دوای ئەوەی بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە زۆرینەی هاوڵاتیان لە سلێمانی بێ کارەبا بوون، لایەنە حکومییەکان داوایان لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان کرد بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن، بەڵام تا ئێستا کۆبوونەوەی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان نەگەیشتوەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە.
«ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و داواکاریی خاوەن مۆلیدەکان»
شەوی رابردوو، نوێنەرانی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان، لیژنەکانی قایمقامیەت و نوێنەری کارەبای سلێمانی چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەدا بوون تاوەکو لە کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی کۆرمۆردا مۆلیدەکان هەڵبکرێنەوە، بەڵام خاوەن مۆلیدەکان لەسەر ئەم داواکارییە ڕازی نەبوون.
بەپێی زانیارییەکان خاوەن مۆلیدەکان چەند مەرج و داواکارییەکیان هەبووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناکرێت تەنها بۆ ڕۆژێک بۆ دوو ڕۆژ مۆلیدەکان هەڵبکەن و بڕە گازوایلێکی زۆر لە بازاڕدا بە نرخێکی گران بکڕن، لە کاتێکدا پڕۆژەی ڕۆشنایی (کارەبای 24 کاتژمێری) دووبارە دەگەڕێتەوە و ئەوان زیانێکی زۆر دەکەن. هەروەها داوایان کردووە گازوایلیان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ دابین بکرێت یان بەڕێژەی کاتژمێری دیاریکراو (بۆ نموونە 100 کاتژمێر) کارەبایان بۆ دیاری بکرێت تاوەکو ناچار نەبن گازوایلی گرانبەهای بازاڕ ساغ بکەنەوە. بەهۆی ئەم ناكۆکییانەشەوە، بڕیاری کۆتایی بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخەکە بۆ رۆژی سێشەممە دواخرا.
«دۆخی مۆلیدەکان و قەرزاری لە سلێمانی»
لە ناو شاری سلێمانیدا 530 مۆلیدەی ئەهلی هەن کە پێشتر بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە لە کار وەستابوون. سەرەڕای ئەوەی چەند مۆلیدەیەک وەک بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی لە هەندێک گەڕەکدا کارەبایان بۆ دانیشتووان هەڵکردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ئێستادا خاوەن مۆلیدەکان 150 کاتژمێر کارەبا قەرزارن (لە بەرامبەر پارەی پێشەکی کە پێشتر وەرگیراوە و کارەبا نەهەڵکراوە)، لە کاتێکدا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بە فشاری قایمقامیەت و دەزگا ئەمنییەکان مۆلیدەکان خرانەوە کار.
«قەیرانی سووتەمەنی و بەرزی نرخی نەوت»
ئەم قەیرانی کارەبایە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بارانباریندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕی ئازاددا لە نێوان 315 هەزار بۆ 330 هەزار دیناردا مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی فیدراڵ نەوتەکە بە نرخی فەرمیی 50 هەزار دینار دابەش دەکات و وەزارەتی نەوتی عێراقیش تەواوبونی ئامادەکارییەکانی ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێم ڕاگەیاندووە، بەڵام ئاستەنگە کارگێڕی و ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پرۆسەی گەیشتنی سووتەمەنییەکەیان دواخستووە، و ئەمەش باری قورسی دارایی بەسەر شان هاوڵاتیاندا هێناوە.