2026-08-11 180 جار خوێنراوەتەوە

دەیەیەک بەسەر بێدەنگکردنی پێنووسێکدا تێپەڕی؛ ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن

 ١٠ ساڵی تەواو بەسەر ڕفاندن و تیرۆرکردنی دڕندانەی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی (ڕۆژنیوز) لە شاری دهۆک تێپەڕی، بەبێ ئەوەی تا ئێستاش بکەران و دەستەکانی پشت ئەو تاوانە بە سزای یاسایی خۆیان بگەڕێندرێن. لە دەیەمین ساڵیادی ئەم ڕووداوەدا، بنەماڵەکەی و ئازادیخوازان جەختیان لە بەردەوامیی تێکۆشان بۆ مافی خوێنی شەهیدی قەڵەم کردەوە.

١٠ ساڵ لە تەمومژاوی هێشتنەوەی کەیسەکە

 ڕێکەوتی ١٣ی ئابی ٢٠١٦، لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا و لە شەقامێکی پڕ هاتوچۆی شاری دهۆک، ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لەبەرچاو کامێراکانی چاودێری و هاوڵاتیان ڕفێندرا و دوای ئەشکەنجەیەکی توند، بە برینداری لەسەر ڕێگای سێمێل - دهۆک دۆزرایەوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. سەرباری تێپەڕبوونی ١٠ساڵی تەواو بەسەر ئەم تاوانەدا، کەیسەکە بە تەمومژاویی ماوەتەوە و هیچ تۆمەتبارێک ڕاپێچی دادگا نەکراوە، ئەمەش گومانەکان لای بنەماڵەکەی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر دەکات کە تاوانەکە بە چاودێری یان پشتیوانیی دەسەڵاتی ئەمنیی ناوچەکە کرابێت و بەڵگەکان پەردەپۆش کرابن.

یادکردنەوە لە سلێمانی، دهۆک و تاراوگە

ساڵانە لە مەراسیمێکدا لە سلێمانی و لەسەر مەزاری شەهید لە گۆڕستانی شاخکێ لە دهۆک، ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان یادی "شەهیدی قەڵەم" بەرز ڕادەگرن. هاوکات لە تاراوگە و لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، چالاکوانان کۆبوونەوە ڕێک دەخەن و خولەکێک بێدەنگ دەبن بۆ ڕێزلێنان لە ڕوحی وەدات حسێن و سەرجەم شەهیدانی قەڵەم، و ئیدانەی بەردەوامیی گوشار و ئاستەنگەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکەن.

پەیامی بنەماڵەی شەهید وەدات حسێن

پێشتر بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی، سوپاسی بێپچڕانی ڕۆژنامەنووسان، ئاژانسی ڕۆژنیوز، گەنجانی بوێری بادینان و جەماوەری سلێمانییان کرد کە لە ماوەی رابردوودا هەمیشە پشتیوانی کەیسەکە بوون. بنەماڵەکەی جەختیان کردەوە کە وەدات تەنها موڵکی ئەوان نییە، بەڵکو "سەمبولی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە" و هیچ کەسێک ناتوانێت بازرگانی بە خوێنیەوە بکات. هەروەها داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان کرد کە لە هەوڵەکانیان بۆ دادپەروەری بەردەوام بن.

کورتەیەک لە ژیان و خەباتی وەدات حسێن

وەدات حسێن عەلی لە ساڵی ١٩٨٨ لە دایکبووە. خێزانەکەی دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ بۆ باکووری کوردستان کۆچیان کردبوو و لە ساڵی ١٩٩٠ گەڕابوونەوە دهۆک. وەدات وەک چالاکوانێکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس لە ناوچەی بادینان کاری دەکرد و بەردەوام ڕووبەڕووی گوشار و هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی دەبووەوە، تا ئەو کاتەی لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و بەردەوامبوونی لەسەر ڕاستییەکان، بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کرا.

  • لەگەڵ پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە"؛ کەجەکە مەرج و ستراتیژیی نوێی ئاشکرا دەکات

  • "هەڕەشەکانی پاسداران و کۆتایی مۆڵەتی گرووپەکان؛ وەفدێکی باڵای پێشمەرگە لە ئوردن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هەستیار دەکات

  • "لە هێڵی سووری 'جورفلسەخر'ەوە تا پەرلەمان؛ ئایا زەیدی کۆتایی بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دێنێت؟"

  • ململانێکان لە هورمزەوە بۆ کوردستان؛ مووشەک و درۆنەکانی ئێران ڕوویان کردووەتەوە هەرێم

  • "ململانێی پێکهێنانی حکومەت؛ چۆن یاری بە چارەنووسی دەرچووان کرد؟

  • دەیەیەک بەسەر بێدەنگکردنی پێنووسێکدا تێپەڕی؛ ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن

  • میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج؟

  • چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا

  • لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سه‌رێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟

سەرەکی