×

2024-09-28 258 جار خوێنراوەتەوە

ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

ناوەندی هەواڵ

سوپاى ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکى فەرمیدا، کوشتنى  حەسەن نەسروڵا ئەمیندارى گشتى حیزبوڵاى لوبنان و بەرپرسێکى دیکەى باڵاى ڕاگەیاند ئەویش دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ئەو هەڕەشانەی کە ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن.

ڕۆژی شەممە 28ی ئەیلولی 2024 بە فەرمی ژیانی حەسەن نەسروڵا کۆتایی هات، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل کوشتنی ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان ڕاگەیاند.

ئەفیخاى ئەدرعى، وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل بە زمانى عەرەبى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردوەتەوە؛"بە فەرمیی کوشتنى  حەسەن نەسروڵا ڕادەگەیەنین".

فڕۆکەکانى هێزى ئاسمانیی بە رێنمایی وردى هەواڵگریی هێرشەکەیان بۆسەر بنکەى سەرەکیی حیزبوڵا ئەنجامداوە  کە بە وتەی وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل کەوتووەتە ژێرزەمینى بینایەکى نیشتەجێبونەوە و لەکاتى هێرشەکەدا بەرپرسانى باڵاى حیزبوڵا لە شوێنەکەدابوون و پلانیان دژى هاوڵاتییانى ئیسرائیل دادەنا.
حەسەن نەسروڵا سەرکردەی لوبنانییەکان چەند ڕۆژێک لەمەوبەرلە وتارێکدا "کۆتا قسەی"خۆی گرد، ئەوەش دوای تەقینەوەی سەدان ئامێری پەیوەندی لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، کە زۆرینەیان ئەندامی حزبوڵا بوون.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەی کرایە سەر ئامێرەکانی پەیوەندی پەیجەر و هۆکی تۆکی، نەسروڵا لە وتارێکدا لە 19ی ئەیلولدا وتی: تۆڵە لە ئیسرائیل دەکەینەوە و سزایان دەدەین، ئەمە بەڵێنێکە لەنێوانمان، با بمێنێت، لە کاتی خۆی قەبارەی تۆڵەکردنەوەکە و شوێنەکەی دیاری دەکەین.

حەسەن نەسروڵا کە بە هەڕەشە بەردەوامەکانی لە دژی ئیسرائیل دەناسرایەوە ڕایگەیاند، "لە بچووکترین بازنەی نێوخۆماندا بڕیار لەسەر سروشت، قەبارە، چۆنێتی و شوێنی تۆڵەکردنەوەکە دەدەین"، بەڵام پێش ئەوەی بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات، کوژرا. 

هەرچەندا نەسروڵا نەیدەزانی ئەم هەڕەشەیە دوا هەڕەشەی پێش کوژرانەیەکەیەتی، کە بە متمانەیەکی زۆرەوە قسەی دەکرد.

حەسەن نەسروڵا، لە ساڵی 1992، کە تەمەنی (35) ساڵ بوو، بوو بە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا، ئەوەش کردییە سەرکردەیەک و هێمای ناسراوی ئەو گرووپە، کە سەردەمانێک “گروپێکی نهێنی” بوون، دوای ئەوەی لە ساڵی 1982 لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل دامەزرا.
دانانی حەسەن نەسروڵا بە ئەمینداری حزبوڵا ، دوای ئەوە بوو ئیسرائیل لە هێرشێکی هەلیکۆپتەردا عەباس موسەوی ئەمینداری گروپەکەی لەو ساڵەدا کوشت.

حەسەن لە گەڕەکی کارنتینە لە بەیروت گەورە بووە، بنەچەی بنەماڵەکەی لە گوندی بازوورییە بوون، کە گوندێکە لە باشووری لوبنان و زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعەن، کە ئەمڕۆ قەڵای سیاسی حزبوڵای لوبنانە.

حەسەن نەسروڵا سەر بە نەوەیەکی گەنجی لوبنانییە، کە کاریگەر بووە بە فیکری سیاسی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە ساڵی 1979 دا لەو وڵاتە هەڵگیرسا.

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە ساڵی 2023، ئەو سەرکردە لوبنانییە هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆی بۆ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاست دەرکرد و پێی وتن، "ئەو کەشتییانە ئێوە بۆ هەڕەشە لە ئێمە ناردووتانەتە ناوچەکە بە ئامانجیان دەگیرین و تێکیان دەشکێنین.

نەسروڵا بە درێژایی شەڕی غەززە لەماوەی ڕابردوو بەردەوام هەڕەشەی لە ئیسرائیل دەکرد و دەیوت، لە کات و ساتی خۆی هێرشی فراوان دەکەن و تۆڵەش دەکەینەوە.

