2   کاتژمێر پێش ئێستا 124 جار خوێنراوەتەوە

​ترەمپ بۆچی پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە کردووە؟

ناوەندی هەواڵ

پێگەیەکی ئەمریکی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرا دەکات، هەرچەندە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستی نەکردۆتەوە.

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی ئەوەبووە گفتوگۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بکات.

 تەنها دوای رۆژێک بووە لە دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

ئەو ماڵپەرە ئەمریکییە لە زاری سێ سەرچاوەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، پەیوەندیەکەی ترەمپ بە بارزانی و تاڵەبانی تەنها دوای رۆژێک بووە لە دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، واتە رۆژی یەکشەممەی رابردوو.

گفتوگۆکان هەستیار بوون

بە وتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، گفتوگۆکان هەستیار بوون و هیچ زانیارییەکی دیکەی لەوبارەیەوە ئاشکرا نەکردووە.

لەبارەی پەیوەندییەکەوە، کارۆلین لیفیت، وتەبێژ بەناوی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند:سەرۆک ترەمپ پەیوەندی بە زۆرێک لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانیەوە کردووە لە ناوچەکە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا.

کورد خاوەنی هەزاران شەڕکەری راهێنراوە لە سنوری عێراق و ئێران

بەپێی راپۆرتەکەی ئاکسیۆس، کورد خاوەنی هەزاران شەڕکەری راهێنراوە لە سنوری عێراق و ئێران، چەند ناوچەیەکی ستراتیژیشیان لەژێر دەسەڵاتدایە، بۆیە رۆڵی گرنگیان دەبێت لە فشارخستنەسەر ئێران.

کوردانی عێراق پەیوەندییەکی قوڵیان لەگەڵ پێکهاتەی کورد لە ئێران هەیە

ئاکسیۆس نوسیویەتی:کوردانی عێراق پەیوەندییەکی قوڵیان لەگەڵ پێکهاتەی کورد لە ئێران هەیە، ئەمەش دەبێتە خاڵی بەهێز بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران.

دوێنێ هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، ڕاگەیاندراوێكی نووسراوی بڵاو كردەوە

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە، دوێنێ هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، سەبارەت بە دۆخی ئێران ڕاگەیاندراوێكی نووسراوی بڵاو كردەوە كە تیایدا هاتووە: لە ڕۆژی شەمەوە ڕەوتی ڕووداوەكان لە ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕێكی قووڵ و بنەڕەتی دەچن. ئەو شەڕەی كە لە ئێستادا هەڵگیرساوە ئاكامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازیی ڕژێم، دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، پاڵپشتیی تێرۆریزمی دەوڵەتی، پێداگری لەسەر دەستخستنی بۆمبی ئەتۆم و پێشخستنی پیشەسازیی مووشەكی، دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی و پێملنەبوونی ڕژێم بە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەكانە؛ سیاسەتێك كە دواجار هەم ئێرانی كردە وڵاتێكی وێران بە ئابوورییەكی داڕماو و هەم ڕژێمەكەش بەرەو ڕووخان برد.

هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵات دەڵێن كوژرانی خامنەیی، ڕێبەری ڕژێم و دەیان فەرماندەی نیزامی و كاربەدەستی سیاسیی ئەم ڕژێمەش دۆمێنۆی ئەو ڕووخانەی خێراتر كردووە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئەم شەڕە، شەڕی كۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمریكا و ئیسڕائیل و كۆمەڵگەی جیهانی نییە، بگرە ئەوە ڕژێمی دیكتاتۆر و سەركوتكەری كۆماری ئیسلامییە كە هەموو خەڵكی وڵاتی بەبارمتە گرتووە، هەموو ماف و ئازادییەكی لێ زەوت كردوون و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا هەزاران كەس لە خەڵكی ڕاپەڕیو و مافخوازی ئێرانی كۆمەڵكوژ كرد. لە ئێستاشدا كە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەكانی خۆیاندان، ڕوو بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوا دەكەین:

١- خەڵكی كوردستان پێ بە پێی ڕەوتی ڕووداوەكان پێویستە لەسەر هەست بن و هۆشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەكان ببنەوە و هەڵسووكەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و ڕاسپاردەكانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ڕێكبخەن و ئەم هەماهەنگی و پەیوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بكەن.

٢- لە ڕۆژانی بەچۆكداهاتنی ڕژێم و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵكدا پێویستە سەرجەم  بنكە و دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەكان لەپێناو بەرژەوەندی و پێداویستییەكانی گشتیدا بپارێزرێن.

