2025-09-10
7232 جار خوێنراوەتەوە
ئایا ئیسرائیل سیناریۆی دەوحە لە بەغدا دوبارە دەکاتەوە؟
پوختە
هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە سەرکردەکانی "بزوتنەوەی حەماس"ى لە دڵی دەوحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج، کێشە کۆنەکانی عێراقی پەیوەست بە هێرشەکانی سەر خاکەکەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا خستۆتەوە بەرباس.
لە ساڵی 2019ەوە بەردەوام زنجیرەیەک هەڵکوتانە سەر کۆگاکانی چەک و بارەگای گروپە چەكدارەكانى حەشدى شەعبى لە بەغدا و سەڵاحەدین و ئەنبار رودەدات و دەكرێنە ئامانج، هاوكات پرسیارەکان سەبارەت بە توانای عێراق بۆ پاراستنی ئاسمان و سەروەری وڵاتەکەی بەبێ وەڵام ماونەتەوە.
ئەم هێرشانە بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی ڕێنمایی ورد ئەنجام دراون، کە ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ نەگرتوە؛ بەڵام گرنگی خۆی بۆ ئەو هێرشانە نەشاردۆتەوەو ڕێگەی خۆشکردوە بۆ قۆناغێکی نوێی هەڕەشەی سنور بەزاندن.
لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی دەوحە، ترسەکان لە زیادبوندایە کە هەمان سیناریۆ لە عێراقدا سەرهەڵبداتەوە، لەو چوارچێوەیەدا لێدوان و شیکارییەکانی شرۆڤەكاران كە لەلایەن شارەزایانی ستراتیژییەوە پشتڕاستكراونەتەوە؛ ئەگەری دوبارەبونەوەی ئەم هێرشانە لە عێراقدا هێشتا بەكراوەیى دەهێڵنەوە.
ئایا لە دواى دەوحە؛ عێراق لە دەرەوەى ناوچەى مەترسیداردایە؟
ئەسکەندەر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، لە لێدوانێكى دا بۆ میدیا عێراقییەكان رونیكردەوە، ئەگەرى هێرشكردنە سەر عێراق لەلایەن قەوارەى زایۆنستییەوە؛ هاوشێوەى هێرشەكەى دەوحە لە ئارادایە، ئەم لێدوانە لە هیچ شوێنێکى فەرمییەوە دەرنەچوە، بەڵکو لە ژێر ڕۆشنایی گەشەسەندنی پەرەسەندنی ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی ئەم دواییە هاتۆتە ئارا، كە تێیدا ئیسرائیل بێبكانە لێدانی ورد ئاراستەى کەسایەتی و سەرکردەکانی حەماس لەسەر خاکی قەتەر دەکات و دەیانكاتە ئامانج.
وەك وەتوت ئاماژەى پێكردوە، کۆتا هێڵ، بە وتەی شرۆڤەکاران، ئەوەیە کە عێراق لە دەرەوەی ناوچەی مەترسیدار نییە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامی چالاکییە هەواڵگرییە بیانییەکان و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتو.
هاوكات، ئەم وەسفە لەسەر بنەمای تۆمارێکی پێشوی هێرشە ئامانجدارەکانە کە سەرکردە دیارەکانی ناو خاکی عێراقیان کردە ئامانج، لەنێویاندا ئەندامانی هێزەکانی حەشدى شەعبى.
ئایا ئیسرائیل لەلایەن ئەمریكاوە گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵكرابو؟
ئەحمەد ئەلتەمیمی شارەزای بواری ئەمنی لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا رونیکردەوە، ئەگەر گڵۆپی سەوزی ڕاستەوخۆی لە کۆشکی سپی وەرنەگرتبا، ئیسرائیل نەیدەتوانی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە دڵی دەوحەدا ئەنجامبدات. ئەم وەسفە بە بڕوای شارەزایان، ئەو قەناعەتە بەهێزتر دەکات کە هەر هێرشێکی هاوشێوە لە غیابی ڕێگرییەکی هەمەلایەنەی ئاسمانیى دا دەتوانێت بگاتە بەغدا.