پێشتریش نەسروڵا لە ساڵی 2020 بەڵێنیدا سەربازانی ئەمریکی بە تابووتەوە بنێرێتەوە، یان دەبێت ناوچەکە بەجێبهێڵن دوای تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سەربازی ئێران لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە عێراق.

حەسەن نەسروڵا کێیە؟

حەسەن عەبدولکەریم نەسروڵڵا (31ی ئابی 1960) لە دایک بووە سێیەمین ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان بوو، لە دوای ئەوەی 16ی شوباتی 1992 پۆستەکەی وەرگرت.

نەسروڵا لە شاری بورج حەمود لەدایک بووە و بنەچەی بۆ گوندی بازورییە دەگەڕێتەوە، کە باوکی بە ناچاری بە دوای هەلی کاردا بەرەو بەیروت ڕۆشتووە.

لە ساڵی 1975 شەڕی ناوخۆی لوبنان سەریهەڵدا و بنەماڵەی نەسروڵا کە تەمەنی 15 ساڵ بوو، ناچار بوون بگەڕێنەوە بۆ بازورییە.

حەسەن نەسروڵا، خوێندنی لە قوتابخانەی گشتی تایر بۆ کوڕان تەواو کردووە، پاشان پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئەمەلەوە کردووە و دواتر وەک نوێنەری بزووتنەوەکە لە ناوچەکەی خۆیان دەستنیشانکرا.

لە شاری تووڕ چاوی بە ئیمامی مزگەوتی ئیمام جەعفەر سادق محەمەد غروی کەوتووە، ئەویش هاوکاریکردووەو ناردوویەتی بۆ نەجەف لە عێراق، کە لەوێ ماوەیەک خوێندنی ئیسلامی تەواو کردووە و هەر لەوێش عەباس موسەوی ناسیووە، دواتر پێکەوە حزبوڵایان دامەزراندووە.

دوای گەڕانەوەی بۆ لوبنان، نەسروڵا لە مەدرەسەی ئایینی لە بەعلبەک خوێندوویەتی و دواتر بووە بە وانەبێژ، کە پەیڕەوی فیکری ئایەتوڵا محەمەد باقر سەدر کردووە، دواتریش بووە بە ئەندامی حزبوڵا و زۆر بەرپرسیاری لەو حزبە وەرگرتووە، تا بووە بە ئەمینداری حزبەکە.

نەسروڵا کە بە نوێنەری وەلی فەقیهی ئێران دادەنرا لە لوبنان، بەردەوام هەڕەشەی لە بەئامانجگرتنی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکرد کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەو وڵاتەیە لە ناوچەکەدا.

حزبوڵا مێژوویەکی ڕەشیشی لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و کوشتوبڕی سووننەکان و دروزەکانی لوبنان و هەروەها ناردنی میلیشیا بۆ پشتیوانیکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەیە.

دادگایەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش حزبوڵای تۆمەتبارکرد بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانی پێشتری لوبنان کە ساڵی 2005 لە ڕێی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا.

چەند زانیارییەک لەبارەی حەسەن نەسروڵاوە

* یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە
* چەندین ساڵە لەناو خەڵک نەبیندرابوو
* ساڵی 1960 لەدایکبوو
* گەورەترین کوڕی 9 منداڵی خێزانەکەی بوو
* ساڵی 1975 پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئەمەلەوە کرد 
* ساڵی 1982 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە پارتی ئەمەلی ئیسلامییان دامەزراند 
* ئەمەلی ئیسلامی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی گەورەی کرا 
* ساڵی 1985 بزووتنەوەی حیزبوڵا دامەزرا 
* بەشی زۆری بەرپرسەکانی حیزبوڵا لە بەرپرسانی ئەمەلی ئیسلامی بوون 
*نەسروڵڵا ساڵی 1992 بووە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، دوای ئەوەی عەباس مووسەوی لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا کوژرا
*حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کەوتنە شەڕ و ئەنجامەکەی ئەوە بوو لە ساڵی 2000 سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کشایەوە
*ساڵی 2006 شەڕ لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دەستی پێکردەوە
*شەڕەکە 34 ڕۆژ بەردەوام بوو
* 2013 نەسروڵڵا ڕایگەیاند، چەکدار بۆ سوریا دەنێرێت بۆ پاڵپشتیکردن لە ئەسەد
* 8-10-2023 بڕیاریدا بەشێوەیەکی سنوردار بچێتە نێو جەنگی ئیسرائیل و حەماس 
* 27-9-2024 سوپای ئیسرائیل باشوری بەیروتی بۆردومانکرد 
* 28-9-2024 سوپای ئیسرائیل کوژرانی حەسەن نەسروڵای ڕاگەیاند.

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

  • یاسای باری كەسێتی، لەناوبردنی دەوڵەت و گۆڕینی عێراق بۆ ئەفغانستان و قەندەهار

  • هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

  • ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

سەرەکی