×

2024-04-29 474 جار خوێنراوەتەوە

ترسی پارتی ​لە هەڵبژاردن هەرێمی کوردستان ​دووچاری بارێکی نەخوازراو دەکاتەوە

ناوەندی هەواڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ترسی لە دەستدانی ئەو دەسەڵاتانەی ئێستا هەیەتی ، ئاستەنگی بۆ هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دروست دەکات و فشار دەکات بۆ هێشتنەوەی دەسەلاتەکانی.

دوای ئەوەی چەندین فشار و نێوەندگیری بۆ بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی  هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان شکستی هێنا ، چاودێران پێیان وایە پارتی ترسی لە دەستدانی پێگە و دەسەڵاتەکانی هەیە و بەو هۆکارەش نایەوێت بەشداری هەڵبژاردنێک بکات کە چارەسنوسی بە نادیاری دەهێڵێتەوە.

بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئەوە دێت کە لەماوەی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ودیاری کردنی سیستمی فرە بازنەیی بۆ هەلبژاردنەکان و هەلوەشاندنەوەی( 11 )کورسی کۆتاکان کە لایەنەکان بەردەوام تێبینیان لە سەری هەبوو و پێیان وابووە کە ئەو(11)کورسیە پارتی بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکاریان دەهێنێت، کە لەبەرامبەردا پارتی هەلوێستێکی توندی پیشاندا و ڕاستەوخۆ بایکۆتی هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند.پێگەی (العرب) لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە،  چیتر پارتی ناتوانێت لە ڕێگەی کۆمسیۆنەوە کە پێشتر باڵادەستی بە سەریدا هەبوو ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە لە بەرئەوەی  بە پێی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، کە لە لایەن پارتی دیموکراتەوە ڕەتکراوەتەوە، چونکە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرستی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات و هەرخۆشی تانەکان یەکلای دەکاتەوە ئەوەش بەو مانایە دێت کە چیتر لە دوای جێگیرکردنی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی، پارتی ناتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێت و تانەکان لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە هەروەک چۆن لەڕابردوودا ئەو کارەی بۆ بەرژەوەندی خۆی کردووە.بە پێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە هەڵبژاردن دوابخات، بەو پێیەی ڕەنگە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت یان لانیکەم پشکی پەرلەمانی زیاد بکات.

پێگەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵیت، بە پیچەوانەی پارتی کە ناڕازییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن،بەڵام یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە لە چاو ئەو چاوەڕوانیەی پیشترلایەنەکان چاوەڕێیان دەکرد یەکێتی زیاتر لاواز ببێت بۆ بەشداریکرن لەهەڵبژاردن، ئێستا یەکێتی بە توندی پێداگریدەکات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەو پێیەی لەوەیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم کاتەدا بۆ حزبە باش بێت و بە پێچەوانەوە بۆ پارتی دیموکرات خراپ ، یان لانیکەم یەکێتی بتوانێت ژمارەی پەلەمانتارەکانی لە پەرلەمانی کوردستان زیاد بکات ، بەو پییەی پەرلەمانی کوردستان متمانە بە سەرۆکی هەریم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەدات و یاسا ناوخۆییەکان پەسەند دەکات .
پەرلەمان ڕۆڵی گرنگی هەیە لە هەرێم متمانە بە حکومەت و سەرۆکەکەی دەبەخشێت و هەروەها یاسا ناوخۆییەکانی هەرێم پەسەند دەکات کە هاوکات هێزی سەربازی  تایبەت بە خۆشی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی پێگەی (العرب) پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانە لە دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەری کوردستان بۆبڕیاردان لەسەر تانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن، ئەوەش بەو مانایەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت، هەروەها ناتوانێت ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکات لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگا، دەسەڵاتی دادوەری عێراق تانەدانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان تاوتوێ دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، ' بڕیاری گواستنەوەی بەرپرسیارێتی دادوەریی تانەکانی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی دادوەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەستەیەکی دادوەری سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری فیدراڵی نوێنەرایەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری دەکات .

پارتی دەڵێت، ئەم هەنگاوە نەک هەر پێشێلکردنی ئۆتۆنۆمی هەرێمە، بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕەوا لە پراکتیکی دامەزراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لادەدات، ئەم جۆرە کارانە مەترسی تێکدانی یەکپارچەیی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکەن، لە هەمان کاتدا ڕێکارە جیهانییەکان کە بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان دامەزراون تێکدەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، لەبەرئەوەی کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکات، پارتی نیگەرانە لەوەی کە دڵنیا نییە ئەو دەنگانەی پێویستن بۆ بردنەوە دەستەبەر دەکات یان نا، بەمەش ڕەتیکردەوە بەشداری بکات.

