×

ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات قایمتر دەکات
2024-09-11 326 جار خوێنراوەتەوە

ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

ناوەندی هەواڵ

لەگەڵ نزیکبونەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، تای هەڵبژاردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هاوشێوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان بەرز دەبێتەوە، بەبێ بونی هیچ بەرنامە و ستراتیژێکی ڕوون و دورمەودا بۆ چارەسەری گرفتەکان، پارتەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن لە ئێستاوە دەستیان بە بانگەشە کردووە .

هەرێمی کوردستان کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی کەمترە لە  شەش ملیۆن هاوڵاتی، چەندین پارتی سیاسی تێدا دروستبوون، هەندێک پیروهەندێکیان نوێ، بەڵام سەربەیەک قوتابخانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئابورین، ئێستا ئەو پارتانە بەشێکیان وەک دەسەڵات و بەشێکیان وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان بەیان کردووە.

 پەرتەوازەیی و لاوازی و بێهەڵوێستی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان 

ئەو پارتانەی لە هەرێمی کوردستان وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان ناساندوە، بەوانەی لە پێشتردا هەبون و بەوانەشەوە کە لەم دواییەدا دەرکەوتون، جگە لە کۆمەڵێک دروشم و وتاری دووبارە هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ چارەسەری گرفتەکانی هاوڵاتییان و باشترکردنی ژیانی خەڵک و پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان ئەم هەرێمە نییە.

دەسەڵات و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان تاڕادەیەکی زۆر لەیەک دەچن 

 چاودێران بەگشتی پێیان وایە لە ئێستادا وتار و کرداری بەرەی بەناوئۆپۆزسیون و بەرەی دەسەڵات تا ڕادەیەکی زۆر لەیەک نزیکن و لەیەک دەچن، د. حەکیم عەبدولکەریم، چاودێری سیاسی بۆدەزگای میدیایی "ئیرادە" وتی:" ئەوانەی ئێستا خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناساندووە جگە لە بەرژەوەندی خۆیان بەلاڕێدابردنی خەڵک و خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتییان و هەڵخەڵەتاندنیان هیچ کارێکیان بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتییان نییە و لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پلانێکیان بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی و بە مۆدێرنکردنی سیستمی حکومڕانی نییەم هێندەی ئەوەی مەبەستیانە بگەنە پەرلەمان و وەرگرتنی پایەکانی دەسەڵات.

لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی هەموو وڵاتانی جیهان و تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە مێژوویەکی نوێیان هەیە لە کاری سیاسی و بە ئۆپۆزسیۆن بوون، یان ئەو وڵاتانەی زۆر دواکەوتوون لە ڕووی سیاسی و بەڕێوەبردنەوە، هێندەی پارتە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان دواکەوتوو و لاواز و پەرتەواوزە بێهەڵوێست نین کە نەتوانن "لەسەر هیچ پرسێک هەڵوێستێکی یەکگیر و جێگیریان لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان هەبێت".

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان  لەبارێکی شڵەژاو بێ بەرنامە وبێ ناوەرۆکدان، بەشێکیان ئەوەندە بێئاگان لە کاری ئۆپۆزسیۆنی و ستتراتیژ و دەسەڵات، لە ڕێگای میدیاکانیانەوە، خەریکی چەواشەکاری و پەرتکردنی هەر جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشندانێکن کە لەلایەن هاوڵاتییانەوە خۆڕسکانە ڕێک دەخرێت، کەلە بنەڕەتدا جۆشدان و ڕێکخستن و پلانی ئەو کارە دەبوو ئۆپۆزسیۆن ئەنجامی بدایە.

ئەو پارتانەی خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن بەیان کردووە لە ڕاستیدا پەرچە کردارن 

د. شێرکۆ کرمانج، مامۆستای زانکۆ و توێژەر،  لەبارەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان بە "ئیرادە"ی ڕاگەیاند: "ئەو پارتانەی لە هەرێمی کوردستان وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان دەناسێنن هەمویان پەرچەکردارن و هیچیان لە ڕاستیەنەی کۆمەڵگای کوردییەوە نەهاتونەتە بوون، تاوەکو خەمی خەڵک بکەنە خەمی خۆیان و ئامانجە نیشتمانییەکان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان.

لەبارەی ڕەوتی بوون بە ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات، لەناو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان قسەیەک باوە کە دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان نە ئۆپۆزسیۆن ئۆپۆزسۆنە و نە دەسەڵات دەسەڵات! لە زۆر بابەتدا ئۆپۆزسیۆن تەواو لە حیزبەکانی دەسەڵات دەچێت، بێ پڕۆژە وبێ پلان، هەر لەیەکەم ساتی دروستبوونیانەوە بەسەر وڵاتانی هەرێمایەتیدا دابەشبوون هەروەک چۆن پارتە دەسەڵاتدارەکان دابەش بوون، د. شێرکۆ کرمانج وای وت. 

