2024-06-11
226 جار خوێنراوەتەوە
عێراق؛ 63 کەس لەسێدارەدران
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوێکی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆف ئاشکرایدەکات، لە چەند هەفتەی پێشوودا لە عێراق لانیکەم 63 کەس لەسێدارەدراون و سزاکانیش بەپێی ئەو دانپێدانانە بووە، کە لەژێر ئەشکەنجەدا لەزیندانییەکان وەرگیراون.
وەزارەتی دادی عێراقیش دەڵێت،ئەوانەی لەسێدارەدراون کەمترن لەو ژمارەیەی کە ڕێکخراوەکە باسی کردووە.
ڕێکخراوێ ئافاد (AFADA)کە ڕێکخراوێکی عێراقی تایبەت بە دۆسیەکانی مافی مرۆڤ و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ کاردەکات لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای دەکات، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا و بەشێوەیەکی نهێنی، دەسەڵاتدارانی عێراق لە گرتوخانەی "حوت" لە ناسرییە 63 کەسیان لەسێدارەداوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوێ ئافاد سەرجەم دادگایی کردنەکان مەرجەکانی دادپەروەریی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تێدا نەبووە و دانپێدانانی سزادراوەکان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون."
ئاماژە بەوەشدراوە، بڕیاری لەسێدارەدانەکان بە ئاگاداری و فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە.
باسلەوەشکراوە، لە دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ڕێژەی لەسێدارەدانەکان زیادیانکردووە و لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ خەڵکی تێیدا لەسێدارە دەدرێت و بەدیاریکراویش ئەوانەی لەسێدارەدەرێن تۆمەتی تیرۆریان هەیە.
بەگوێرەی زانیاری ڕێکخراوی ئاڤاد، لەسێدارەدراوەکان بەشی زۆریان لە پارێزگای سەڵاحەدینن کە 32 کەسن، لەناویاندا دوو برا هەن، کەسێکیش لەسێدارەدراوە تەمەنی نزیکەی 74 ساڵ بووە و خەڵکی تکریتە و لە گرتووخانەیەکی دیکەدا 16 ساڵ زیندانی بووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە، ئەوانەی لەماوەی ڕابردوودا لەسێدارەدراون لەساڵانی (2007 و 2008) ەوە بڕیاری لەسێدارەدانیان هەیە و چەند جارێک داواکاریی ستەملێکراویان پێشکێشکردووە و بێبەری بوونی خۆیان راگەیاندووە.
ڕێکخراوەکە ئەوەشی تۆمارکردووە تەرمی کەسێکی دیکە کە خەڵکی رومادی لە پارێزگای ئەنبار بووە دراوەتەوە کەسوکارەکەی، پێشتر راپۆرتی تەندروستیی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی سەلماندبوو ئەشکەنجە دراوە، لەساڵی 2018 لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرایەوە و ڕاپۆرتەکە پەراوێزخرا، سەرەتای ئەم مانگە لەسێدارەدرا.
بەپێی ئافاد بەردەوامبوون لە لەسێدارەدان بەبێ راگەیاندنی فەرمی، شێوازێکی نوێیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەگیرێتەبەر، تەنیا کەسوکارەکانیان ئاگاداردەکرێنەوە بڕۆن تەرمی کەسەکانیان لە دادپزیشکی ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار وەربگرنەوە بۆ ئەوەی 'بەڵێننامە پڕبکەنەوە هیچ شتێک بڵاونەکەنەوە و لێدوان نەدەن، ئەوە جگە لەوەی ڕێگە نادرێت تابووتەکان بکرێنەوە و هێزێک لەگەڵ تەرمەکە و کەسوکارەکەی دەچنە گۆڕستان و نابێت هیچ وێنەیەک بگیرێت'.
ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاندووە، لەسێدارەدان بەپێی بڕیاری دادگایە، دوای ئەوەی بڕیاری تەمییز وەردەگرێت و هەموو ڕێکارە یاساییەکانی کۆتایی دەبڕێت وەزارەتی دادیش هیچ لارییەکی لە دووبارە دادگاییکردنەوەی کەس نییە، بەڵام ئەو بابەتە لە تایبەتمەندیی وەزارەتی داد نییە، بەڵکو تایبەتمەندیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە.
دەشڵێت، بڕیاری لەسێدارەدان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، بڕیارەکە لە دادگا دەردەچێت، سەرۆک کۆمار پەسەندی دەکات و دواتر بەپێی ڕێککارەکانی ئاینی دەکرێت و کەسی لەسێدارەدراو وەسیەتی خۆی دەکات و دواتر تەرمەکە بە کەسوکارەکەی دەدرێتەوە.
سەبارەت بە ژمارەی لە سێدارە دراوان دەڵێت، ئەو ژمارەیە زۆرە، ئەوانەی لەسێدارەدراون ناگاتە نیوەی ئەو ژمارانەی ڕێکخراوەکە باسیکردووە، ئەوانەشی لەسێدارەدراون بە تاوانی تیرۆر سزادراون.
ڕێکخراوی ئافاد بەرپرسیارێتی لەسێدارەدانی عێراقییەکان دەخاتە ئەستۆی سەرۆکایەتییەکانی عێراق و داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات سزای لەسێدارەدان ڕابگیرێت.
|