پێگەکە لەڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانە لە لابردنی کورسی تایبەت بە کەمینەکان و کۆتاکان لەبەر ئەوەی بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێکدێت، شەرعیەتی ئەو 11 کورسییەی تا ئێستا بۆ کەمینەکان و کۆتاکان  تەرخانکرابوو، لەلایەن دادگاکەوە هەڵوەشایەوە ئەوبڕیارەش لەسەر بنەمای پابەندبوونی یەکێتی بووە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو کورسییانەی کۆنترۆڵ کرد و کورسییەکانی کەمینەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنا.نیگەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لابردنی ئەو کورسییانەی بۆ کەمینەکان تەرخانکراون، بە ڕوونی لە ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دیارە، کە تیایدا هاتووە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو کورسییانەی کە بۆ کەمینەکان و کۆتاکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تەرخانکراوە، بەردی بناغەی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بووە بۆ هەموو هاووڵاتیان.

نیگەرانییەکانی پارتی بە گشتی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خوازیاری ئەوەیە بەردەوام خۆی حاکمی ڕەها بێت لە هەرێمدا نەک کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتەکانی بە پێی یاسا.

پێگەی (العرب) ئاماژە بەوەدەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بڕیارانەی دادگای فیدڕڵی  دەترسێت کە تایبەت بەهەرێمی کوردستان دەریکردوون، هاوکات نیگەرانی ئەو بڕیارانەی داهاتووەو دەترسێت کە دادگای فیدراڵی دەیگرێتەبەر بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی لە هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ترسی لەدەستدانی ئەودەسەڵاتانەی هەیە کە ئێستا لە دەرەوەی یاسا وەک حزبێک لە کوردستاندا جێبەجێی دەکات.

بڕیارەڕۆژی10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و هاوکات بڕیارە ڕۆژی 10ی ئایاری 2024   بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات.  بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 10ی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، دیمەنی سیاسی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان خستۆتە بەردەم دووڕیانێکی سیاسی ئاڵۆز، جیاوازی هەڵوێستەکان لە ناو هەرێمدا هاوتەریبە لەگەڵ قەیرانێکی نوێ و کۆن لە نێوان بەغدا و هەولێردا دەڕوات،  چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارەی پارتی بەشدار دەبێت لە وروژاندنی قەیرانێکی سیاسی سەخت.

سەرەڕای نێوەندگیری و گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ وەلانانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵوێستەکەی، شرۆڤەکاران کاریگەری ئەولایەنانە  دەخەنە ژێر پرسیارەوە کەهەوڵی ڕازیکردنی پارتی دەدەن بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردن.

شارەزایان دەڵێن، هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی بایکۆتی هەڵبژاردن لاواز بووە و زیاتر لە تۆمارکردنی هەڵوێستێک دەچوو نەک دروستکردنی فشار لەسەر هاوپەیمانە کوردەکەی.

هاوکات،  ئەمەریکا "نیگەرانی" خۆی لە بڕیارەکەی پارتی دەربڕی و داوای "بەشداریکردنی کرد لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە.

بە دەنگی 80 پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی و پێکهاتەکان و بەشێک لە گۆڕان، دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان درا.

پەرلەمانی كوردستان دوابەدوای بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی كە لە (9/10/2022) یاسایەكی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە دەركرد، لە (30/5/2023) بڕیاری دادگای ئیتیحادی دەرچوو و بڕیاری نادەستوریبوونی ئەم درێژكردنەوەی دا، بەمەش لە ڕۆژی (6/11/2022)ەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتاییهات و بەمەش هەرێمی كوردستان كەوتە بۆشایی یاساییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی پەی لەبارەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمان، لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی، پەرلەمانی كوردستان (7) یاسا و (1) بڕیاری دەركردووە، بەپێی بڕیاری دادگا پەرلەمان لەو ڕۆژەوە كە كۆتایی هاتووە ناتوانێت هیچ كارێك بكات، هەر لەبەر ئەم هۆكارە ئەو یاسایانەی لە دوای ئەو مێژووەوە دەرچوێنراون پوچەڵن و ناكرێت كاریان پێ بكرێت.لە دوای تەواو بوونی تەمەنی پەرلەمان لە (6/11/2022 تا 30/5/2023) دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران (6) موچەیەیان بە نایاسایی وەرگرتبوو كە دەبوایە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران (2) موچەی تریان بە نایاسایی وەرگرت كە نەدەبوایە وەریبگرن.

تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە زیاد لە ساڵێكە بەپێی یاسا خولی پێنجەمی پەرلەمان كۆتایی هاتووە، كەچی زۆرینەی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان شوقەو خانووەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن و چۆلیان نەكردووە كە ئەمەش بەكارهێنانی مولكی گشتیە لە دەرەوەی یاسا.

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە زیاد لە ساڵێكە بەپێی یاسا لە ئەركەكانیاندا نەماون، كەچی تا ئێستاشی لەگەلدابێت بەنایاسایی خاننوەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن (كە هەریەكەیان لە دوو خانوودا نیشتەجێن)، ئۆتۆمبێلەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن، پاسەوانەكانی پەرلەمان هێشتا لەلایانن، هەریەك لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بەشێك لە فەرمانبەرانی ستافی نوسینگەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە بارەگا حزبیەكانی خۆیان بەكاردەهێنن.

  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

سەرەکی