قەیرانی سیاسی و ئەمنیی نێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی حەساس، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق مۆڵەتێکی چوار رۆژەی بە کتایبی حزبوڵا داوە بۆ چۆڵکردنی ناوچەی ستراتیژیی جورف ئەلسەخر (جورف نەسڕ) لە پارێزگای بابل. ئەم دۆسیەیە کە تێیدا باسی قاچاغچێتیی نەوت و بوونی پێگەی سەربازی دەکرێت، هەڵوێستی توندی حکومەت و کاردانەوەی توندی گرووپەکانی لێکەوتووەتەوە.
« مۆڵەتی چوار رۆژە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز»
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (مەدا) و کەناڵی (الحدث)، مۆڵەتە چوار رۆژەییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی هەینی داهاتوو کۆتایی دێت. ئامانج لەم مۆڵەتە ئەوەیە کە کتایبی حزبوڵا خۆیان ناوچەکە چۆڵ بکەن؛ ئەگەرنا، حکومەت لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەلی زەیدی فەرمانی بە سەرکردە ئەمنییەکان کردووە گەمارۆدانی جورف ئەلسەخر توندتر بکەنەوە، خاڵە پشکنینەکانی دەوروبەری پڕچەک بکرێن و هێزەکان لە ئامادەباشیدا بن بۆ چوونەژوورەوە. لە هەمان کاتدا، حکومەت کاتێکی بە چوارچێوەی هەماهەنگی داوە بۆ ئەوەی هەوڵی رازیكردنی ئەو گرووپە بدەن تاوەکو بەبێ توندوتیژی ناوچەکە رادەست بکەن.
« سروشتی پێگەکانی جورفوسەخر و تۆمەتەکانی قاچاغچێتی»
راپۆرتە هەواڵگری و رۆژنامەوانییەکان دەریدەخەن کە کتایبی حزبوڵا ٦ پێگەی لە جورف ئەلسەخر بۆ مەبەستی جیاجیا بەکارهێناوە، لەوانەش پاڵاوتنی نەوت و بەقاچاخبردنی. هەندێک لەو شوێنانە بریتیین لە:
· دامەزراوەی ئەلحەکەم: کە لە بنەڕەتدا لە سەردەمی سەدام حوسێندا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆژی دروستکراوە و پاشان بۆ کاری سووتەمەنی بەکارهاتووە.
· پرۆژەی 190 و وێستگەکانی سووتەمەنی (ئەلباج و ئەلباجی باکور).
· تونێل و تانکەری شاردراوە لەنێوان دارەکاندا لە نزیک ناوچەی حامییە.
سەرەڕای ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی لیژنەیەکی تەکنیكییەوە سەردانی ناوچەکەی کردووە. لە بەرامبەردا، کتایبی حزبوڵا ئەم تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەو تانک و کارگانەی دۆزراونەتەوە سادەن و تەنها بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی سووتەمەنیی ئۆتۆمبیلە سەربازییەکان بەکاردێن، نەک قاچاغچێتی.
« هەڵوێست و راگەیەندراوی کەتایبی حزبوڵا»
لە بەرامبەر گوشارەکانی حکومەتدا، کتایبی حزبوڵا بڵاوکراوەیەکی توندیان دەرکرد و تێیدا خاڵەکانی خوارەوەیان روونکردەوە:
· شکاندنی رێککەوتن: ئەوان دەڵێن: "ئێمە چووینە دانوستانی ڕێکخستنی چەک و رێککەوتنمان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتدا کرد، بەڵام سەرۆکوەزیران ڕێککەوتنەکەی شكاند."
· هەڕەشە لە چەکی موقاوەمە: پێیانوایە ڕووبەڕووی گەورەترین پرۆسەی هەڕەشە دەبنەوە بۆ دەستبەرداربوون لە چەکەکانیان لە ڕێگەی "راپۆرتی دروستکراوەوە" (مەبەستیان راپۆرتی هەواڵگرییە سەبارەت بە قاچاخی نەوت).
· دوورخستنەوەی ململانێ: جەخت دەکەنەوە کە دۆسیەی جورف نەسڕ و چەکی موقاوەمە دەبێت لە دەرەوەی ململانێی سیاسی بێت.
· داوای لێکۆڵینەوە: داوا دەکەن لێکۆڵینەوەی جدی لە دۆسیەکانی دیکە وەک خواردنی سەربازان و گرێبەستە هاوبەشەکان بکرێت.
« هەڵوێستی توندی عەلی زەیدی و پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری»
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەو لیژنەیەی سەردانی جورف ئەلسەخریان کردبوو، هەڵوێستێکی توندی نواند و رەخنەی لەو کەسانە گرت کە پێیوابوو هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی نییە:
"پێیانوتم تو ئەو هێزەت نییە روبەڕوی ئەوانە بیتەوە؛ پێموتن ئەگەر هێزەکانمان نەیانتوانی، گەل دەهێنمە سەر شەقام و پێیان دەڵێم وەرن بەرگری لە مافەکانتان بکەن... هەڵەیە ئەو کەسەی پێی وایە هیچ چاوێک نییە چاودێری بکات، با بە حیساباتی خۆیدا بچێتەوە."
هەروەها، لە دیدارێکدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، جەخت لەسەر هەماهەنگیی تەواوی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری کرا بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بە شێوازێک کە "هیچ بستێک لە عێراقدا نەمێنێت کە قاچاغچێتی و دزی تێدا بێت لە زاخۆوە تا بەسرە."
« حکومەتی عێراق: بڕیار دراوە و گەڕانەوەی نییە»
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (دیجلە) رایگەیاند کە بڕیاری چوونە ناو جورف ئەلسەخر دراوە و دەبێت کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی ناوچەکە بگەڕێتەوە ژێر دەستی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت. ناوبراو دووپاتیکردەوە کە مۆڵەتی دردراو بەو گرووپە کاتێکی دژ و دوور نییە و بەم نزیکانە پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.