2024-09-07
165 جار خوێنراوەتەوە
باڵوێزی ئێران لە بەغدا: چەندین ڕێککەوتنی ئەمنی لە کاتی هاتنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێڕاق واژۆ دەکرێت
ناوەندی هەواڵ
باڵوێزی ئێران لە بەغدا، ڕایگەیاندووە مەسعود پزشکیان بەم زووانە سەردانی بەغدا دەکات و لە کاتی سەردانەکەشیدا ژمارەیەک ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق واژۆ دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاویکردەوە، محەمەد کازم ئالی ئیسحاق باڵوێزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاندووە، مەسعود پزشکیان لەکاتی سەردانی بۆ عێراق گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی غەززە و هەروەها پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لە بواری سیاسی ، فەرهەنگی، ئابووری و ئەمنیەتی دەکات.
باڵوێزی ئێران لە عێراق سەبارەت بەگرنگی عێراق لەلای ئێران ڕایگەیاندووە، لای سەرۆکی ئێران عێڕاق بە وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە ئەژمار دەکرێت لە سیاسەتی دەرەوەدا لەلایەن پزشکیانەوە کرنگی زۆری پێ دەدرێت لەبەر ئەوەی عێڕاق لە ناوبژیوانی تاران و وڵاتانی ناوچەکە ڕۆڵی سەرەکی بینیوە.
ئالی ئیسحاق ئاماژەی بەوەشکردووە، پزشکیان لە کاتی سەردانی بۆ عێراق ڕێککەوتننامەی ئابوری و ئەمنی لەگەڵ عێراق واژۆ دەکات و دەچێتە زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان و دواتر سەردانی بەسرە و هەولێریش دەکات.
هاوکات، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندووە، یەکەم سەردانم بۆ دەرەوەی وڵاتەکەم بۆ عێراق دەبێت، چونکە عێراق بۆ ئێمە گرنگە، دەشڵێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان پەرەپێدەدەین.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمى وڵاتەکەى لەبارەى یەکەم وڵات دواى دەست بەکاربوونى، کە سەردانى دەکات ڕایگەیاندووە، یەکەم سەردانم بۆ دەرەوەی وڵاتەکەم بۆ عێراق دەبێت، چونکە عێراق بۆ ئێمە گرنگە.
وتیشى، گرنگی بە وڵاتانی دراوسێ دەدەم و پلانم ھەیە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیھانیش بەرەوپێش بەرین.
باسى لەوەشکردووە، گەمارۆی رۆژئاوا و ئەمریکا گەشەی ئێرانی سست کردووە و پێویستیان بە نزیکەی 200ملیار دۆلار ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن وەبەرھێنان بکەن .
بڕیارە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری لە نێوان 10 تا 21ی ئەم مانگە سەردانی بەغدا بکات، سەردانەکەش لەسەر بانگهێشتی فەرمی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە.
|