٣- داوا لە هێزە چەكدارەكان ڕژێم لە كوردستان دەكەین ڕیزی خۆیان لە پاشماوەكانی كۆماری ئیسلامی جیا بكەنەوە. پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشتتێكردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەكەیان لەكیس خۆیان نەدەن.

٤- پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەوڕووی گۆڕانكارییەكان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاكەكەسی كە زیان بە ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی كۆمەڵگە دەگەیەنێت بپارێزن.

٥- داوا دەكەین لە پێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چەندی دەتوانن لە بنكە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەكانی ڕژێم دوور بكەونەوە.

٦- داوا دەكەین لە ڕۆژانی سەختی بەردەمماندا خەڵكەكەمان بەتایبەت توێژی بازاڕ و دووكاندار و خاوەنماڵەكان زیاتر لە هەر كاتێك ئاگاداری یەكتری بەتایبەت خەڵكی كرێچی، هەژار و بێنەوا بن و بە دەسگرۆیی یەكتر ئەو ڕۆژە سەخت و دژوارانە تێپەڕینین.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا سیاسەت و بەرنامەكانی لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەكانی دیكی خۆیەوە بڵاو دەكاتەوە.”

رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاریدا

بەپێی وتەی چەند بەرپرسێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوپەیمانێتی حزبە کوردییەکان بە ئاگاداری ئەمریکا بووە و ئەگەر شەڕ بچێتە قۆناغێکی نوێوە، پێدەچێت ئەو حزبانە بچنە نێو شاروشارۆچکەکان.

بۆردومانی ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چڕکراوەتەوە، هۆکارەکەی بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لەو ناوچانە دەگێڕدرێتەوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هۆکاری بۆردومانکردنی ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێرانە لەو ناوچانە، تا لە قۆناغی دواتردا کورد ڕاپەڕێت و ناوچەکانی کۆنترۆڵ بکات.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت ئەگەر فشارەکانی سەر ئێران بەردەوام بن، پێدەچێت ئێران هێزەکانی لە رۆژهەڵات بکشێنێتەوە.

جموجۆڵی حزبە کوردییەکان

هەرچەندە حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکارییان ئەنجامداوە و هێز و رێکخستنیان لەناوخۆی رۆژهەڵات خستووەتە ئامادەباشییەوە، بەڵام هێشتا جموجۆڵی سەربازییان ئەنجام نەداوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هۆکاری نەجوڵانی حزبە کوردییەکان پەیوەندی بەوەوە هەیە هێشتا ئێران لەسەر زەوی بەهێزە، چاوەڕێی کات و دەرفەتی زیاترن.

پێدەچێت هۆکاری نەجوڵانی حزبە کوردییەکان بەشێکی تری پەیوەندی بەوەوە هەبێت، هێشتا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵنەکرابێت.

شای ئێران

لەکاتێکدا حزبە کوردییەکان بە ئاگاداری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوپەیمانێتییان بۆ قۆناغی نوێی ئێران ئەنجامدا، بەڵام رەزا شای پەهڵەوی لەدژیان هەڵوێستی نواند و ئەمەش پەیوەندی نێوانیان هەردوولای ئاڵۆزتر کرد.

هێشتا هۆکاری هەڵوێستە نەرێنییەکەی کوڕی شای ئێران روون نییە، بەڵام ئەوە روونە هەڵوێستەکەی کوردی زیاتر کردە نەیاری، ئەمە جگە لەوەی سەرۆکی موجاهیدینی خەڵق دەرفەتی قۆستەوە و هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر کورد دەربڕی.

 

  • ​ترەمپ بۆچی پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە کردووە؟

  • "ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن"

  • ئاماری سێ رۆژی جەنگ لە ئێران لەنێوان خەڵكی سڤیل و هێزەكانی حكومەت

  • عەلی ڕەزا ئەعرافی لە سێبەری خامنەییەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات و چارەنووسێکی نادیار

  • لاریجانی هەڕەشە دەكات؛جگە لە رابەر چەند سەركردەی دیكە لە هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ئێران كوژراون؟

  • ئێران بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل:ڕێگایەکتان دەستپێکرد کۆتایییەکەی بەدەستتان نابێت

  • بۆچی شەڕ لەنێوان پاكستان و ئەفغانستان سەریهەڵدا؟

  • رۆژنامەیەكی ئەمریكی داواكانی وڵاتەكەی لە ئێران ئاشكرادەكات

  • رۆژنامەیەكی ئەمریكی داواكانی وڵاتەكەی لە ئێران ئاشكرادەكات

سەرەکی