5   کاتژمێر پێش ئێستا 41 جار خوێنراوەتەوە

ئاڵدار خەلیل: ئەگەر چەکدار نەبین وەک عەلەوییەکانمان لێدێت

ناوەندی هەواڵ

ئاڵدار خەلیل دەڵێت دەبێت ئاسایشی کورد لە دەستی خۆیدا بێت لە هەموو سوریادا، چونکە حکومەت پابەندی هیچ بەڵێن و پەیمانێکی نابێت، ئەگەر بێت و کورد چەکدار نەبێت وەک عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ دەکرێت و کوردیش ملیان بۆ نادات، نیشانی جیهانیش دراوە کە مردنمان پێباشترە لە سەرشۆڕیی
 
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە لەبارەی ئەو شەڕەی لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردی ڕوویدا، دەڵێت، ئەوەی ڕوویدا ستەمێکی ئاشکرابوو لەلایەن حکومەتەوە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل، چونکە بەپێی ڕێککەوتنی کورد لەوێ ئاسایشی دەپاراست، ئەوان چوار مانگە گەمارۆیان خستوەتە سەر خەڵکەکەی و بابەتەکە تەنها شەڕی 6 ڕۆژە نەبووە.
 
دەشڵێت، ئەوەی لە حەلەب ڕوویدا بەرامبەر کورد تەنها حکومەتی سوریا نەبوو، بەڵکو تورکیا بە ڕاستەوخۆ بەشداربووە و ئەردۆغانیش لەپێناو هێرشکردنە سەر کورد دەستی لە حەمماس بەردا، دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراکیش بێدەنگبوون ئەگەر بەشداریش نەبووبن، چونکە بینویانە کە چی ڕوودەدا.
 
لەبارەی بەشداری نەکردنی هێزەکانی هەسەدە لە شەڕەکە وتی، هەسەدە بەشداری شەڕەکەی نەکرد چونکە باش دەزانین کە ئامانجی تورکیا و سوریا ئەوەیە هەسەدە بکێشنە ناو شەڕەوە و دەستیان بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و خۆسەر ببەن.
 
وتیشی دوای کۆبوونەوەی 4ی ئەم مانگەی دیمەشق بڕیاربووە دوای یەک هەفتەی دیکە کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدرێت بەڵام پێش ئەو وادەیە کە بابەتەکانی گەڕانەوەی کوردانی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی باس دەکران تیایدا، هێرشکرایە سەر کوردی حەلەب و هەموو شتیان تێکدا.
 
ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ هەمووان ڕوونە کێ ڕێککەوتنی کورد و دیمەشقی ناوێت، هەرکات هاکان فیدان دێتە سوریا هەموو شتێک تێکدەچێت و هەر لەبەرئەوەش ڕێککەوتنی 10ی ئازار تا ئێستا جێبەجێ ناکرێت و تورکیا بەربەستی سەرەکییە کە کورد و دیمەشق ڕێکناکەون.
 
ئاڵدار، تەواوی ئەو قسانەی ڕەتکردەوە و کە باس لە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەی کرد لەو گەڕەکانە و وتی هەموو ئەوانە قسەی تورکیان و ڕوونە کە کێ باس لە بوونی پەکەکە و گەریلا دەکات، چونکە پەکەکە نە شەڕی لە دژی حکومەتی سوریایە لە هیچ بنکە و بارەگا و ڕێکخراوێکی لە سوریا هەیە و ئەوانەی لە سوریان پێکهاتەی وڵاتەکەن، ئەوە خەڵکیترە دوای کورد هاتووەتە ناوچەکە.
 
ڕوونیشیکردەوە، لەپێش کاتی ئاواکردنی کۆماری سوریاوە کورد لە حەلەب بووە و لە ڕەسەنترین خەڵکی ناوچەکەیە و کەس ناتوانێت بڵێت کورد لەو ناوچەیە بوونی نەبووە و حەلەب عەرەبییە، دەبێت هەموو ڕێککەوتنێک بە واژۆی دڵنیایی بکرێت، چونکە حکومەتی سوریا پایمانشکێنە و هیچ بەڵێنێکی ناباتەسەر.
 
باسی لەوەشکردووە،، ئەو دوو گەڕەکە شوێنی نیشتەجێبوونی کوردە و هەرواش دەمێنێتەوە و کورد بەجێی ناهێڵێت و بە چەکی خۆی خۆپارێزی لە حەلەب و تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، چونکە چەک تاکە هۆکاری پاراستنە ئەگەر کورد چەکدار نەبێت وەک عەلەوییەکان کۆمەڵکوژدەکرێت.
 
لەبارەی  پرۆسەی ئاشتی و تورکیاوە دەڵێت، تورکیا بە ناچاری و لە ترسی پەکەکە دەستی بۆ پڕۆسەکە بردوە، ئەگەر نا تورکیا هەموو کورد بە دوژمن دەزانێت لە هەرچوار پارچەکە و ناوچەکە، ئەوەتا کوردانی ڕۆژئاوا لە سوریا هیچ زیانێکیان بۆ تورکیا نییە و بە ئاگر و ئاسن شەڕی کورد دەکات، لە باشوریش کێشە بۆ کورد دروست دەکات کاتێک دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی چارەسەر بکات، دەبێت تورکیا ئەو بیرکردنەوە دوژمنانەیەی بەرامبەر بگۆڕێت و کورد وەک دراوسێی خۆی پەسەند بکات.

  • ئاڵدار خەلیل: ئەگەر چەکدار نەبین وەک عەلەوییەکانمان لێدێت

  • بە 42 هەزار چەکداری فەرمیی سوریا و دەیان هەزار بەکرێگیراوی تورکیا شەڕی دوو گەڕەکی کوردیی دەکەن

  • ئەگەر هێرشەكان لەحەلەب بەردەوامبن شەڕدەبەینە تەواوی شارەكانی سوریا

  • گرووپەكانی سەر بە شەرع دیسان پەلاماری كوردیان دایەوە

  • دیوی پشتەوەی هۆکارەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزوێلا چییە؟

  • عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی کەشوهەوادایە

  • مه‌ترسى گه‌وره‌ ئاشكراكراو ئه‌گه‌رى هێرشكردنه‌سه‌ر كوردانى حه‌له‌ب هه‌یه‌

  • بۆ لەپڕ هێرش کرایە سەر گەڕەکە کورد نشینەکان؟

  • ئەمریکا چۆن ئەجێندای تورکیای لە سوریا پەکخست؟

سەرەکی