2025-09-10 6781 جار خوێنراوەتەوە

ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە ناكۆكییەكانى نێوان هەرێم و بەغدا؟

 

پوختە

لێدوانەکەی سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئاگادارینامەیەكى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق سەبارەت بە ناڕازیبونی لە سیاسەتى حکومەتی عێراق بەرانبەر بە هەرێم، شەپۆلێك لە مشتومڕی سیاسی و میدیایی لێکەوتەوە.

پاش ئەوەى دزەیى ئاماژەی بەوەكردبو كە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا فراوانترین پەیوەندیى لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریكا هەیە؛ بەتایبەتى لە بواری ئابوریى دا، دواتر ئەوەشى خستبوەڕو كە هەرێم چەندین یادداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنى لەگەڵ ئەمریكا و زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە بەتایبەتى بەریتانیا و فەرەنسا، هاوكات وتیشى ئەمڕۆ یەکێک لەو مەکۆیانە بەستراوەتەوە بە تایلەندەوە، کە یەکێکە لە پێشکەوتوترین وڵاتەکان لە بواری پیشەسازی و ئابوریى دا، چاودێران لە ئێستادا وایدەبینن كە ئەم شێوازى قسەکردنە ڕەنگدانەوەی خواستی هەرێمە بۆ دوپاتکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی و نیشاندانی ئەوەی کە هەر فشارێک لە بەغداوە دەکرێت؛ بە تۆڕێکی پەیوەندی لەگەڵ پایتەختە کاریگەرەکان بەرپەرچ دەدرێتەوە.

ئایا ئەمریكا فشارى لە عێراق كردوە یان ئەوە دەنگۆى پارتییە؟

شێرزاد مستەفا لێکۆڵەری کاروباری سیاسی لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا سەبارەت بە تێگەیشتنەكانى دزەیى بۆ روداوەكان؛ لێکدانەوەیەکی جیاوازی پێشکەش کردو ئاماژەى بەوەدا كە بە لەبەرچاوگرتنی بابەتەکە، تا ڕادەیەک زیادەڕەویی بەدیدەكرێت.

شێرزاد پێیوایە، ئەگەر ئەمریکا ناڕازی بوایە و فشاری لەسەر بەغدا بکردایە، ئەوا پرسی موچە و هەناردەکردنی نەوت و هەمو قەیرانەکان بە خێرایی چارەسەر دەکرا، بەبێ ئەوەی بەو ئاڵۆزییەدا تێپەڕین، بەڵام ئەم تێگەیشتنە بە وتەی شرۆڤەکاران، تێڕوانینێک ئاشکرا دەکات، کە سیاسەتی ئەمریکا سەرەڕای ئەوەى هەستیاریی هەیە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ بەغدا و ناکۆکییەکان وەک بابەتێکی ناوخۆی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

ئەو لێکۆڵەرەی کاروباری سیاسی دەشڵێت، لە کۆنگرێس، ژمارەیەك لە بەرپرسانی پێشوی حکومەتی ئەمریکا، یان چەند ڕاوێژکارێک هەن کە پشتیوانی هەرێم دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردەکانی هەیە، بەڵام تا ئێستا لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە حکومەتی ئێستای ئەمریکا مەودای پاراستوە و بە ئاشکرا دەستوەردانی لە قەیرانی نێوان بەغدا و هەولێر نەکردوە.  ئەم ئاماژەیە ئەوە دەردەخات کە ئەو پشتیوانییەی سەرکردەکانی ناوچەکە بەدەنگەوە دەیخەنەڕو، لە هەڵوێستێکی فەرمی گشتگیر لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە کەمترە.

تا چەندە ئەمریكا خۆى بە دوردەگرێت لە ناكۆكییەكانى نێوان هەرێم و بەغدا؟

بە وتەى شێرزاد مستەفا، ئەمریکا هێشتا ناکۆکیی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناکۆکییەکی ناوخۆیی دەزانێت کە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەم ناکۆکییە پەرەبستێنێت و کاریگەریی لەسەر ئاشتەوایى دروستبكات، ئەوا لەوانەیە لەوکاتەدا دەستوەردان بکات، بۆیە ناڕازیبونی ئەمریکا لە پرسی موچە زیادەڕەوی تێدا دەکرێت.

