×

2024-09-21 228 جار خوێنراوەتەوە

کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

ناوەندی هەواڵ

کۆچى بە لێشاوى گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە و ساڵانە بەشێک لەو گەنجانەش لە ڕێگا نایاساییەکاندا دەبنە قوربانی، ژێر ئاوکەوتنى یەختى پەنابەران لە کەناڵى ئینگلیز ناوە ناوە دەبێتە باسی 
میدیاکان، ئەوەش پرسێکە ویژدانی هەموو کەس جگە لە ویژدانی دەسەڵات دارانی باشوری کوردستاندەجوڵێنێت.
  
بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان

 بەپێی بەدواداچوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چاوێرانی سیاسیی و چالاکوانن بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان لە کەرتی تایبەت و حکومەتدا هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات، وەک ئەوان ئاماژەى بۆ دەکەن، گەنجان بۆ گەڕان بەداوای ژیانێکی شایستە سەر و ماڵیان دەخەنە مەترسی ڕێگەی هات و نەهاتی ئەوروپا. 

حکومەت و دەسەڵات بێ هەڵوێست و بێباکن

ئامارەکان دەریانخستووە، گیانلەدەستدان و خنکان و بێسەوشوێنبوونى گەنجانى کورد لە ڕێگەی دەریا و وشکانی لە هەڵکشاندایە، حکومەت و دەسەڵاتیش زۆر بێباکانە خۆیان بێدەنگ کردوە و هیچ باکێکیان بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان نییە و سنورێکیان بۆ کۆچى گەنجان دیارینەکردووە.

بەکرعەلى سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە دەزگاى میدیاى ئیرادەى راگەیاند، تەنها لە نۆمانگى ئەمستاڵدا و بە پێى ئامارە سەرەتاییەکان شەش هەزار هاوڵاتی لە هەرێمەوە بۆ ئەوروپا کۆچیان کردوە، لەو ژمارەیەش نزیکەى هەزار و 500 کەسیان خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕین بوون.

 
43 هاوڵاتى بوونەتە قوربانى رێگەى کۆچ

 بە پێى بەدواداچوون و ئامارى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان لە ساڵى 2023دا 19 هەزار و 200 هاوڵاتى لە هەرێمەوە بۆ ئەوروپا کۆچییان کردوو، لەکۆى ئەو ژمارەیەش 29 کەسییان بە هۆکارى جیاجیا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە نۆمانگى  سەرەتاى ئەمساڵ زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتى چوونەتە وڵاتانى ئەوروپا و 43 کەسیش لە رێگەى ئەوروپا بوونەتە قوربانى و بەشێکیان گیانیانلەدەستداوە.

بەوتەى سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان هۆکاری سەرەکی کۆچی هاوڵاتییان بۆ نەبونی هەلی کاری یەکسان و نەبوونی پلانی دەسەڵاتداران و حکومەتە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان دەگەڕێتەوە.

هەڕەشە و مەترسى گەورە لەسەر داهاتووى هەرێم هەیە

چاودێران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بێ پلانی حکومەت و دەسەڵاتداران  بۆ بەگەڕخستنی تواناکانی گەنجان لە بوژاندنەوەی کەرتی ئابوریی و بەرەوپێشبردنی وڵات بە هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینە دەزانن لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و دەڵێن: ئەگەر حکومەت لە ڕێگەی کردنەوەی کارگە پیشەسازیی و ڕەخساندنی هەلی کاری یەکسان و دادپەروەرانە بەر بە لێشاوی کۆچی گەنجان و هاوڵاتییان نەگرێت، کارەسات ڕوودەدات.  

لەپێناو مسۆگەرکردنى ژیان رێگەى مەرگ هەڵدەبژێرن 

 ئالان جەمال، مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئیرادە میدیا پێى وابوو نەبوونی هەلی کار و نەبوونی ئەمنییەت و ئاسایش هۆکارى سەرەکین بۆ کۆچى گەنجا، کاتێک گەنجێک دوای 20 ساڵ خوێندن ناتوانێت هەلی کار بەدەستبهێنێت و ژیانێکی ئاسایی بۆخۆی دابین بکات و سەرچاوەیەکی باشی دارایی هەبێت یەکەم شت بیری لێدەکاتەوە کۆچکردنە، چونکە پێیوایە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەستی ناکەوێت دەتوانێت لە وڵاتێکی بێگانە دەستی بکەوێت و ژیانی مسۆگەر بکات.  

"هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە ماوەی سێ دەیە لە حکومڕانی نەک هەر نەیانتوانیوە کەرتی پیشەسازیی و ئابوورییەکی سەربەخۆ دروستبکەن و پێشیبخەن و سوود لە بەرهەمی ناوخۆ وەربگرن و هێزی گەنجان بخەنەگەڕ بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان بەڵکو، لەپێناو بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکانیان بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیان کردوەتە شوێنی ساخکردنەوەی بەرهەمی خراپ و بێ کوالێتی وڵاتانی تورکیا و ئێران، ئەوەش گەنجانی ئەوەندەی تر بێ هیوا کردوە". ئەو چالاکوانە واى وت.

پشکى شێر بەر قەزا و ناحییەکان کەوتووە

 ئیرادە میدیا لە بەدوادا چوونەکانیدا بۆى دەرکەوتووە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیی و هەڵوەستە لەسەر کردنە، ئەوەیە زۆرینەی ئەوانەی کۆچ بۆ ئەوروپا دەکەن خەڵکی قەزا و ناحییەکانن، چونکە ئەو شوێنانە نەک هەر لەلایەن حکومەتەوە بەڵکو لەلایەن کەرتی تایبەتیشەوە پشتگوێخراون و فەرامۆشکراون.  

بۆ ژیانێکى شایستە دەبێت ئیرادەی خۆت بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بفرۆشیت

 ئاریا ڕەشاد، کە ڕۆژنامەنووسێکی کوردە و ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتە جێیە چیرۆکى کۆچکردنى خۆى بۆ میدیاى ئیرادە دەخاتەڕوو دەڵێت، من بە رێگاى مەرگ بەرەو ئەوروپا بەرێکەوتم و کوردستانم بەجێهێشت، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ژیانێکی شایستەت هەبێت دەبێت سەربە حیزبەکانی دەسەڵات بیت، بۆ نموونە ڕۆژنامەنووس ئەگەر بیەوێت لە هەرێمی کوردستان ژیانێکی تۆزێک لە ئاسایی باشتری هەبێت، دەبێت ئیرادەی خۆی بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بفرۆشێت،بەپێچەوانەوە دەبێت بەسەختی بژی سەرەڕای مەترسییەکانی سەر ژیانی. 

بەگوێرەی ئامار و داتاکانی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، ساڵانە ئەو هاوڵاتیانەى لە عێراقەوە کۆچ بۆ وڵاتانى ئەوروپا دەکەن لە %65 بۆ %70ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن، چاودێرانیش دەڵێن: هەتا دەسەڵاتداران بەوجۆرە بێ باک بن لێشاوی کۆچیش بەرەو ئەوروپا بەردەوام دەبێت.

 

  • ئازادیخوازه‌كانیش له‌ زیندان ده‌هێڵێته‌وه‌؛ توركیا چه‌ند ئه‌ندامێكى داعش ئازاد ده‌كات

  • بلینكن بۆ ته‌حریر شام: له‌ گۆشه‌گیربوونى تاڵیبانه‌وه‌ فێربن

  • ئیدارەی خۆسەری لەبارەی هەڕەشەكانی توركیاوە نامەیەك بۆ ترەمپ دەنێرێت

  • 78 ساڵ بەسەر ڕووخانی كۆماری مهاباد تێدەپەڕێت

  • هەرێم هێشتا مووچه‌ى مانگى 10 ى نه‌داوه‌ و داواى مووچه‌ى مانگى 12 لە بەغدا ده‌كات

  • ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا و هێزه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ڕێككه‌وتن بكه‌ن

  • پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پۆسته‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ڕێكنه‌كه‌وتوون

  • ئایا ئەمریكا و ئیسرائیل پشتیوانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن؟

  • به‌عسى سوریاش كه‌وت؛ دیمه‌شق له‌ ژێر ده‌ستى ئۆپۆزسیۆنه‌ و ئه‌سه‌د به‌ فرۆكه‌ هه‌ڵات

سەرەکی