شاندی یەکێتی و پارتی
2025-01-25 140 جار خوێنراوەتەوە

ئایا یەكێتی و پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت ڕێككەوتوون؟

ناوەندی هەواڵ

چاوەڕواندەكرێت ئەم هەفتەیە شاندی تەكنیكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان جارێكی دیكە كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی زانیارییەكانیش پارتی و یەكێتی نزیكن لەوەی بەتەواوەتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت ڕێكبكەون و سەرەتای مانگی داهاتووش كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "ئیرادە میدیا" چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەفتەیە پێنجەم كۆبوونەوەی شاندی تەكنیكی پارتی و یەكێتی بەڕێوەبچێت، بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دوای ئەوەی سێشەممەی رابردوو بۆ جاری چوارەم كۆبوونەوە.

وەفدی تەكنیكی پارتی لەلایەن پشتیوان سادقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەكە لە دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح ئەندامی وەفدەكەن. وەفدی یەكێتیش لەلایەن رێواز فایەقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت بە ئەندامێتی هەریەكە لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم. ئەركی سەرەكی شاندەكە ئامادەكردنی رەشنوسی كابینەی نوێ و بەرزكردنەوەیەتی بۆ وەفدی باڵای هەردوولا.

وردەكاری كۆبوونەوەكان

بەپێی زانیارییەكانی "ئیرادە میدیا "لیژنە تەكنیكییەكانی هەردوولا بەردەوام دەبن لەكارەكانیان تا كارەكانیان تەواو دەكەن و راپۆرتی خۆیان بۆ وەفدی باڵای هەردوولا بەرزدەكەنەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی :"گفتوگۆكان بەرەو پێشچوونیان بەخۆوە بینیوە و بەلەبەرچاوگرتنی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە هەردوولا داواكارییەكانیان لەگەڵ دۆخەكە دەگونجێنن".

سەرچاوەكە دەڵێت " بەبێ یەكێتی و پارتی حكومەتێكی گشتگیر و سەرتاسەری ناتوانرێت پێكبهێنرێت".

رۆژی 30 ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودوای كەمتر لە مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی و یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە سلێمانی ئەنجامدا و جەختیان كردەوە كە كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و قۆناغی پاش هەڵبژاردنیان تاوتوێكردووە.

دووەم كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی رۆژی 17ـی كانونی یەكەم لە پیرمام بەڕێوەچوو، كە تێیدا بڕیاریاندا بەزووترین كات كاربكەن بۆ ئامادەكردنی بەرنامەیەكی هاوبەشی حكومڕانی بۆ قۆناغی ئایندە.

 لەپێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، بەرپرسانی یەكێتی جەخت لە "گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز و شەراكەت" دەكەنەوە، بەرپرسانی پارتیش جەخت لە پێكهێنانی "حكومەتێكی بەهێز" دەكەنەوە.

كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكومەت لە ئێستادا تەنها لەنێوان پارتی و یەكێتیدا بەڕێوەدەچن، لەكاتێكدا ئەو دوو حزبە پێشتر بەجیا سەردانی لایەنەكانی دیكەیان كرد بۆ بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێ، بەڵام جگە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ هیچ لایەنێك خواستی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێ نیشان نەداوە.

لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 20ـی تشرینی یەكەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان 39 كورسی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23 كورسی بەدەستھێنا.

چنار سەعید عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی پارتی هەفتەی رابردوو لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان جەختیكردەوە، گرنگە هاوسەنگی دەنگ و پێگە و كورسی لەبەرچاوبگیرێت بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێ، هاوشانی رێككەوتن لەسەر كارنامەی حكومەت.

پۆستەكان چۆن دابەش دەكرێن؟

لە ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان 21 كورسی، بەدەستھێنا و بەھاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە 12 كورسی پەرلەمانی هەبوو، هەروەها سۆسیالست و پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی، كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمیان پێكھینا، پۆستی سەرۆك وەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆك وەزیران لای یەكێتی بوو، ھەروەھا نۆ وەزارەت لای پارتی، پێنج وەزارەت یەكێتی و چوار وەزارەتیش لای بزووتنەوەی گۆڕان بوو، مەسیحییەكان و سۆسیالستیش هەریەكە و وەزارەتێكیان بەركەوتبوو.

ھەر لە كابینەی نۆیەمدا سێ پۆستی وەزیری ھەرێم ھەبوون، كە بریتیی بوون لە وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ (یەكێتی)، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان (پارتی)، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان (بەرەی توركمانی).

بەپێی زانیارییەكان لە دوو كۆبوونەوەی ڕابردوودا، یەكێتی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی كردووە، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتكردووەتەوە، لەبەرامبەردا یەكێتی نەرمی نواندووە جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكەی كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، "پارتی و یەكێتی نزیكن لەوەی بەتەواوەتی لەسەر پۆستەكانی كابینەی 10 بگەنە ڕێككەوتن و سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە دەكەن".

وتیشی:"پاش ئەو كۆبوونەوەیە سەرەتای مانگی داهاتوو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕادەسپێردرێت، دواتریش ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت واژۆ دەكرێت".

 

  • ئەردۆغان چۆن دەیەوێت ترەمپ وا لێبكات پشت بكاتە كوردانی ڕۆژئاوا؟

  • یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەكانیان خێراتر دەكەن

  • چی لە پشت پەردە دەگوزەرێت؟

  • ڕۆژئاوا بەرەیەكی دیكەی شەڕی بۆ زیادبوو

  • دەستێوەردان لەپێكهێنانی كابینەی 10 ی حكومەت دەكات

  • ئیسرائیل شەڕ و فراوانکردنی سنووری دەوێت ترەمپیش کوژانەوەی ئاگرو ئاشتی دەوێت

  • بۆ سێ پرس دێت هەرسێکی پەیوەستە بە كورد

  • ​ساڵیادی كۆبانێ؛ بۆنەیەك بۆ بیرهێنانەوەی یەكڕیزی كورد

  • شاندێکی هەرێم دەچێتەوە بەغداد

سەرەکی