پێت هێگسێس
2025-01-25
115 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا وەزیری بەرگریی دیاریكرد؛ كێیە و چۆن باسی كوردی كردووە؟
ناوەندی هەواڵ
هەشت ساڵ پێش ئێستا و بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ئەمریكادا، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆنگرێس دەنگیدا بۆ پەسەندكردنی كاندیدی وەزارەتی پەروەردە، ئەمشەو هەر لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-دا جارێكی دیكە جێگریی سەرۆك بۆ پەسەندكردنی كاندیدی وەزارەتی بەرگریی دەنگیدا.
لە كۆنگرێس رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە
پێت هێگسێس، كاندیدی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی لە كۆنگرێس رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە، بۆیە ناچار بۆ تێپەڕاندنی جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆك، دەسەڵاتە دەستوورییەكانی خۆی بەكارهێنا و لە قازانجی هێگسێس دەنگیدا و وەك وەزیری بەرگریی دەستنیشانكرا.
كۆمارییەكان كە لە كۆی 100 كورسی كۆنگرێس، خاوەنی 53 كورسیین، هەر وەزیرێك بۆ ئەوەی بە فەرمی پەسەند بكرێت پێویستی بە 51 دەنگی كۆنگرێسە، بەڵام بەپێی دەستووری وڵاتەكە جێگری سەرۆك مافی دەنگدانی هەیە لەسەر پرسە ناكۆكەكان.
چی ڕوویدا؟
شەوی رابردوو كۆنگرێسی ئەمریكا دانیشتنی ئاسایی خۆی كرد بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندكردنی پێت هێگسێس، بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی، بەڵام هێگسێس بەهۆی بوونی ژمارەیەك دۆسییەی گەندەڵی لەسەری وەك چاوەڕێ دەكرا، دەنگدان بۆ پەسەندكردنی ناوبراو رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە، چونكە لەناو كۆمارییەكانیش بەكەسێكی شیاو نەدەزانرا بۆ ئەو پۆستە.
سێ سیناتۆری كۆمارییەكان لە دژی هێگسێس دەنگیاندا
وەك چاوەڕوانكراو بوو، سێ سیناتۆری كۆمارییەكان بە ناوەكانی لیزا ماركۆوڤسكی، سوزان كۆلینس و میتچ مەككۆنێل لە دژی هێگسێس دەنگیاندا، بەوەش ئەنجامی دەنگدان بۆ پەسەنكردنی ناوبراو بوو بە 50 دەنگ بۆ پەسەنكردنی، 50 دەنگ لە دژی پەسەندكردنی؛ بۆیە جێگری سەرۆك مافە دەستورییەكەی خۆی بەكارهێنا و بۆ پەسەندكردنی چووە كۆنگریس و دەنگیدا، بەوەش پێت هێگسێس بە فەرمی بوو بە وەزیری بەرگریی ئەمریكا.
دووەم جارە جێگری سەرۆک دەنگ دەدات
ئەمە دووەمجارە لە مێژووی ئەمریكادا جێگری سەرۆك دەنگ دەدات بۆ پەسەندكردنی كاندیدێك و هەردووكیشی لە كابینەكەی دۆناڵد ترەمپ روودەدات، جاری پێشووش مایك پێنس، كە جێگری سەرۆك بوو، ناچار بوو بۆ پەسەندكردنی بێتسی دێڤۆس، كاندیدی وەزارەتی پەروەردە بەشداری دانیشتنەكانی كۆنگرێس بكات، ئەویش لە خولی پێشووی دۆناڵد ترەمپ بوو.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوكاتیش لە كۆی سێ سیناتۆر كە دەنگیاندا دژی كاندیدەكەی دۆناڵد ترەمپ، دووانیان هەمان ئەوانەن كە ئەمشەو دووبارە دژی كاندیدەكەی ترەمپ دەنگیاندا كە سوزان كۆلینز و لیسا ماركۆوڤسكی-ن.
هێگسێس کێیە؟
هێگسێس لە گاردی نیشتمانیی ئەمریكا ئەفسەر بووە و لە ئەفغانستان و عێراق خزمەتی كردووە، لە ساڵی 2014 لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز دەستبەكار بوو، پێشكەشكاری بەرنامەكانی (Fox and Friends Weekend) و (Fox Nation) بووە.
هێگسێس بە كەسێكی بێ ئەزموون لە بواری بەڕێوەبردن دادەندرێت و لەنێو ئەمریكاش رەخنەی تووند لە ترەمپ گیرا بەوەی كەسێكی دیكەی بۆ سەركردایەتیی پێنتاگۆن كاندید نەكردووە بۆئەوەی سەرپەرشتیی 3.4 ملیۆن كارمەند بكات.
تۆمەتی سێکسی
هێگسێس لە ساڵی 2017 لە كالیفۆرنیا بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێكسی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە.
هێگسێس ئەزموونی شەڕكردنی لە عێراق و ئەفغانستان هەیە و پلەی رائیدی لە ریزەكانی سوپای نیشتمانی بەدەستهێناوە، بەڵام بەراورد بە جەنەراڵ و ئەدمیراڵەكان، پلەیەكی نزمە و ناگاتە ئاستی ئەوانەی پێشتر بوونەتە وەزیری بەرگری.
هێگسێس لە زانكۆی پرینستن لە ئەمریكا بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە و لە زانكۆی هارڤەردی هەمان وڵات، ماستەری وەرگرتووە.
سەبارەت بە کورد چی وتووە؟
ئەوەی بووە هۆی سەرنجڕاكێشانی ترەمپ، قسە راشكاو و تووندەكانی بوو، كە وەكو پێشكەشكار لە كەناڵی فۆكس نیوز دەیكردن.
لە ساڵی 2019 هێگسێس لە بەرنامەیەكی فۆكس نیوزدا كوردی بە هاوپەیمانی ئەمریكا ناوبرد و رایگەیاند، "دەتوانین ئەركی خۆمان لە دووریشەوە بەجێبگەیێنین و لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لەوێ عێراق كاربكەین، وەك كوردەكان."
|