لەبارەی ئامانجەکانی ئۆپۆزسیۆن د،شێرکۆ کرمانج دەشڵێت: بەهۆی نەبونی وتارێکی نیشتمانی و ستراتیژی و پلانی دورمەودا، ئۆپۆزسیۆنی کوردی نەیتوانیوە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان دروستیکردوە، ئەو دەشڵێت: ئۆپۆزسیۆنی کوردی لەسەر دەنگی دەسەڵات دەژی، بۆیە هیچ کات ناتوانن ببنە جێگەی ئومێد و هیوای هاوڵاتییان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە بەردەوامەکانیان لە بوارە جیاوازەکان.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان هەر لە دروست بونیانەوە وەک چۆن بێ ئامنجی سستراتیژی بۆ ئایندەی هەرێمەکە تێکەوتوون، لە ڕووی سیاسەتیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی هەرێم، تا ئاستێکی زۆر پارتێکی لاواز و سەرکزن، بەتایبەت دوای ئەوەی دەرکەوت لەبەرامبەر هێرش و کوشتار و داگیرکارییەکانی تورکیا و ئێران ئەوان بێ ڕوئیا و بێ هەڵوێستن، نەک هەرئەوەندە بەڵکو ناتوانن ئەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر هاوڵاتی و ڕۆژنامەنوس و منداڵ و ئەرز و ئاوی هەرێمی کوردستان بۆ بانگەشەی خۆیان بەکاری بهێننەوە، لاکاتێکدا پرسی داگیرکاری و ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان لە لایەن وڵاتانی دەرەکیەوە بۆ سەر هەر هەرێم و وڵاتێک دەتوانێت تەنها بە جۆسدانی هاوڵاتیان حکومەتی پێ هەڵبوەشێنرێتەوە.

حەکیم عەبدولکەریم لەبارەی ئامانجەکانی ئۆپۆزسیۆن باسی لەوەکرد، ئامانجی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان گەیشتنیانە بە پەرلەمان و دەسەڵات، دەزانن ئێستا هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵات بە ئەنجێندای ئێران و تورکیا بەڕێوە دەبرێت، نایانەوێت بەهیچ شێوەیەک دژی داگیرکاری و دەستوەردان و هێرشەکانیان هەڵوێستیان هەبێت.

ئۆپۆ ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان هۆکارن بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشداندانی هاوڵاتییان

لە دونیادا ئۆپۆزسیۆن بەداینەمۆی جوڵاندنی ڕای شەقام و دروستکردنی ڕایگشتی لەسەر خراپەکاریی و گەندەڵەییەکانی دەسەڵات و پرسە نیشتیمانییەکان دانەرێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوە هۆکارن بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشداندانی هاوڵاتییان کە خۆڕسکانە بۆ داواکردنی مافەکانیان و هەندێکجار لە دژی دەستدرێژی و هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ ئەنجامی دەدەن.

هاوڵاتیان : حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەرگیز ناتوانن ببنە دەنگی ڕاستەقینەی شەقامی ناڕازی کوردی

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پارتی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمەکە توڕە و بێزار و نائومێدن، ئەوان پێیان وایە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەرگیز ناتوانن ببنە دەنگی ڕاستەقینەی شەقامی ناڕازی کوردی .

بەگشتی هاوڵاتیان پێیان وایە،  ئیستا لە هەموو کات زیاتر هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە هەیە کە خەمی خەڵک و شەقام بکاتە خەمی خۆی، کار بۆ بەدامەزراوەکردنی سێکتەرە جیاوازکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بکات، گۆرانکاری لە سیستمی سیاسیدا بکات، دەستی حیزب لە حکومەت دەربهێنێت و گەندەڵی و جیاوازی چینایەتی و پاشکۆیەتی وڵاتان کۆتایی پێ بهێنێت.

ئەوەی هەیە تا ئێستا لەهەرێمی کوردستان جیا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کە سێ پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانن، چەندین پارتی دەرەوەی ئەو سێ پارتە، چەندین پارتی دیکە لە ژێر ناوی دژە دەسەڵات خۆیان بونیات ناوە و چالاکی ئەنجام دەدەن، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەیانتوانیوە ببنە جێ متمانەی هاوڵاتیان و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستانیش کە بڕیارە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024 بەڕێوەبچێت.

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

  • یاسای باری كەسێتی، لەناوبردنی دەوڵەت و گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار

  • هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

  • ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

  • چاوچنۆکی و تەماحەکانی تورکیا دەگەنە کەرکوک

  • عێراق و هەرێم کەی بێدەنگی خۆیان سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەشکێنن؟

  • تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

  • دوو مووشەک کشانەوەی هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە عێراق ڕاگرت

سەرەکی