×

2024-09-25 305 جار خوێنراوەتەوە

بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

ناوەندی هەواڵ

لە کاتێکدا 7ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا تێپەڕدەبێت، کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ "سەربەخۆیی" و جیابوونەوە" لە عێراق، لە ڕۆژی 25/9/2017 ئەنجامیاندا، بەڵام لە ئێستادا پێگەی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا بە "لاواز"دادەنرێت و مشتومڕیش لەسەر لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم بەردەوامی هەیە.

هەرێم بۆ پێدانی بودجەو مووچەی فەرمانبەران چاوی لەدەستی بەغدایە

دوای تێپەڕبوونی 7 ساڵ بە سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، دۆخی دارایی و ئابووری و تەنانەت پێگەی کوردیش لە چوارچێوەی عێراقدا تەواو "لاواز" بووە، هەرێم بۆ پێدانی بودجەو مووچەی فەرمانبەران چاوی لەدەستی بەغدایە، لەکاتێکدا پێش ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، پێگەی کورد هێندە بە هێزبوو ململانێی حکومەتی عێراقی دەکرد.

لە 3ی شوباتی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە کوردی عێراق لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت.

هەرچەندە ئەوکاتە کۆدەنگى تەواوی سیاسى لەسەرئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵام لە 7ی حوزەیرانی 2017 لە سەرۆکایەتى هەرێمی كوردستانەوە 25ی ئەیلول وەک وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاریکرا.

لەوکاتەدا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە لە خواستی کورد تێگەیشتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە دەستووری عێراق کردەوەو وتی ئەوکاتە گونجاو نییە بۆ ڕیفراندۆم.

93%ى دەنگى بەڵێى بەدەستهێنا

ئەمرۆ حەوت ساڵى تەواو بەسەر ریفراندۆمى هەرێمى کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە 93%ى دەنگى بەڵێى بەدەستهێنا، بەڵام کوردى بە مرازى سەربەخۆیى نەگەیاند.

له‌ 14ی ئه‌یلول، شاندێکی باڵای هاوپەیمانان کە پێکهاتبوون له‌ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و یان کۆبیچ، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق و فرانک بەیکر، باڵیۆزی به‌ریتانیا لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوە و پێشنیازیان کرد لەبەرامبەر دواخستنى ڕیفراندۆم بۆ دوو ساڵ، پرسی کورد و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ببەنە کۆبونەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەڵام لەلایەن بارزانییەوە پێشنیازەکە رەتکرایەوە.

لە 25ی ئەیلول لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ڕیفراندۆم بەرێوەچوولە ئەنجامدا لە 93%ى بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیاندا، بەڵام لەلایەن حکومەتى فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی ڕەتکرایەوە.

لێکەوتەکانی ڕێفراندۆم

ڕیفراندۆم لێکەوتى گەورەى بۆسەر قەوارەى هەرێمى کوردستان هەبوو، بەجۆرێک لە 29ی ئەیلول، بەغداد گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمى کوردستانی لەگەڵ دەرەوە ڕاگرت، دوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەکە لەداواکارییەکی بەپەلەدا مەسعود بارزانی داواى لە عەبادى کرد بوو  "دەرگای گفتوگۆ دانەخات" بەڵام بێهودە بوئەوەبوو لە 30ى ئەیلولی 20217 ئێرانیش گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمى کوردستانی ڕاگرت.

هەنگاوبەهەنگاو ڕێکارەکانى بەغدا لە دواى ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرامبەر هەرێمی كوردستان توندتربوون، بەجۆرێک لەڕۆژی 13ی تشرینی یەکەم، هێزە عێراقییەکان ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەبوونەوەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە پارێزگای کەرکوک دەستپێکرد، دواتر لەڕۆژی 14ی تشرینی یەکەم مۆڵەتیان بە هێزەکانى پێشمەرگەدا لە سەنگەرەکانیان بکشێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ پێگەکانی پێش ساڵی 2014 لە پارێزگای کەرکوک.

لە 16ی تشرینى یەکەم (16ی ئۆکتۆبەر)هێزە عێراقییەکان پێشڕەویان کرد و تەواوی  ژێرخانی سەربازی و نەوت کە لە کەرکوک بەدەست کوردەوەبوون  لەگەڵ فڕۆکەخانەی سەربازی کەرکوک و بنکەی سەربازی کەى وەنیان کۆنترۆڵکرد.

ڕۆژێک دوای (16ی ئۆکتۆبەر) لە 17ى تشرینی یەکەم، هێزەکانی حکومەتی عێراق لە کۆی شەش کێڵگەی نەوتی پارێزگای کەرکوک کە لەلایەن کوردەوە کۆنترۆڵکرابوون، پێنج کێڵگەی نەوتی کۆنترۆڵکرد.

لە 19ی تشرینی یەکەم، هەرێمى کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند و داوای دەستوەردانى لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.

لە 25ى تشرینی یەکەمی 2017 ، نێچیروان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی ۆکومەت بەناوی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامی ڕیفراندۆمی سڕکرد، چوار ڕۆژ دواترو بەفشاری عێراق و هاوپەیمانان  مەسعوود بارزانی کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هاتبوو لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان، دەستلەکارکێشانەوەى لە پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند.

لە 20ی تشرینی دووەمى 2017 دادگای فیدراڵى عێراق بەڕەسمی ڕیفراندۆمی بە "نادەستووری" ناوبرد.

ئەگەرچى زۆرینە لەگەڵ سەربەخۆیى بوون، بەڵام هاوڕاییەک لەسەر ئەوە هەیە ریفراندۆم لە دۆخێکدا کرا کە ناتەبایى سیاسى هەبوو و ناوماڵى کورد یەک نەبوو، لە هەموو گرنگتر پایەکانى دەوڵەتدارى دانەمەزرابوون و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش لەدژى وەستایەوە، ئەوەش وایکرد ئەنجامەکانى بەزیان بۆ قەوارەى دەستوورى هەرێمى کوردستان بشکێنەوە و کاریگەرییەکانیشى تا ئێستا بەردەوامن.

  • ئازادیخوازه‌كانیش له‌ زیندان ده‌هێڵێته‌وه‌؛ توركیا چه‌ند ئه‌ندامێكى داعش ئازاد ده‌كات

  • بلینكن بۆ ته‌حریر شام: له‌ گۆشه‌گیربوونى تاڵیبانه‌وه‌ فێربن

  • ئیدارەی خۆسەری لەبارەی هەڕەشەكانی توركیاوە نامەیەك بۆ ترەمپ دەنێرێت

  • 78 ساڵ بەسەر ڕووخانی كۆماری مهاباد تێدەپەڕێت

  • هەرێم هێشتا مووچه‌ى مانگى 10 ى نه‌داوه‌ و داواى مووچه‌ى مانگى 12 لە بەغدا ده‌كات

  • ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا و هێزه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ڕێككه‌وتن بكه‌ن

  • پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پۆسته‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ڕێكنه‌كه‌وتوون

  • ئایا ئەمریكا و ئیسرائیل پشتیوانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن؟

  • به‌عسى سوریاش كه‌وت؛ دیمه‌شق له‌ ژێر ده‌ستى ئۆپۆزسیۆنه‌ و ئه‌سه‌د به‌ فرۆكه‌ هه‌ڵات

سەرەکی