×

2024-05-04 382 جار خوێنراوەتەوە

دواین زانیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم

ناوەندی هەواڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ئایندە ئۆپەراسیۆنی فراوانی سوپای تورکیا بەبیانووی بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر قوڵایی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و ئەو پەرلەمانتارە داواش دەکات لەسەر هێرشەکانی تورکیا عێراق هەڵوێستی هەبێت.

عەلی نیعمە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێگەی عەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، بۆردومانەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق چڕ بوونەتەوە، پێشبینی دەکەن ئەمە سەرەتای ئامادەکاری بێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیان لەقوڵایی خاکی عێراقدا.

 لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی فەرمی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە عەرەبی ئەلجدیدی وتووە، "چاودێری کراوە کە بۆردومانی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدا هەیە، بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان، هەڵکشانێکی بەرچاوی  هەیە و پێمان وایە کە ئەم بۆردومانە پێشەکییەکە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تورکیا لە قووڵایی ناوخۆی عێراقدا."

ئەو بەرپرسە کە داوای لە پێگەکە کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، “عێراق زانیاری تەواو، یان وردەکاریی نییە، سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی گەورەی تورکیا، بەڵام لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا بۆ بەغدا، بە فەرمی  عێراق لەو ئۆپەراسیۆنە ئاگادار کرایەوە عێراقیش ڕەزامەندی مەرجداری بە تورکیا داوە.

بە پێی وتەکانی ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، عێراق لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتووە، کە هەر کردەوەیەکی ئەمنی یان سەربازی دەبێت بەپێی هەماهەنگی هاوبەش بێت و ڕەنگە ئەو ئۆپەراسیۆنانە هەماهەنگیی ڕانەگەیەندراوی تێدابێت، بەو پێیەی  بابەتەکە هەستیارە وحکومەت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات، چونکە لە ئاستی ناوخۆیی و تەنانەت دەرەکیشدا کاردانەوەی هەیە.

لەدوای سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق، لێدوانی بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا و هەولێر یەکسان بوون سەبارەت بە وەرگرتنی مۆڵەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان کە تورکیا بە باکووری عێراق ناوی دەبات  بە قووڵایی زیاتر لە 40 کیلۆمەتر، بەبیانووی لێدان لە پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان.

مخلد حازم، پسپۆڕی کاروباری ئەمنی و سیاسی، بە عەرەبی ئەلجەدید-ی ڕاگەیاندووە، محمد شیاع سودانی، لەکاتی هاتنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق بەوردی مامەڵەی لەگەڵ دۆسییەی پەکەکەو هاتنەناوەوەی تورکیای بۆناو خاکی عێراق کردووەو سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، وریا بوو لە وەسفکردنی ئەم حزبە، بە قەدەغەکراو وەسفی کرد نەک تیرۆریستی، چونکە وەسفکردنی بە تیرۆریستی بەو مانایەیە کە عێراق پابەند دەبێت بە شەڕکردن لەگەڵ ئەو هێزە کوردییەو دەبوو بە تەواوی لە عێراق دوریان بخاتەوە، وەک داعش و ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورە "بۆ عێراق"، بەڵام سەرۆک وەزیران ئەوکارەی نەکردووە بەلکو  بەڵێنیداوە لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا  کار لەگەڵ تورکیا بکات، چونکە  تەحەددیاتەکان شاراوە نین، دیارترینیان پەیوەندی باشی نێوان پەکەکەو  هێزە چەکدارە عێراقییەکانە کە بەزۆری وەک هاوپەیمانی ئێران وەسف دەکرێن ، بەتایبەتی لە ناوچەکانی شنگال، ڕۆژئاوای نەینەوا.

مخلد حازم ڕونیشیکردووەتەوە، "پارتی کرێکارانی کوردستان تەنها  کوردی تورکیا لەخۆناگرێت، بەڵکو هەمەجۆرن و ئێزیدی عێراقیش لەخۆدەگرێت، هەر بۆیەش مەلەفی ئەو هێزە مەلەفێکی زۆر ئاڵۆزە، سەرەڕای هەموو ئەو ڕێککەوتنانە لایەنی عێراقی ناتوانێت بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسییەدا بکات.

ئەو شارەزا سەربازییە باسی لەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بە مەبەستی تەسفیەکردنی تەواوەتی و بە مەبەستی خۆشکردنی ڕێگایە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی" چاوەڕوانکراوە بۆ هێزەکانی تورکیا. 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: بەڵام ئێمە پێمان وایە کە ناتوانرێت لە ڕێگەی چەکەوە هیچ ڕێکخراوێکی ئایدیۆلۆژی تەسفیە بکرێت و هەر بۆیەش دەبێت تورکیا دانوستان لەگەڵ پەکەکە قبوڵ بکات بەتایبەتی کە تورکیا زیاتر لە 40 ساڵە شەڕی ئەم هێزە دەکات بەبێ هیچ ئەنجامێک لەسەر زەوی."

ئەو پسپۆڕە ئەمنییە لە کۆتاییدا دەڵێت، "ڕەنگە عێراق ڕێگە بە خاکەکەی بدات گۆڕەپانێک بێت بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا، بەتایبەتی کە ڕێککەوتنی پێشوو و نوێ لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا هەیە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبینین کە هێرشەکان لە قووڵایی عێراقدایە، و ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئۆپەراسیۆنە زەمینییە پێشبینیکراوەکان."

ئامانجی ئۆپراسیۆنەكانی تورکیا  بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی دیاریكراو و سنوەركانە لەگەڵ سوریا بۆ ڕێگەگرتن لە هاوتوچۆی ئەندامانی پارتی كرێكارانی کوردستان' پەکەکە' چاوەڕوانیش دەكرێت ئەو ئەركە هێزەكانی پەیوەیست بە حكومەتی عێراق ئەنجامی بدەن وهێزەكانی حكومەتی هەرێمیش کە سەربەپارتی دیموکراتی کوردستانن هاوکار دەبن و ڕێگری دەكەن لە گواستنەوەی ئەندامانی پارتی كرێكاران بۆ ناوچەكانی  دیکە و هاوكاری هەواڵگری و ئاڵۆگۆڕی زانیاریش بۆ تورکیا ئەنجامدەدەن.

ئەو ناوچانەی بڕیاڕە توركیا پرۆسەی سەربازی تیادا ئەنجامبدات, شاخەكانی (گاراو قەندیل و سیدەكان و سۆران و سەید سادق و كانی ماسی و زاب و زاخۆ و ئامێد)ی دەبن، ڕێپێدانەكە لەو ناوچانە دەبێت كە شوێنی نیشتەجێبون نین و بەدەست هێزەکانی پارتی كرێكارانی کوردستانەوەن یان  ئەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵیكردون و رێگەنادات پێشمەرگەو سوپای عێراق بچنە ناوی. 

  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

سەرەکی