×

کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم
2024-11-16 311 جار خوێنراوەتەوە

هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

ناوەندی هەواڵ

پێچەوانەی وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كە دەڵێن دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان سودی بۆ ئابوری عێراق دەبێت و داهاتەكەی زیاد دەكات، شارەزایەكی ئابوری دەڵێت "عێراق زیان دەكات".

 هەریەك لە هەولێر و بەغداد ڕێكەوتن، نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەی جەیهانی توركی بكرێت، بۆ هەر بەرمیلێك حكومەتی عێراق 16 دۆلار خەرجی دەرهێنان و هەناردنی نەوتەكە دەدات، ئەمەش لە ناوخۆی عێراقدا ڕوبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە.

شارەزایەكی ئابوری نهێنی ژێربەڕە دەهێنێتە سەر بەڕە

بە پێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، كە باس لەوە دەكەن عێراق بە ڕێگرتن لە هەناردەی نەوتی هەرێم دەیان ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، شارەزایەكی ئابووری لە عێراق پێی وایە ئەگەر نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت، عێراق پێنج ملیار دۆلار زیانی بەردەكەوێت.

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری، بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندووە، هەناردەی نەوت زیانی پێنج ملیار دۆلار لە دەوڵەت دەدات و بودجەی عێراق تووشی كورت هێنان دەكات.

مەرسومی دەڵێت "كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێم "ئەپیكور" پێشوازی لە هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجە كردووە، چونكە دەزانن دەرفەتێكی گونجاویان بۆ ڕەخساوە بەم داڕشتەی ئێستاوە، تا خواستەكانی پێشوویان تایبەت بە مەرجە بازرگانییەكان و دەستەبەری گێڕانەوەی ئەو پارەیەی لە هەناردەی پێشتر و دواتر لە ڕێی بۆری نەوتی عێراق توركیا بكەن".

ئەو شارەزایە دەشڵێت "هەمواری دەقەكە، بە جۆرێكە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ قەرەبووی حكومەتی هەرێم لە خەرجی سیادی بكاتەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، هەر كێڵگەیەكیش بە جیا خەمڵاندن بۆ تێچووەكەی بكرێت، ئەمەش لە ڕێی شارەزای نێودەوڵەتییەوە بێت، بۆ هەر بەرمیلێك وەك پێشەكی 16 دۆلار بدرێت".

"بە گوێرەی ڕاپۆرتەكانی پێشتری كۆمپانیای دیلۆیت، هەرێم تەنیا ٪44ی داهاتی نەوتی دەستكەوتووەتەوە و داهاتەكەی دیكە بۆ كۆمپانیا بیانییەكان و خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بە بازاڕكردنی نەوتەكە بووە و لە زۆربەی گرێبەستەكاندا قازانجی كۆمپانیاكان ٪20 بووە لە قازانجی نەوت دوای داشكاندنی تێچووی بە ڕێژەی ٪40 لە نرخی هەر بەرمیلێك". نەبیل مەرسومی وای وت.

ئەو شارەزایەی بواری ئابوری باس لەوەشدەكات " پابەندبوونی عێراق بە مەرجەكانی ئۆپیك پڵەس لە بارەی بڕی هەناردەی نەوتەوە، دەریدەخات، هەرێم ئەگەر 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا هەناردە بكات، دەبێت هەمان بڕ لە كێڵگەكانی عێراق كەمبكرێتەوە، واتە عێراق ساڵانە بڕی نزیكەی پێنج ملیار دۆلار داهاتی كەم دەكات و ئەوەش دەبێتە مایەی كورتهێنانی بودجە، چونكە خۆی نەوتەكە نافرۆشێت و نەوتی هەرێمیش تێچووی زۆرە و قازانجی زۆر بۆ كۆمپانیا بیانییەكانە و كوالێتی نەوتەكەش نزمە".

چارەسەر

ئەو شارەزایە پێشنیازی ئەوەی خستووەتەڕوو، عێراق داوا لە ئۆپیك پڵەس بكات، بڕی هەناردەی نەوتی كەم نەكاتەوە بۆ ئەوەی لە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە كێشەی بۆ دروست نەبێت.

چیرۆكی دەستپێكردن و كۆتایی ئابوری سەربەخۆ

حكومەتی عێراق پێش ئەوەی ساڵی 2014 پشكی هەرێمی كوردستان لە بەغداد ببڕێت لە ساڵی 2012 لە دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان و حكومەتی هەرێم تۆماركرد.

ڕاگەیاندنی حوكمی كۆتایی لەبارەی ئەم كەیسە، لەكاتی خۆیدا بەهۆی نێوەندگیری سیاسییەوە ڕاگیرا، هۆكارەكەشی ئەوەبوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق ئامادە نەبوو لەسەر ئەم سكاڵایە شایەتی بدات، لە قۆناغی دواتریشدا بەهۆی تێكچوونی نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵییەوە، دادگا نەیتوانی حوكمی خۆی دەربكات.

ساڵی 2019 سكاڵایەكی دیكە تۆماركرا. ڕۆژی 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كورستانەوە ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەكە چیتر هەرێم بۆی نییە بەبێ ئاگاداری بەغداد نەوت هەناردە بكات و دەبێت نەوتەكەی ڕادەستی بەغداد بكات.

ئەو كات حكومەتی هەرێم ڕەتی كردەوە پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بێت و بەردەوامی بە هەناردەی نەوتدا، تا دواجار دادگای ناوبژیوانی پاریس كەیسێكی یاسایی لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق یەكلایی كردەوە.

 ڕۆژی 25ی ئازاری 2023، بە فەرمی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە ڕاگیرا، هەرێمی كوردستانیش بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ناچار بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد كرا.

 

  • ​لە حەلەب چی ڕوودەدات؟؛ بۆچی توركیا ترسی لە گۆڕانكارییەكان هەیە؟

  • ڕۆژانە 140 ژن و منداڵی كچ دەكوژرێن

  • قومار و قوماری ئەلكترۆنی چۆن خەریكە كۆمەڵگە تێكدەدات؟

  • بارزانی چۆن لەپیلانەكەی توركیا بەناوی پرۆسەی ئاشتی بەشدارە؟

  • هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

  • پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

  • پاڵاوگەی نایاسایی و تێكدانی ژینگەکەی؛ هەولێری كردووەتە یەكەم شار لە توشبوون بە شێرپەنجە

  • په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

  • بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

سەرەکی