×

2024-09-15 174 جار خوێنراوەتەوە

یاسای باری كەسێتی، لەناوبردنی دەوڵەت و گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار

ناوەندی هەواڵ

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق هێرش دەکاتە سەر باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق  و دەستێوەردانەکانی باڵیۆزی ئەمریکای لە دەرکردنی یاساکانی عێراق بە پێشێلکارییەکی یاسایی بۆ کاری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات ناودەبات، هاوکات  ئەندامێكی خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە "هەموارکردنی یاسای باری كەسێتی، باری مەدەنیەتی دەوڵەت لەناو دەبات و دەرگا بەڕووی گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار دەکاتەوە".

قەیس خەز عەلی، ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق ڕایگەیاندووە، بەیاننامەکانی باڵیۆزی ئەمریکا سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و دەست وەردانی ئاشکرا لە کاروباری عێراق  هەڕەشەیە بۆ سەر خێزانە عێراقییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەری و پەرلەمانی خۆیەتی و هەموو دەسەڵاتەکانی یاسادانانی هەیە و یاساکان بە گەرەنتی بەرژەوەندی گشتی دەزانێت، بەڵام دەستوەردانی باڵیۆزی ئەمریکا بە سەپاندنی ئیرادە و ڕێگریکردن لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی نوێنەرایەتی دەستێوەردانێکی ئاشکرا و قبوڵنەکراو دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت لە بەدواداچوون بۆ لێدوان و جموجۆڵی باڵیۆزەکانی دەرەوە لە ناوخۆی عێراقدا".

پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە ئێستادا لەپەرلەمانی عێراقە و لەلایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکەش کراوە.
 
ڕۆژی 24ی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرد و تاوتوێکردنی دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 4ی مانگی ئابی پەرلەمان، هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
 
بەپێی پێشنیازەکە، مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
 
* دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
* هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.

* ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.

* دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.

* تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.

*ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش ڕای ئەنجومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتیی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی ڕێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
 
لە نیوەی پارێزگاکانی عێراق ڕۆژی 8-8-2024 خۆپێشاندان دژی هەوڵەکە کرا؛ خۆپێشاندەران داوایان کرد هەموارەکە لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە و ڕەتبکرێتەوە.
 
بۆ ڕێگەگرتن لەو هەوڵە، هاوپەیمانی 188 لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزی مەدەنی، چالاکوانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان پێکهاتووە.

هاوپەیمانیی 188 کە بۆ دژایەتی هەمواری یاسای باری کەسی پێکهێنراوە؛ یاداشتنامەیەکی لەبارەی ڕەتکردنەوەی هەمواری ئەو یاسایە دەرکرد.

 ڕێزان شێخ دلێر کە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەیە دەڵێت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، باڵیۆز و کۆنسووڵی وڵاتان ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر دامەزراوەکانی عێراق و نەهێڵن ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە.

هەروەها ڕێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ)لە ڕۆژی 19ی ئاب،لە ڕاگەیێندراوێکدا بەناونیشانی "عێراق، پەرلەمان خۆی بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی منداڵان ئامادە دەکات" بڵاوکردەوە.
 
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی ڕێگە بە مەرجەعەکانی ئایینی دەدات لەجیاتی یاساکانی دەوڵەت کاروباری هاوسەرگیری و میرات لە دژی مافەکانی بنەڕەتی ڕێکخبەن.
 
هیومەن ڕایتس وۆچ ڕاشیگەیاند، "هەموارەکە شوێنەواری کارەساتبار لەسەر مافەکانی کچان و ژنان بەجێدەهێڵێت و ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی خوار تەمەن 9 ساڵ دەدات".

رۆژی سێشەممە، هاوپەیمانیی 188ی دژ بە هەمواری یاسای باری کەسی راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئێمە وەک ژمارەیەک داکۆکیکار لە مافەکانی منداڵان و ژنان بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە دۆخی ژنان و منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەداخەوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە هەر کات زیاتر هەوڵی جیدی دراوە بۆ پاشکەشەی ماف و ئازادییەکانی خەڵكی کوردستان و عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسەکانی ژنان".

یاسای باری كەسێتی كارپێكراوی ئێستای عێراق كە ساڵی 1959 دەرچووە دەڵێ، مەرجە ئەو كچ و كوڕەی كە هاوسەرگیری دەكەن تەمەنیان گەیشتبێتە 18 ساڵ یاخود 15 ساڵ بن، بەڵام بە مۆڵەتی دادوەر و بەگوێرەی تەمەنی شەرعیی پێگەیشتن و توانای جەستەییان.

ئەو پرۆژە یاسایەی  لەلایەن پەرلەمانتارێكی شیعەوە بەناوی (رائد مالیكی) پێشكەش كراوە، پرۆژەی هەموارەكە ڕێگا بە پیاوانی ئاینیی شیعە و سوننە دەدات بڕیار لەسەر كاروباری هاوسەرگریی و جیابوونەوە و میرات بدەن.

ئەم پرۆژە هەموارە لەلایەن هەردوو لیژنەی یاسایی و لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵانەوە بەرزكراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بكرێت و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت.

هاوکات، شروق ئەلعەبایجی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە "هەموارکردنی یاسای باری كەسێتی، باری مەدەنیەتی دەوڵەت لەناو دەبات و دەرگا بەڕووی گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار دەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەموارکردنانە دەبێتە هۆی دروستبوونی فیقه و فەتوای دیکە، هاوشێوەی ئەو فەتوایانەی، کە داعش ناوی لێنابوون و پەیڕەوی دەكردن".

ئەلعەبایجی باسی لەوەشکردووە کە "یاسای ئێستا کەس ناچار ناکات هیچ کارێک بکات سەبارەت بە باری کەسی خۆی، بەڵکو هەموارکردنەکان ئیختیارین و پابەندکەرن."

وتوشیەتی، کەسانێک هەن هەوڵدەدەن ئەو کەسانە بە شەیتان وەسف بکەن، کە دژی ئەم هەموارکردنانەن، بەڵام بەرەی ئۆپۆزسیۆن دادوەر و ئەکادیمیستی نوخبە و تەنانەت کەسایەتییەکانی پاشخانی ئیسلامیش لەخۆدەگرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی خوولی پێشوو دووپاتیکردەوە کە "ئەگەر هیچ پێوەرێک بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتی مەدەنی لە عێراقدا نەبێت، ڕەنگە بگەینە ئەو شتەی، کە ئەفغانستان و قەندەهار پێی گەیشتوون.

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

  • یاسای باری كەسێتی، لەناوبردنی دەوڵەت و گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار

  • هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

  • ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

  • چاوچنۆکی و تەماحەکانی تورکیا دەگەنە کەرکوک

  • عێراق و هەرێم کەی بێدەنگی خۆیان سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەشکێنن؟

  • تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

  • دوو مووشەک کشانەوەی هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە عێراق ڕاگرت

سەرەکی