عێراق بۆ رێگریى كردن لەو هێرشانە چى لە توانادایە، لەحاڵەتێكدا كات تێپەڕیوە؟
وەتوت تەنها بە ئاگادارکردنەوەو هۆشداریى ڕازی نەبو، ئەو جەختی لەوەکردەوە کە مەترسییەکە ڕاستەقینەیە و دوبارە دەبێتەوە، لەبەرئەوە پێویست دەكات لە ناوخۆى عێراق دا هەڵسەنگاندنەوەی دۆخی ئەمنی و خۆپارێزیی ورد ئەنجام بدرێت، و داواشی کرد سیستەمی بەرگری ئاسمانی نیشتمانی بنیات بنرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ قەبارەی هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکاندا بگونجێت، لەگەڵ تەیارکردنی دەوڵەت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتو کە توانای دۆزینەوە و ڕێگریکردن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی زیرەکی هەبێت.
ئەم تێگەیشتنەى وەتوت هاوشێوەی خوێندنەوەی عەباس جبوری شارەزای کاروباری ستراتیژییە، کە بۆ "بەغداد ئەلیەوم" ئەوەى دوپاتكردبۆوە عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە لە بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئاسمانی ئەگەریی ئیسرائیل دا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی نەبونی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی یەکگرتو و پێشکەوتو.
ئەم تێبینییە ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی درێژخایەنە کە لە ساڵی 2003ەوە هەبوە، چونکە تواناکانی بەرگری ئاسمانی بەسنورداریی دەمێننەوەو هەندێک ناوچەی گرنگیش بەرەوڕوی چونە ژورەوەی فڕۆكە پێشكەوتوەكانى تەلئەبیب دا هەر بە كراوەیى دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە شرۆڤەكاران پێیانوایە بەردەوامبونی ئەم کەموکوڕییە بۆشایییەکی ستراتیژیی پێکدەهێنێت کە ئیسرائیل دەتوانێت لەکاتی پێویستدا ئیستغلالى بکات.
لای خۆیەوە ئەلتەمیمی ڕەهەندێکی تری زیاد کرد کاتێک وتی: ئەم پێشهاتە مەترسیدارە ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن ئازادی ڕەهای بە "داگیرکەر" داوە بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر هەر ئامانجێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، هاوكات هۆشداریشیدا لەوەی ئەنقەرە هاوشێوەی بەغدا دەتوانێت ببێتە ئامانجێکی ئەگەریی ئیسرائیل لەداهاتودا.
دواجار، ئەم هۆشدارییە ڕەهەندێکی ناوچەیی بۆ نیگەرانییەکانی عێراق زیاد دەکات و ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ئەوەی لە دەوحە ڕویدا هەمو ئەو پایتەختانە دەگرێتەوە کە میوانداریی سەرکردەکانی فەلەستین دەکەن.
-
یهكهم زهنگى هێرش لهتهلئهبیبهوه.. ئیسرائیل زانیاریى گرنگ ئاشكرادهكات
|
-
عێراقییەكان بۆ فرۆشتن.. لە ڤاگنەرەوە بۆ گروپى مافیایى
|
-
پارتى خهریكى چییه... درزێك لهڕۆژئاوا خهریكه ماڵوێرانى بهدواى خۆیدا دههێنێت
|
-
كورد لە ئیجەو لیبیا بە دو شێوازى جیاواز دەخنكێت
|
-
ئەمڕۆ قەتەرو سبەی تورکیا.. ئیسرائیل دژی تیرۆر دەجەنگێت
|
-
لوتکەی شەنگەهای..هاوسەنگیی هێز یان دیمەنێکی ڕەمزیی؟
|
-
11ى سێپتامبەر چۆن رویدا و كێ لەپشت هێرشەكانەوە بو؟
|
-
ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە ناكۆكییەكانى نێوان هەرێم و بەغدا؟
|
-
ئایا ئیسرائیل سیناریۆی دەوحە لە بەغدا دوبارە دەکاتەوە؟
|
|
|