×

2024-12-01 868 جار خوێنراوەتەوە

دۆخەكە دەگۆڕێت؛ ئیسرائیل چۆن لە ڕووداوەكانی سوریا دەڕوانێت؟

ناوەندی هەواڵ

هەواڵگری ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆكوەزیرانیان ئاگاداركردووەتەوە  "ڕووداوەكانی سوریا ئەرێنین، بەڵام لە داهاتوودا ڕەنگە كێشە بۆ ئیسرائیل دروست بكات".

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویكردەوە:" بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلیان ئاگاداركردووەتەوە كە گۆڕانكارییەكانی سوریا ئەرێنییە، بەڵام لە داهاتوویەكی دووردا كێشە بۆ ئیسرائیل دروست دەكات".

ئەو ڕۆژنامەیە بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی خۆی بڵاویكردووەتەوە، "ئیسرائیل بەوردی چاودێری بەرەوپێشچوونی شەڕی گروپە چەكدارەكانی سوریا دەكات، بەتایبەت كە بەرپرسە ئەمنییەكان هۆشدارییان داوە كە ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد دەبێتەهۆی دروستبوونی ئاژاوە و دواتریش ئەو ئاژاوەیە مەترسیی سەربازی بۆ ئیسرائیل دروست دەكات".

هەواڵی ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاند بەتەواوەتی كۆنترۆڵی هەردوو پارێزگای حەلەب و ئیدلبیان كردووە، هەروەها ڕێگەی نێوان حەلەب و ڕەقەیان دابڕیوە، میدیا عەرەبییەكانیش دەڵێن ئەو گروپانە ڕێككەوتنیان لەگەڵ هەسەدە كردووە لەناوچەكانی حەلەب بكشێتەوە، بەڵام هەسەدە ئەوە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت "لە گەڕەكەكانی حەلەب نەكشاوینەتەوە.

وەك ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویكردووەتەوە، ڕاوژێكارەكانی نەتەنیاهۆیان ئاگاداركردووەتەوە كە گرنگیپێدانی حزبوڵڵا دەگوازرێتەوە بۆ سوریا، بۆ ئەوەش هێزەكانی دەگوازێتەوە بۆ سوریا تا پشتیوانی بەشار ئەسەد بكات و بەرەنگاری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن لە باكوری خۆرئاوای وڵاتەكە ببێتەوە بەتایبەتیش دەستەی تەحریری شام.

وەك بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان پێداوە، ژێرخانی ئێران لە سوریا زیانێكی گەورەی بەركەوتووە، گروپە چەكدارەكان دەستیان بەسەر بەشێكی زۆر لەناوچە جێهەژموونەكانی ئێراندا گرتووە، بەڵام لەكۆتاییدا وەك ئەوان دەڵێن ئەو گۆڕانكاریانە دەبێتەهۆی سەركەوتنی ئاگربەستی جەنگ لە لوبنان كە ئیسرائیل پەسەندی كردووە.

بەوتەی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، تائێستا بەهۆی پێكدادانی سوپای سوریا و گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن 412 كەس كوژراون كە 61 یان سڤیلن.

وەك ڕوانگەی سوریا ئاماژەی پێداوە، لە كوژراوەكان 214 یان سەر بە گروپەكانن و بەهۆی بۆردومانی فرۆكەی ڕوسیا و سوریاوە كوژراون، 137 یشیان سەربازی سوپای سوریان.
لە سوریا چی ڕوودەدات؟

گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە سەركردایەتی دەستەی تەحریری شام لە چوارشەممەوە دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان بۆسەر دووەم گەورە شاری سوریا حەلەب و ئیدلب كردووە، لەناكاو بەشێكی زۆری ئەو دووشارەیان كۆنترۆڵكرد، تا ئەمڕۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتییان ڕاگەیاند.

ئەو دوو شارە لە كۆتایی 2016 سوریا بە پشتیوانی روسیا و ئێران و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران توانی كۆنترۆڵیان بكات، دوای ئەوەی بەهۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی سوریا لە 2011 لەژێر كۆنترۆڵیدا نەما.

ئێستا بەشار ئەسەد سەرەڕای ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی لەدەستداوە، بەڵام هەڕەشە دەكات و دەڵێت "تیرۆر لە هیچ زمانێك تێناگات زمانی هێز نەبێت، تیرۆریستەكان نوێنەرایەتی هیچ گەل و دەزگایەك ناكەن، بەس نوێنەرایەتی ئەو دەزگایە دەكەن كە دەیانجوڵێنێت".

لە نوێترین پێشهاتدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریای ڕاگەیاند "ئەمنیی سوریا و عێراق یەكێكە" و جەختیشیكردەوە ئامادەیە هەموو پشتیوانییەكی بكات.

سودان پێشتریش پەیوەندی تەلەفۆنی لە مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێرانەوە پێگەیشت و پێكەوە بارودۆخی سوریایان تاوتوێكرد، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم پاشای ئوردن بەهەمانشێوە پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتی سوریا دەربڕی.

ئێوارەی ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سوریای كرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا كۆبوەوە، دوای كۆبوونەوەكەش ڕایگەیاندووە كە "چاوپێكەوتنەكانیان زۆرباش و گرنگ بووە، پشتیوانی ئێرانمان بۆ ئاسایشی سوریا دووپاتكردەوە".

دوای سەردانی دیمەشق و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسەد، عێراقچی چووەتە توركیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دۆخی سوریایان تاوتوێ كردووە، ئەو پەیامەشیان گەیاندووەتە توركیا كە سەرۆكی سوریا زۆر نیگەرانە لەو ڕۆڵەی توركیا لە پشتیوانیكردنی گروپە چەكدارەكان دەیگێڕێت بۆ ئەوهێرشەی بەمدواییە كردیانە سەر چەند ناوچەیەكی سوریا.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی بۆ ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید، بەمزوانە بە هاوكاری ئێران و ڕوسیا، سوریا هێرشێكی هەڵگەڕاوە بۆسەر گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستپێدەكات، بەوتەی ئەوان "ئەو هێرشەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەكرێت دۆخی جوگرافی شەڕ لە سوریا دەگۆڕێت".

دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سوریا و پاشانیش توركیا، هاكان فیدان وەزیری دەرەوە.

  • ڕاگەیاندنی باری نائاسایی کۆریای باشووری تووشی قەیران کردووە

  • ژمارەی قوربانیانی غەززە گەیشتە 150 هەزار كەس

  • لێدوانی بەرپرسێكی ڕۆژئاوا لەبارەی بانگهێشتكردنیان بۆ دەستبەكاربوونی ترەمپ

  • هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ڕووداوەكانی سوریا

  • بۆ پشتیوانی ئەسەد؛ حەشدی شەعبی چووە ناو سوریاوە

  • دواین گۆڕانكاریەكانی شەڕی سوریا؛ مەترسی لەسەر كوردانی شەهبا هەیە

  • دۆخەكە دەگۆڕێت؛ ئیسرائیل چۆن لە ڕووداوەكانی سوریا دەڕوانێت؟

  • هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ڕووداوەكانی سوریا

  • دواین گۆڕانكارییەكانی شەڕی سوریا

سەرەکی