هاوكات، ئەم خوێندنەوەیە هێڵێکی ڕون لە نێوان پشتیوانی سیاسیی گشتی و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆدا دەکێشێت، كه ئەمەش سروشتی پەیوەندی نێوان واشنتۆن و هەولێر لەم قۆناغەدا دیاری دەکات.

ئایا كشانەوەى ئەمریكا بۆ هەولێر ماناى پشتگیریى واشنتۆنە لە كوردستان؟

شرۆڤەكاران و چاودێرانى سیاسى پێیانوایە؛ زەمینەی ئەمنی و سیاسی لە عێراقدا ڕەهەندێکی تر بۆ باسەکە زیاد دەکات، لەوانە؛ بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی لە بەغدا و ئەنبارەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکبو چاودێران وەک ئاماژەیەک بۆ متمانەی یەکتر لە نێوان واشنتۆن و هەولێر تەماشایان دەکرد، ئەمەش ئەو بڕوایەی چەسپاند کە هەرێم بۆتە سەقامگیرترین و متمانەپێکراوترین هاوپەیمان بۆ ئەمریکییەکان، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لەو پەیوەندییە تایبەتەی کە ناوچەکە لە ساڵی 2003ەوە لەگەڵ ئەمریکادا دروستیکردوە، جا چ سەربازی، ئابوری، یان سیاسی بێت، جیا ناکرێتەوە. ئەمەش هەستیاریی واشنتۆن بۆ هەر سیاسەتێکی بەڕواڵەت توندڕەو لە بەغداوە بەرامبەر بە هەولێر ڕون دەکاتەوە.

دواجار، ئەوەى گرنگەو شیاوى هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە؛ ئایا ئەو لێدوانەی دزەیی ئاماژەیە بۆ گۆڕانی ڕاستەقینە لە هەڵوێستی فەرمی واشنتۆن لەبەرانبەر بەغدا، یان ئەوەی ڕودەدات تەنها فشارێکی سنوردارى لاوەكیى ئەمریكایەو هەولێر بۆ بەهێزکردنی پێگەی دانوستانکاریی خۆی دەیقۆزێتەوە؟ وەڵامەکە بە بارمتە دەمێنێتەوە بۆ پێشهاتە ناوخۆییەكانى عێراق  و پرسیارى ئەوەى ئایا ناکۆکییەکان لە ڕوی ئیداری و داراییەوە دەمێننەوە، یان گەشە دەکەن بۆ دۆخێک کە مەترسیی لەسەر سەقامگیریى و ئاشتەوایى دروست بکات و واشنتۆن هان بدات ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات؟.

 

  • یه‌كه‌م زه‌نگى هێرش له‌ته‌لئه‌بیبه‌وه‌.. ئیسرائیل زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

  • عێراقییەكان بۆ فرۆشتن.. لە ڤاگنەرەوە بۆ گروپى مافیایى

  • پارتى خه‌ریكى چییه‌... درزێك له‌ڕۆژئاوا خه‌ریكه‌ ماڵوێرانى به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت

  • كورد لە ئیجەو لیبیا بە دو شێوازى جیاواز دەخنكێت

  • ئەمڕۆ قەتەرو سبەی تورکیا.. ئیسرائیل دژی تیرۆر دەجەنگێت

  • لوتکەی شەنگەهای..هاوسەنگیی هێز یان دیمەنێکی ڕەمزیی؟

  • 11ى سێپتامبەر چۆن رویدا و كێ لەپشت هێرشەكانەوە بو؟

  • ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە ناكۆكییەكانى نێوان هەرێم و بەغدا؟

  • ئایا ئیسرائیل سیناریۆی دەوحە لە بەغدا دوبارە دەکاتەوە؟

سەرەکی