×

2024-09-15 229 جار خوێنراوەتەوە

روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

ناوەندی هەواڵ

هاوکارییە سەربازییەکانی خۆرئاوا بۆ شەڕی ئۆکراینا، فشارێکی زیاتری لەسەر روسیا دروستکردووە. ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی ئەو وڵاتە مەترسییەکی زۆری هەیە کە خۆرئاوا بە موشەکی بالیستی هاوکاری ئۆکراینا بکات ئەمەش مەترسی راستەقینە لەسەر قوڵایی خاکی روسیا دروستدەکات و تەرازووی هێز دەگۆڕێت.

ئەم مەترسیانە وایکردووە روسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات لە دژی هاوپەیمانییەتی باکوری ئەتڵەسی ( ناتۆ). ئەگەرچی لە دوو ساڵی رابردوودا چەند جارێک روسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە بەڵام لانی کەم تا کاتی دروستبوونی مەترسی گەورە لەسەر کریملین پێناچێت ئەو چەکە قەدەغەکراوە جیهانییە بەکاربهێنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە کە بەشێوازی تر سوود لەم کارتە بەهێزەی جەنگ نەبینێت.

کارتی ئەتۆم، کارتی فشار

یەکێک لە کارتەکانی روسیا ئاڵوگۆڕی زانیاری تەکەنەلۆجیای ئەتۆمییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەرچی هەمیشە ئێرانییەکان دەڵێن کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین و بە پێچەوانەی بیروباوەڕی ئایینی خۆیانی دەزانن، بەڵام بەمدواییانە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران بەشێوەیەکی بەرچاو خۆرئاوای نیگەرانکردووە.

نیگەرانییە زۆرەکەی ئەمریکی و بەریتانییەکان لەوەیە، روسیا نهێنی تەکنەلۆجی زیاتر لەبارەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بداتە تاران. ئەمەش لەبەرامبەر هاوردەکردنی موشەکی بالستی لە ئێرانەوە بۆ جەنگی ئۆکراینا کە روسەکان لەم قۆناغەدا پێویستیانە. 

بەپێی جموجوڵە دیبلۆماسییەکانی چەند هەفتەی رابردوو، پێدەچێت ناوەندە هەواڵگرییە ئەمریکی و بەریتانییەکان، مەترسی زۆریان هەبێت لە بەروپێشچوونی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان روسیا و ئێران. سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بە نیگەرانی ئەم دوو وڵاتە دەدەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا کۆبوونەوەی تایبەتیان لەبارەی ئەم دۆسییەیە ئەنجامداوە، تەنانەت سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی کۆبوونەوەی ستراتیج و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیاندا کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەوبارەیەوە کردووە.

سەرچاوەی ترسی ئەمریکییەکان

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاندووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوودڵنابێت لە بەکارهێنانی هەموو شێوازەکانی هێز بەرامبەر هەر بەرەوپێشچونێكی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. ئەمەش دەرخەری مەترسی زۆری ئیدارەی بایدنە لە بەرنامە ئەتۆمییەی کۆماری ئیسلامی.

ئەم ترسە زۆرەی ئەمریکی و خۆرئاواییەکان بەشێکی پەیوەندی بە ئاڵۆزی رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، بەتایبەت کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەوپەڕی ئاڵۆزییدایە.  دەترسن روسیا کەڵکی لێ وەربگرێت و بارودۆخەکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت. 

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت دەریانکردووە: هەموو ئیدانەی هەناردەکردنی موشەکی بالیستی ئێرانی بۆ جەنگی ئۆکراینا دەکەن. هەروەها رایانگەیاندووە ئەم جۆرە هاوکارییە هۆکارێکی تردەبێت بۆ پەرسەندنی جەنگەکە و پێویستە ئەو گرێبەستە لەکاربخرێت.

کیشوەربڕ  و  مانگە دەستکردەکان

تەنانەت ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لەندەن باسی لەوەکرد، کە ئەو موشەکە بالیستییە ئێرانییانەی بە روسیا گەیشتوون لە جۆری ( فەتح-360)ە. ئەمە وێڕای جەختکردنەوە لە پەیوەندی روسیا و ئێران لەسەر ئاستی ئەتۆمی و مانگی دەستکرد.

هەر لە سەروبەندی وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادابوو، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوتنی هەڵدانی مانگێکی دەستکردنی وڵاتەکەی بۆ بۆشایی ئاسمانی راگەیاند. لە ئێستادا بەشێکی زۆری جەنگەکانی سەرزەوی بەهۆی مانگە دەستکردەکانی ئاسمانەوە یەکلایی دەکرێنەوە، ئەمەش تێڕوانینی گومان لە بەرامبەر پڕۆژە هاوبەشەکانی روسیا و ئێران زیاتردەکات. بەتایبەت مەترسی ئەوە هەیە کە بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای مانگی دەستکرد ئێران فشاری زیاتر بخاتە سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەتۆمی ئێران لەنێوان ئاشتی و جەنگدا:

ئەگەرچی تا ئێستا ئێران سورە لەسەرئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ بواری ئاشتییە و ئامانجی نییە چەکی لێ بەرهەمبهێنێت، بەڵام ئاڵۆزییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسییەی ئیسرائیل وایکردووە خۆرئاوا بە هەرگیز بڕوا بەم شایەتومانەی ئێران نەهێنێت. تەنانەت ئەمریکییەکان پێیانوایە هەرگیز بە چەشنی ئێستا ئێران نزیک نەبووە لە پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە: ئاستی سوتەمەنی ئەتۆمی لە ئێران لەنێوان مانگەکانی حوزەیران تا ئاب بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە کە بایی ئەوەندەیە چەند کڵاوەیەکی موشەکی لێ بەرهەمبهێنرێت. 

لەمانگی نیسانی رابردوو، یەکێك لە جەنڕاڵە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرای کرد ئەگەر ئیسرائیلیەکان دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان بە ئامانج بگرن ئەوا رەنگە ئەوانیش بیروباوەڕی خۆیان لەبارەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بگۆڕن. ئەمەش مەترسییەکانی جەنگی ئەتۆمی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

  • یاسای باری كەسێتی، لەناوبردنی دەوڵەت و گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار

  • هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

  • ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

  • چاوچنۆکی و تەماحەکانی تورکیا دەگەنە کەرکوک

  • عێراق و هەرێم کەی بێدەنگی خۆیان سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەشکێنن؟

  • تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

  • دوو مووشەک کشانەوەی هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە عێراق ڕاگرت

سەرەکی