له‌ڕۆژئاوا خه‌ریكه‌ ماڵوێرانى به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت

  • كورد لە ئیجەو لیبیا بە دو شێوازى جیاواز دەخنكێت

  • ئەمڕۆ قەتەرو سبەی تورکیا.. ئیسرائیل دژی تیرۆر دەجەنگێت

  • لوتکەی شەنگەهای..هاوسەنگیی هێز یان دیمەنێکی ڕەمزیی؟

  • 11ى سێپتامبەر چۆن رویدا و كێ لەپشت هێرشەكانەوە بو؟

  • ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە ناكۆكییەكانى نێوان هەرێم و بەغدا؟

  • ئایا ئیسرائیل سیناریۆی دەوحە لە بەغدا دوبارە دەکاتەوە؟

سەرەکی