×

2024-11-25 133 جار خوێنراوەتەوە

ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان؛ ژنانی كورد لە ئێران سەركوت دەكرێن

ناوەندی هەواڵ

25ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكان دیاریكراوە، لە سەرانسەری جیهاندا بە سەدان شێواز توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا ژنانی كورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە سزای لەسێدارەدان سەركوت دەكرێن.

شۆڕشی ژینا ئەمینی بە دروشمی "ژن ژیان ئازادیی" بە پێشەنگایەتی ژنان و كچان دەستی پێكرد، كاریگەریی لەسەر باشتربوونی پێگەی ژنان لە كۆمەڵگای ئێران داناوە، بە جۆرێك تا ڕادەیەكی باش پاشەكشەی بە نەریتی پیاوسالاری ناو كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووە.

شۆڕشی ژینا ئەمینی وایكرد ژمارەیەك لە پیاوان پاڵپشتی ویست و داواكارییەكانی ژنان بن و پشتیوانی لەو ژنانە بكەن كە لە دژی باڵاپۆشی زۆرەملێ و لە پێناو مافی پۆشینی جلوبەرگی ئازاد دا خەبات دەكەن، ئەم گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیانە، ورەی خەباتكارانەی ژنانی بوێری لە ئاست سیاسەتمەدارە دژە ژنەكانی ڕژێمی ئێران و ئەفسەرانی پۆلیسی بە ناو ئەخلاق و هێزەكانی دیكە بەرز كردووەتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو شوێنە گشتییەكاندا ژنان و كچان بە بێ باڵاپۆشی دەردەكەون و هەرچەندە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە ڕێگەی دەستگیر كردن و زیندانی كردن، لەسێدارەدان، ئەشكەنجەدان و غەرامە كردن هەوڵدەدات دەنگ و تێكۆشان و خەباتی ژنان لە دژی چەوساندنەوە و دەستەبەركردنی یەكسانی و سزای لەسێدارەدان سەركوت بكەن.

یەكەم ژنی زیندانییكراوی كورد كە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی بریتیە لە زەینەب جەلالیان، كە لە ساڵی 2009 لە زینداندایە و بەتۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سزا دراوە.

تاوانی زەینەب ئەوەبوو دەستدرێژیەكانی پاسەوانانی زیندانی ئاشكراكرد، ئێستا باری تەندروستیی ناجێگیرە و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر هەیە، چەند جار داوای نووسینی نامەی پەشیمانبوونەوەی لێدەكەن، بەڵام ئەو هەمیشە ئەم پێشنیارەی ڕەتكردووەتەوە.

یەكێكی تر لە ژنە خەباتكارەكان و یەكێك لە هەڵسووڕاوانی كرێكاریی، شەریفە محەممەدییە، كە 10 ساڵ لەمەوبەر ئەندامی "كۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێكهێنانی ڕێكخراوە كرێكارییەكان" بووە، دانیشتووی شاری ڕەشتە و لە لایەن كارمەندانی بەڕێوبەرایەتی زانیاریی ڕەشت لە پێنجـی كانوونی یەكەمی 2023 بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" دەستگیركرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، دواتر بەهۆی فشاری چالاكوانان و ئازادیخوازان لە 12ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لەلایەن لقی 39ـی دادگاوە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی هەڵوەشێندرایەوە.

شەریفە محەمەدی بوێرانە لە بەرانبەر ئەشكەنجەی دڕندانەی بەرپرسانی زیندانییەكە خۆڕاگریی كردووە.

پەخشان عەزیزی یەكێكی دیكە لە ژنە زیندانییە سیاسییەكانی كورد لە زیندانی ئەوینە و خەڵكی شاری مهابادە و دەرچووی زانكۆی عەلامە تەباتەباییە لە تاران، چالاكوانی بواری مافی ژنانە، لە چواری ئابی 2023 لە لایەن هێزە ئەمنییەكان لە تاران دەستبەسەر كرا و گواسترایەوە بۆ بەندی 209ـی زیندانی ئەوین.

 لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا لە لایەن لقی 26 ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆكایەتی ئیمان ئەفشاری سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند بە تۆمەتی “یاخیبوون” لە ڕێگەی “ئەندامێتی لە گروپەكانی ڕاپەڕینی چەكداری دژی ڕژێمی ئێران”.

پەخشان عەزیزی لە كاتی هێرشەكانی داعش، زۆر زوو بە هانای خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان چوو. هەموو لێهاتوویی و تواناكانی خۆی لەپێناو خزمەت بە قوربانیانی شەڕی داعشدا بەكارهێنا و دوای شكستهێنانی ئەو هێزە چەكدارییانە گەڕایەوە بۆ ئێران و لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر كرا، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا لە لایەن لقی 26ی دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی خەباتی چەكدارانە لە دژی حكومەتی ئیسلامی، چوار ساڵ زیندانی كردن و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

سێیەمین ژنی كورد بە ناوی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی كورد و ئەندامی كۆمەڵەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-كەژار لە یەكـی ئابی 2023 لە نزیك سنە دەستگیركرا.

 دوای نزیكەی پێنج مانگ لێكۆڵینەوە لە ناوەندەكانی ئیتلاعات گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەوینی تاران. لە 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە لایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

بە سزادانی نامرۆڤانە و ئەشكەنجەدان نەیانتوانیوە ورەی وریشە بشكێنن، ئەو لە زیندانیشدا، وەك هەڵسوڕاوێكی دژبە سزای لەسێدارەدان، بە نووسینی نامە و ناردنی پەیام و مانگرتن لە خواردن، پشتگیری لە سێشەممەكانی نا بۆ سزای لەسێدارەدان كردووە.

 ئەمانە و گەلێك نموونەی تر، نیشان دەدات كە تۆڵەسەندنەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ژنانی تێكۆشەر و بە دەركردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانیكردن، نەك هەر چاوترسێنی نەكردوون بەڵكو ورەی خەباتكارانەی ئەوانی بۆ خەبات لەپێناو ئازادی و یەكسانیدا بەهێزتر كردووە.

لە ساڵی 1960 لە دۆمینیكا سێ ژنە چالاكوانی سیاسیی بە فەرمانی سەرۆكی وڵاتەكە بە ناوی ڕافایل ترۆژیلۆ تیرۆر دەكرێن، لە ساڵی 1999 لە بەرانبەر ئەو كردەوە دڕندەیە لە لایەن نەتەوەیەكگرتووەكان ڕۆژی 25ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دیاری كرا.

 

  • ڕۆژهەڵاتی كوردستان؛ ساڵی ڕابردوو 47 ژن كوژراون

  • ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان؛ ژنانی كورد لە ئێران سەركوت دەكرێن

  • لە هەر ئەڵقەیەكی زنجیرە توركییەكان نۆ جار توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت

  • پیاوێكى كورد له‌ به‌ریتانیا به‌ چه‌قۆ هێرشده‌كاته‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ى و 21 ساڵ زیندانى ده‌كرێت

  • ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران له‌ گۆڕه‌كه‌شدا ڕێگه‌ ناده‌ن ئه‌رمیتا بێ سه‌رپۆش بێت

  • مامۆستایه‌كى زانكۆى تاران دوورده‌خرێته‌وه‌

  • ژنانی هیندستان توانیان بە یاسا فرەژنی قەدەغە بکەن

  • لە ڕووداوێکی تەقەکردندا ژنێک لە سنووری چەمچەماڵ کوژرا

  • مامۆستایانی ژن: نەوەیەک پەروەردە دەکەین بەڕووی ستەمدا بووەستنەوە

سەرەکی