×

2024-02-03 47 جار خوێنراوەتەوە

هیومان ڕایتس وۆچ: یاساکانی عێراق ڕێگە بە ئەنجامدانی توندوتیژیی دەدەن

هیومان ڕایتس وۆچ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا دەربارەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ژنانی عێراق لەسەر گشت ئاستەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، کە دیارترینیان یاسا و سیاسەتەکانی دەوڵەتە، کە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی توندوتژیی بەرامبەریان.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لەبارەی ڕەوشی ژنان و منداڵانی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، کە ژنان و منداڵانی عێراق بە یاسا و سیاسەتی پیاوسالارانەی دەوڵەت مافەکانیان پێشێل دەکرێت و کەمترین هەنگاو هەیە بۆ چاکسازیی، زۆرجاریش ڕێکخراو و دامەزراوەکانی داکۆکیی کردن لە مافەکانی ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ڕێگریی کردن دەبنەوە.

لەو بەشەی تایبەتە بە عێراق ڕاپۆرتەکە ڕەوشی ژنان و کچانی خستووەتە سەرەتای پرسەکان و باس لەوە دەکات، سەرباری ئەوەی ژنانی عێراق ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لەسەر جەم کایەکانی کۆمەڵگە و ژیاندا، بەڵام دەوڵەت و یاساکان ئاستەنگیی و بەرهەڵستییەکی زۆریان دەکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان و دەڵێت: یاساکانی سزادانی عێراق ڕێگە بە ئەنجامدانی توندوتیژیی دەدات بەرامبەر ژنان، وەک ئەوەی مافی بە پیاوان داوە، لە هاوژینەکانیان بدەن، یاخود لەژێر ناوی پەروەردەکردندا ئەشکەنجەی جەستەیی منداڵەکان بدەن، هەروەها سوککردنی سزای تاوای کوشتن ئەگەر بە پاساوی “پاکردنەوەی شەرەف” بێت، یاخود هاوسەرگیری پێکردنی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی بێت لەگەڵ دەستدرێژی کارەکەی، کە ئەوە سێ جار ژنەکە دەبێتە قوربانیی و مافی پێشێل دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو ڕێکخراوانەی لەبواری داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان و منداڵاندا کار دەکەن، بەدەرنین لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی و پێشێلکردنی مافەکانیان، کە زۆرجار بەهۆی پاراستن یاخود داڵدەدانی ژنانی قوربانیی توندوتژیی لەلایەن خێڵەکانەوە یاخود دەسەڵاتدارانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە دەرەوەی یاسا و تەنها ئەنجامدانی گرێبەستی ئاینیی، ژنان لە سەرجەم مافە یاسایی و مەدەنییەکانیان بێبەش دەبن، هەروەها ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی ئەو هاوسەرگیرییە دێنە دونیا هیچ مامەڵەیەکی یاساییان بۆ ناکرێت، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە مافی خوێندن و کار و پەروەردەش بێ بەشدەبن.

هۆکار و ئامانجی سەرەکی ئەو هاوسەرگیرییەی گەڕاندووەتەوە بۆ هاوسەرگیریی پێشوەختە و خۆ دزینەوەی پیاوان لە پێدانی ماف و نەفەقە بە ژنان.

جیا لەوانەش دەربارەی مافە مەدەنییەکانی ژنان، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی، ئەو منداڵانەی کە لە هاوسەرگیری تۆمارنەکراو یاخود بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە لەدایکبوون، بێبەش دەبن لە هەبوونی بڕوانامەی لەدایکبوون، کە بەهۆی ئەوەشەوە ناتوانن بەڵگەنامە مەدەنییە سەرەکییەکانی دیکە بەدەستبهێنن، ئەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان و پاراستنی کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات، ئەگەر کێشەی بەڵگەنامەی ئەو کەسانەی لە ژێر کاریگەری ئەو دۆخەدان چارەسەر نەکرێن، ئەوا ناتوانن ناوی خۆیان لە خوێندنگە تۆماربکەن، دەستیان بە دەرفەتی کارکردن بگات، لە هەمووی مەترسیدارتریش ئەوەیە کە دووبارە لە داهاتوودا ئەو منداڵە ناچار دەبێتەوە پەنا بباتەوە بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەدەرەوەی یاسا و بەردەوامی بەو پێشلکردنی مافە دەدات.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هاوسەرگیری پێشوەختەی ژنان بەرەو هەڵکشان چووە و بەپێی توێژینەوەیەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ٢٥.٥٪ـی ژنانی عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان پێکراوە و ٥.٢٪ـیان بەر لە تەمەنی ١٥ ساڵیی، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواریی لەنێو ژنان، نەبوونی متمانە و دەرکەوتنی ژنانی پێشەنگ، هاوکات ئەگەری ڕوودانی توندوتیژیی و دەستدرێژیی سێکسیی خێزانیی زیاتر دەکات.

لەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، کە زیاتر پشتی بەستووە بە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و بەردەوامی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسیاری یەکەم لە پێشێلکردنی مافەکان لە عێراقدا یاساکانی دەوڵەتە کە بەشێوەیەک نییە خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و بتوانێت مافەکانی ژنان وەک ئەوەی پێویستە مسۆگەر بکات و بیپارێزێت.

  • لە هەر ئەڵقەیەكی زنجیرە توركییەكان نۆ جار توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت

  • پیاوێكى كورد له‌ به‌ریتانیا به‌ چه‌قۆ هێرشده‌كاته‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ى و 21 ساڵ زیندانى ده‌كرێت

  • ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران له‌ گۆڕه‌كه‌شدا ڕێگه‌ ناده‌ن ئه‌رمیتا بێ سه‌رپۆش بێت

  • مامۆستایه‌كى زانكۆى تاران دوورده‌خرێته‌وه‌

  • ژنانی هیندستان توانیان بە یاسا فرەژنی قەدەغە بکەن

  • لە ڕووداوێکی تەقەکردندا ژنێک لە سنووری چەمچەماڵ کوژرا

  • مامۆستایانی ژن: نەوەیەک پەروەردە دەکەین بەڕووی ستەمدا بووەستنەوە

  • هیومان ڕایتس وۆچ: یاساکانی عێراق ڕێگە بە ئەنجامدانی توندوتیژیی دەدەن

سەرەکی