×

هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان
2024-09-11 213 جار خوێنراوەتەوە

هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

ناوەندی هەواڵ

 پارتی هودا پار بەرماوەی حزبوڵای تورکیایە، پارتێکی توندڕەوی دەمارگیرن، دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینیان تێکەڵکێش کردووە بۆ دژایەتی کورد، لەکاتێکدا خۆیان کوردن، بەڵام نوێنەرایەتی ئیسلامی ساختە و دەوڵەت دەکەن لە تورکیا، زەکەریا یاپجی ئۆغڵوو ئێستا سەرۆکی پارتەکەیە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ڕێگای تیرۆری ڕاستەوخۆوە نزیکەی 17 هەزار کوردیان کۆمەڵکوژکردووە لە باکووری کوردستان، ئێستا ئەو پارتە لە تورکیا ڕێژەی دەنگەکانی 0.03٪ یە.

 بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1987دا پەیڕەوانی کتێبخانەی ئیلیم بەفەرمی خۆیان وەک حزبوڵا ڕایگەیاند و بەکارهێنانی وشەی ئیلیمیان قەدەغە کرد، ئەمە شەڕێکی دژواری لە نێوان ئیلیم و حزبوڵادا نایەوە، دەوڵەتیش لەڕێی دەزگای هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژیتەم)ەوە، لە 15ی ئایاری 2014 زەکەریا یاپچی ئۆغلۆ، کە لە ئیزمیر کۆماندۆی دەوڵەت بووە، دانی بە پەیوەندیی ئیلیم و ژیتەمدا نا و پەردەی لە سەر چەندین تاوان و کۆمەڵکوژی دژی کورد و کەسایەتییە کوردەکان هەڵماڵی.

دەوڵەتی تورکیا ئەو ڕەوتەی هەر لە دروست بوونیەوە، وەک هێزێکی نێوەنگیر بۆ ڕاوەکورد بەکار هێناوە، بەکارهێنانی وێنە و ناوی شێخ سەعیدی پیرانیش بەبێ ئاماژەکردن بۆ لایەنی نەتەوەیی ئەم کەسێتییە کوردییە دەچێتە چوارچێوەی ئەو شەڕەی دەوڵەت و هوداپارەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە باوەکانی ئەم پارتە کوشتنی ڕاستەوخۆی کەسایەتییە نوخبەیی و ڕۆشنبیر و ئایینییەکان و کەسانی ئازادیخوازی کوردەکان بووە لە باکوری کوردستان .

ڕۆژنامەنوس  هالیت گونگەن، بۆ یەکەم جار لە 16ی شوباتی 1992 لە گۆڤاری "بەرەو 2000"  پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و حزبوڵای ئاشکرا کرد بەوەی: ''ئەندامانی حزبوڵا لە ناوەندی تیمە تایبەتەکانی سەر بە هەواڵگری سەربازی دەوڵەتی تورک، کە بە چەڤیک ناسراون، پەروەردە دەکرێن''.

 دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ڕۆژنامەنوس هالیت گونگەن، لەلایەن ئەو تاقمەوە کوژرا. جەنگیز ئاڵتوونی پەیامنێری ڕۆژنامەی یەنی ئولکە چەندین دۆسییەی لەسەر حزبوڵا بڵاو کردەوە، بەکارهێنانی حزبی کۆنترا لەداهێنانی ئەو بوو. لەسەر ئەوەش لە ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 1992دا تیرۆر کرا.

 لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوان حافیز ئاکدەمیر، کە لە سەر حزبی کۆنترا لە دۆسیەیەکی دەکۆڵییەوە، لە 8ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، لە ئامەد لە لایەن ئەو تاقمەوە تیرۆر کرا. لە 20ی نۆڤەمبەری ساڵی 1992، هەر لە شاری ئامەد، نامیق ترانجی، بەرپرسیاری گۆڤاری گەرچەک کاتێک دەچووە نوسینگەی گۆڤارەکەی، لە لایەن هەمان تاقمەوە تیرۆ کرا.

 هۆکاری تیرۆرکردنەکەشی بڵاوکردنەوەی دۆسییەک بوو سەبارەت بە تاوانەکانی ئەو تاقمە و پەیوەندیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک. 

بە پێی دانپێدانان و ووتەی دامەزرێنەری ( ژیتەم) حوسەین وەلی ئۆغلوو بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەو حزبوڵای دامەزراندووە و بەرێوەی بردووە. هاوکات بە پێی لێدوانی ئەو کاتی عیسمەت سەزگین، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەوان حزبوڵایان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە  دروست کردووە و هەموو هاوکاریەکی ئەو پارتەش لە ئەستۆی ئەوانە.

هوداپار دوای ئاشکرا بوونی کۆی سەرەداوەکانی دروست بوونی و ئەو تاوانانەی کردبونی لە باکوری کوردستان، بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری ساڵی 2019دا، پشتیوانی لە ئاکە پارتی و سەرۆکەکەی ( ڕەجەب تەیب ئۆردوغان ) کرد. 

حزبوڵا کە پاشان بوو بە هوداپار، لەنێو هاوڵاتیانی باکوری کوردستاندا وەک دەستکێش و‌ بەلەپیتکەی دەوڵەت ناو دەبرێن. ئەو پارتە بە ناو ئیسلامیە بەناو کوردیە، دروست بوونەکەی دەچێتە چوارچێوەی پلان و ئۆپەراسیۆنی چۆکدادان، کە دەوڵەت دژی کوردی ئازادیخواز لە باکووری کوردستان دایمەزاندووە.
 بۆ نموونە لە کاتی شۆڕشی کۆبانێدا، خەڵکی باکوور چەندین چالاکیی و خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیی ڕۆژاوا دەست پێ کرد، ئەندامانی هوداپار و دەوڵەت  43 هاوڵاتیان لێ شەهید کردن کە هەموویان کورد بوون .

ئەو پارتە بەناوئیسلامیە لە باکوری کوردستان و تورکیا دەستی سورە بە کوشتنی زیاتر لە ( 17 هەزار ) هاوڵاتی و بەرپرس و ڕۆژنامەنوس و کەسانی ڕۆشنبیر و مێژووناسی کورد لەو پارچەیەی کوردستان. 

پارتی هوداپار کە لەباکوری کوردستان وەک پارێکی جاش و کورد کوژ پێناسە دەکرێت، لە هەرێمی کوردستانەوە و لە لایەن دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە ئیسلامیەکانەوە پێشوازی لێدەکرێت، لە ساڵانی 2019 بەدواوە ئەو پارتە لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکانیش بتەو تر کرد، بەشێوەیەک لە دواسەردانی بەرپرسانی ئەو پارتە لە ساڵی 2022  بۆ هەرێمی کوردستان میدیای هەردوو حزبە ئیسلامیەکە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەچڕی خۆیان بۆ پێشوازی ئیسحاق ساغڵەم و وەفدێکی یاوەری ئامادەکرد، ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەردوو پارتە ئیسلامیەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتنە بەر ڕەخنەیەکی زۆری هاوڵاتیان.

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

  • یاسای باری كەسێتی، لەناوبردنی دەوڵەت و گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار

  • هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

  • ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

  • چاوچنۆکی و تەماحەکانی تورکیا دەگەنە کەرکوک

  • عێراق و هەرێم کەی بێدەنگی خۆیان سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەشکێنن؟

  • تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

  • دوو مووشەک کشانەوەی هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە عێراق ڕاگرت

سەرەکی