×

2024-07-07 378 جار خوێنراوەتەوە

ئیرادە.. ڕاپۆرتی چاودێری دواین ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

ناوەندی هەواڵ

تیمی ڕێکخراوی کوردستانی عێراقی  CPT ئەمریكی، ڕاپۆرتی چاودێری دواین ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپیی ڕاپۆرتەکە کە وێنەیەکی بۆ دەزگای میدیایی ئیرادە نێردراوە،  لە 15ی حوزەیرانی 2024دا، سوپای تورکیا دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە شەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامداوە.

هاوکات، بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە 25ی حوزەیراندا، سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد، لە ڕۆژی دواتردا سوپای تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازی نوێ لەسەر لوتکە چیای گوندەکانی کانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمکە، بلیجان، کۆرکا و گرێ بی لەسنوری قەزای باتیفا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ئەمریکیەکە،  لە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی کردووە و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات.

 دانیشتووانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، بە ڕێکخراوی CPT یان ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی 27ی حوزەیراندا، سەربازانی تورکیا چوونەتە ناو گوندەکەیان و ناچاریان کردوون کە گوندەکەیان جێبهێڵین.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و لەسەر زەمین ئەنجامدەدرێت لە دەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بە قوڵایی (15) کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. پێشتر و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورە بروسکەدا سوپاکە بە قوڵایی (7) کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتووە و بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندووە.

بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای دەسپێکردنی  ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا تا ئێستا، تورکیا (238) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و زۆربەی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک بوون و بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانیشەوە، زیاتر لە (20) هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، بەتایبەتی لە گوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. سەرباری ئەوە، نزیکەی (55٪)ی دارستان و ڕەز و باخی هاووڵاتییانی مەدەنی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سوتاون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی چاودێری کردنی تیمی ڕێکخراوی کوردستانی عێراقی  CPT ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی (162) گوند لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە (602) گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان.

دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ CPT پشتڕاستیانکردووەتەوە کە لە بەرەبەیانی 4ی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی (45) زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون، ئەوەش بووەتە هۆی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو گوندەکەدا.

 گوندنشینانی سەرگەلێ، ترسیان هەیە کە ئامادەیی سەربازی سوپای تورکیا و پێکدادانی پەکەکە و سوپای تورکیا لەناو گوندەکەدا درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.

لەسەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا (1076) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەلەم ژمارەیە:

(526) هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای دهۆك بووە.
(405) هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای هەولێربووە.
(135) هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بووە.
(10) هێرشی تریان بۆسەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون. 

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکە، لە (93٪)ی بۆردوومانەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامدراون ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەدرێژایی ساڵی 2023، سوپای تورکیا (1548) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی  هەرێمی کوردستانی ئەنجامدابوو.

سەرباری شەهیدبوونی (8) هاووڵاتی مەدەنی لەم ساڵدا، لە هێرشەکانی سوپای تورکیادا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانییان بەرکەوتووە. لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، قوتابخانەی گوندی مژێ لە لە قەزای ئامێدی بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بەتەواوی وێرانکراوە.

لە دواین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیادا، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، کەنیسەی گوندی میسکا لە قەزای ئامێدی زیانی بەرکەوتووە، لە ئێوارەی ڕۆژانی 4 و 5ی تەمووزدا، دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنە خوارەوە و سەرباری زیان گەیاندن بە خانووی سێ هاووڵاتی مەدەنی، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.

ڕێکخراوە ئەمەریکییەکە ڕایدەگەیەنێت، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەدواین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆسەر هاووڵاتیانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترس لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنی لە سنوری قەزای ئامێدی هەیە. 

  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

سەرەکی