×

2024-09-15 516 جار خوێنراوەتەوە

توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

ناوەندی هەواڵ

لە جیهاندا شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن، نەخۆشییەکە بێڕەحمانە لە دەرگای هەموماڵێک دەدات، هاوڵاتیانیش دەستەوسان و بەچۆکدادێن بەرامبەری، بەتایبەت ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتەکە وەک دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان بێت. 

ساڵی 2018 لەجیهاندا 9.6 ملیۆن کەس بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە ژیانیان لە دەست داوە ،هەڵبەتە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە ڕێژەکە جیاوازە، ئەو وڵاتانەی کە دەستڕاگەشتن بە پێداویستیە تەندروستییەکان سەختە تێیاندا، ڕێژەکە زۆر بەرزترە بە بەراورد بەو وڵاتانەی هۆشیاری تەندروستی تاک لە ئاستیكی باشدایەو حکومەتێکی خەمخۆریان هەیە.

لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجە بە دیاری کراوی یەکێک لە هەرە مەترسیدارترین نەخۆشیەکان، بەهۆی ژینگەی پیس و کەمتەرخەمی دەسەڵات و کەرتە تەندروستیەکەی، ساڵانە بەهۆیانەوە سەدان کەس تووشی شێرپەنجە جیاوازەکان دەبن . 

ئامارەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زەنگێکی مەترسیدارن 

زمانی ئامارەکان نەک دڵخۆشکەر نین لە هەرێمی کوردستان بەڵکو تەواو مەترسیدارن، توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بە وە دەکەن کە ڕێژەی تووش بوون بە شێرپەنجە دوو هێندە زیادی کردوە.

ساڵی 2013 ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە بە تەنها لە هەولێر هەزارو 250 کەس بوون کە 657 کەسیان مێیینە بوون و 674 کەسیشیان لە ڕەگەزی نێر بوون، بەڵام لە ساڵی 2019 ڕێژەکە بەرز بووەتەوە بۆ سێ هەزارو 457 و لەو ژمارەیەش هەزارو884 لە ڕەگەزی مێ بوون و هەزارو573 کەسیشیان لەرەگەزی نێر بوون، بەراورد بە دەساڵی ڕابردووش ڕێژەی توش بوون بە نەخۆشییەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2023 دا ژمارەی توشبووان نزیک بوەتەوە لە 10 هەزار کەس لە هەموو کوردستان کە رۆژانە دەکاتە 30 بۆ 35 کەسی توشبوو.

ئەگەرچی ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشییەكە لە هەرێمی کوردستان هێشتا ئاستی ستانداردی جیهانی تێنەپەڕاندووە كە 190 توشبووە بۆ هەر 100 هەزار كەسێك، بەڵام ئامارەكان نیشانی دەەدن كە ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان لە هەڵكشانێكی بەردەوامدایە و ئەگەر ئەم بەرزبوونەوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت چەند ساڵى‌ داهاتوو ئاستی ستانداردیش تێپەڕێنێت .

ئێستا لە هەرێمی کوردستان جیا لە توشبوون بە شێرپەنجە لە کەسانی سەرو تەمەن 18 ساڵ  توشبوونی ڕێژەیەکی زۆری منداڵانە بە شێرپەنجە جۆراوجۆرەکان، بە جۆرێک تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 147 منداڵ لە پارێزگای هەولێرو 203 منداڵ لە سلێمانی و هەرچی پارێزگای دهۆکیشە 67 منداڵ توشبووی نەخۆشییەکەن، ئەو رێژەیەش لای هاوڵاتیان بە پێچەوانەی دەسەڵات و کابینەکانی حکومەتی هەرێم جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە .

 شێرپەنجە، نەخۆشیەکی کوشندەی تاقەت پڕوکێن و زۆرجار بێچارەسەرە ئەگەر لە سەرەتاکانی توشبوون بە نەخۆشیەکە هەستی پێنەکەیت، لەهەرێمی کوردستان و بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە ئێستادا هەزاران کەس بە دەست نەخۆشیەکەوە دەناڵێنن بە جۆرێک ئێستا لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان نزیک لە 10 هەزار نەخۆش بوونی هەیە و چارەسەر وەردەگرن، لەو ڕێژەیە هەولێر پشکی شێری هەیە، واتا لەو ڕێژەیە پێنج هەزار و 456 نەخۆش كە دەكاتە 55% لە پارێزگای هەولێرن، سێ هەزار و 275 كەس كە دەكاتە 33% لە سلێمانی و هەزار و 180كەسیش لە دهۆكن بە رێژەی 12% ئەوە جیا لەو کەس و هاوڵاتیانەی دوای توشبوونیان بە نەخۆشیەکە ڕوو لەدەرەوەی هەرێمەکە دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەوەی لەئامارەکاندا جێگەی مەترسیە بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی توشبووانە بە تایبەت لە هەولێرو سلێمانی، دوای ئەوەی دەرکەوت لە هەر100 هەزار کەسێک ڕێژەی توشبوون 105 کەسی تێپەڕندووە بەتایبەت لە هەولێر . 

 

ژمارەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان بە پێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی  

ساڵی 2020 ڕێژەی توشبووان حەوت هەزارو 293، کەس
 ساڵی 2021 ڕێژەی توشبووان حەوت هەزار و 904، کەس 
لە ساڵی 2022 ڕێژەی توشبووان نۆ هەزار و 61 کەس
ساڵی 2023 ڕێژەی توشبووان نۆهەزار و 911 كەس

جۆرەکانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیی

لە (18.1٪) توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك 
 (6.3٪) توشبوون بە شێرپەنجەی قۆلۆن 
 (6.1٪) توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان 
 (5.2٪) توشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات

ئەو جۆرانەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان بە پێی داتا و ئامارەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی بەربڵاوترین ئەو جۆرانەی نەخۆشیەکەن کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تووشی هاوڵاتیان دەبن . 

بە پێی لێدوانی بەشیک لە کەس و کاری توشبووانی نەخۆشانی شێرپەنجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئاستی بێهیوایی کەمتەرخەمە لە نەخۆشانی شێرپەنجە، بە پێی ئەوەی حکومەت ئامادە نییە وەک پێویست دەرمان بۆ توشبووان بەردەست بکات، لەکاتێکدا پێداویستی و چارەسەرییەکان بۆ کەس و کاری توشبووان بارێکی قورس و تاقەت پڕوکێنە و زۆربەی خانەوادەکانیش لە توانانی کڕینی داودەرمان و سەردانی کردنی پزیشک ودابینکردنی پارەی پێویست وەڕس و نیگەران بوون . 

 

 

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

  • یاسای باری كەسێتی، لەناوبردنی دەوڵەت و گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار

  • هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

  • ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

  • چاوچنۆکی و تەماحەکانی تورکیا دەگەنە کەرکوک

  • عێراق و هەرێم کەی بێدەنگی خۆیان سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەشکێنن؟

  • تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

  • دوو مووشەک کشانەوەی هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە عێراق ڕاگرت

سەرەکی