×

دواین گۆڕانكاریەكانی شەڕی سوریا؛ مەترسی لەسەر كوردانی شەهبا هەیە
2024-12-02 287 جار خوێنراوەتەوە

دواین گۆڕانكاریەكانی شەڕی سوریا؛ مەترسی لەسەر كوردانی شەهبا هەیە

ناوەندی هەواڵ

هێرشی گروپە چەكدارەكان لە سوریا بۆسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریا بەردەوامە، مەترسی بۆسەر چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەش دروست بووە كە بەشێكی زۆری ئاوارەكانی عەفرینی تێدایە.

شەش رۆژە شەڕێكی ناخۆیی بەرۆكی سووریای گرتووە، دەستەی تەحریری شام هێرشێكی لەناكاوی كردە سەر شاری حەلەب و ناوەندی شارەكەی كۆنترۆڵكرد، ئێستا لە دەروازەی شاری حەمایە.

رۆژی چوارشەممە 27-11-2024، چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەكانیان، هێرشیان كردە سەر شاری حەلەب لە باكووری رۆژئاوای سووریا و پاشەكشەیان بە حكومەتی سوریا كرد.

سەرەتا، لە رۆژئاوای شارەكەوە چوونە ژوورەوە و دواتر هەموو حەلەبیان كۆنترۆڵكرد، جگە لە دوو گەڕەكی كوردنشین (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود). لە 2011ـەوە یەكەمجار بوو حەلەب بەو شێوەیە بكەوێتە دەست گرووپی چەكدار.

لەلایەكی دیكەوە سوپای نیشتمانیی سوریا كە توركیا پشتیوانییان دەكات، سنووری قەڵەمڕەویی فراوان دەكات و ناحیەی شێراوای گرتووە، ئێستاش لە دەروازەی شاری تلرەفعەتە.

بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا پشتیوانیی هاوپەیمانەكانی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئەو چەكدارانە ببێتەوە كە حەلەبی دووەم گەورە شاری سوریایان كۆنترۆڵكردووە.

هاوشانی هێرشەكانی دەستەی تەحریری شام، گرووپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی نزیكی توركیا، هەروەك سەرچاوە خۆجێیەكان باسیانكردووە، "هێرشیان كردە سەر چەكدارانی كورد لە پارێزگەی حەلەب و شارۆچكەی تەلڕەفعەت و گوندەكانی دەورووبەریان كۆنترۆڵكردووە.

سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن "نزیكەی 200 هەزار كوردی سووریا لە باكووری حەلەب، لەلایەن گرووپەكانی نزیك لە توركیاوە گەمارۆیان خراوەتەسەر."

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاند: "لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕی ئەو گرووپە چەكدارانە بووینەتەوە كە توركیا پشتیوانییان لێ دەكات."

عەبدی دەشڵێت لەگەڵ "هەموو لایەنەكانی سوریا لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەی خەڵكەكەمان بپارێزین و لە ناوچەكانی تەلرەفعەت و شەهبا بە سەلامەتی بیانبەینە دەرەوە بۆ ناوچە سەلامەتەكانی باكووری رۆژهەڵات."

"رووداوەكان لە باكووری رۆژئاوای سووریا بە شێوەیەكی خێرا و چاوەڕواننەكراو پەرەیان سەند، هێزەكانمان لە ژمارەیەك بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەوە، لەگەڵ رووخان و كشانەوەی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی، بۆ كردنەوەی رێڕەوێكی مرۆیی لەنێوان ناوچەكانمان لە رۆژهەڵات و حەلەب و تەلرەفعەت، دەستوەردانمان كرد بۆ ئەوەی گەلەكەمان لە كۆمەڵكوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەكدارانەی داگیركاری تورك پشتیوانییان دەكات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند." مەزڵوم عەبدی وای وت.

لەلایەكی دیكەوە، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بنكەكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و پشت بە تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران لە سەرانسەری سوریا و رۆژئاوای كوردستان دەبەستێت، هۆشداری دەدات لەوەی هێزی بە ناو "سوپای نیشتمانیی سوریا 200 هەزار دانیشتووی كوردی باكوری حەلەبی گەمارۆداوە و مەترسیی كۆمەڵكوژیی گەورە لە دژی كورد هەیە".

شەوی یەكشەممە، هەسەدە راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی سوریا بڵاوكردەوە و رایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا هێرشێكی بەرفراوان ئەنجامدرا و هێزەكانی حكومەتی سوریا لە حەلەب و چەندین ناوچەی دیكە شكستیان هێنا."

بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەر بە دەستەی تەحریری شام، پەیامێكی ئاراستەی هەسەدە كرد و ڕایگەیاند " ئێمە شەڕ لەدژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەكەین و گرووپە چەكدارە ئێرانییەكان لە شار و گوندەكان دووردەخەینەوە، پێشنیازی ئەوە بۆ هەسەدە دەكەین بە چەكەكانیانەوە لە شاری حەلەب و بەشێوەیەكی پارێزراو بەرەو باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بچن".

بەڵام دواتر لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، فەرهاد شامی، وتەبێژی هەسەدە رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە راست نین كە باس لەوە دەكەن قایل بووین بە كشانەوە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە".

  • ڕاگەیاندنی باری نائاسایی کۆریای باشووری تووشی قەیران کردووە

  • ژمارەی قوربانیانی غەززە گەیشتە 150 هەزار كەس

  • لێدوانی بەرپرسێكی ڕۆژئاوا لەبارەی بانگهێشتكردنیان بۆ دەستبەكاربوونی ترەمپ

  • هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ڕووداوەكانی سوریا

  • بۆ پشتیوانی ئەسەد؛ حەشدی شەعبی چووە ناو سوریاوە

  • دواین گۆڕانكاریەكانی شەڕی سوریا؛ مەترسی لەسەر كوردانی شەهبا هەیە

  • دۆخەكە دەگۆڕێت؛ ئیسرائیل چۆن لە ڕووداوەكانی سوریا دەڕوانێت؟

  • هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ڕووداوەكانی سوریا

  • دواین گۆڕانكارییەكانی شەڕی سوریا

سەرەکی