×

2024-05-18 338 جار خوێنراوەتەوە

دەمیرتاش: سیاسەتی نەرمی نواندن کورد ناگرێتەوە

ناوەندی هەواڵ

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ڕایگەیاند، سیاسەتی نەرمی نواندن کورد ناگرێتەوە و دەوڵەت و حکومەت و دادگاش باش دەزانن ئەو بکوژ نییە و تووندوتیژیشی نەکردووە، تەنیا بەهۆی دەربڕینی بیروبۆچوون و وتارەکانی بە 42 ساڵ بەندکردن سزا دراوە.

دەشڵێت، "دەوڵەتی تورکیا سیاسەتوانی کورد، چەکدار، تەنانەت پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانێت."

شەوی ڕابردوو 17ی ئایاری 2024 چاوپێکەوتنێکی نووسراوی سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بڵاوکرایەوە.

چاوپێکەوتنەکە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسێکی  میدیای دەم پارتی بوو.

"بە بڕیارەکەی دادگە شۆک نەبووم"

دەمیرتاش، پێنجشەممەی ڕابردوو 16-05-2024 بەهۆی دۆسیەی کۆبانێ، لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە سزای 42 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

 ئەو دەڵێت، " لەزیندانەوە سەیری پرۆسەی دادگەییکردنەکەمان دەکرد و هەر لەوێش بڕیارەکەمان بیست، شۆک نەبووم، بە ئاسایی وەرمگرت و کاریگەریی بەسەر ورە و مۆڕاڵم نەبوو."

دەمیرتاش پێیوایە، ئەو بڕیارەی دەستەی دادوەران رایانگەیاند، چەند ساڵێک بەر لە ئێستا و چەندین جار سیاسەت وانان لە گردبوونەوەی جەماوەری و کۆبوونەوەکانیاندا ئاشکرایان کردبوو.

 "دادگا تەنیا لە ڕووکەشدا بڕیارەکانی خوێندەوە، بە واتایەکی دیکە ئەوان تەنیا فەرمانی  سەرووی خۆیان جێبەجێ کرد."

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، کە دراونەتە پاڵی و وتی،  تەواوی ئەو تۆمەتانە پشتیان بە یەک تویت و چەند گوتارێکم بەستووە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا، بە کورتی، تەنیا لە ڕێگەی درۆ و تۆمەتی نابەجێ لە هەوڵی دروستکردنی کەشێکی وەهادا بوون، چونکە ئەو سزایانە هیچ پەیوەندییان بەو تووندوتیژییانەوە نییە کە ئەوان وەکو تۆمەت هۆنیویانەتەوە. 

دەمیرتاش سزادانەکەی بە "سیاسی" دەزانێت و دەڵێت، "بۆ هەمووان دەرکەوت بڕیارەکە سیاسی بووە و پرۆسەکەش لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی بە سیاسی کراوە."

بەپێی بڕیارەکانی دادگا، بە تۆمەتی هاندان بۆ کردنی تاوان لە نیسانی 2016، دەمیرتاش بە 4 ساڵ و 6 مانگ زیندانی سزادراوە. 

دەمیرتاش لەبارەی ئەو تۆمەتەوە دەڵێت، " نەک تەنیا مرۆڤم نەکوشتووە، تەنانەت ئازاری مێروولەیەکیشم نەداوە، ئەم ڕاستییە؛ دەوڵەت، حکومەت و دەستەی دادوەرانیش دەیزانن، دەسەڵات چەندین ساڵە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکاندا بە بکوژ و تیرۆریست ئێمەیان ناساند و بەردەوام ئەمەیان بەگوێی خەڵکدا چرپاند بۆئەوەی ڕەوایی بدەنە کارەکەیان."

دەمیرتاش پێیوایە ڕایگشتی چەواشە کراوە و دەڵێت، چەندین ساڵە دەڵێن بەڵگەمان هەیە، بەڵام ئەم بەڵگانەیان نە لە دادگا نە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاونەکردەوە، تەنیا بۆ فریودانی ڕایگشتی بەکاریانهێنا.

"ڕۆژێک دێت ئازاد دەکرێم"

سەلاحەدین دەمیرتاش جەخت لەوە دەکاتەوە، سزادانی تەنیا بەهۆی بیروبۆچوونەکانی بووە و دەڵێت، " تەواوی ئەو وتارانەی پێی تۆمەتبار کراوم، لەلایەن دەستەی دادوەرانی دادگای مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا بە ئازادیی ڕادەربڕین ناسێندراون .
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چەندین جار داوای لە تورکیا کردووە دەمیرتاش تاوانی نییە و دەبێت ئازاد بکرێت. دەمیرتاش دەڵێت، "ئەگەر بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەورووپا جێبەجێ بکرایە، من بێتاوان و بێبەری دەبووم و ئەمڕۆ ئازاد دەکرام .
 
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە گەشبینییەوە دەڵێت، "هیچ گومانم لەوەدا نییە، ڕۆژێک هەموومان بێبەری دەبین و ئازاد دەکرێین.

"دەوڵەت پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانێت"

هەر لەو دادگا یەدا ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانی وان بە 10 مانگ بەندکردن سزادرا، بۆیە گومان دەکرێت قەیوم لە شوێنەکەی دابنرێت، دەمیرتاش دەڵێت،  دادگای دەستوورییش یەکێکە لەو دامەزراوانەی ئاو دەڕێژنە ئاشی دەسەڵات و سیاسەتەکانی دەسەڵات جێبەجێ دەکەن، بۆیە ئەگەر بڕیارەکە دەربکەن نامۆ نابێت بەهۆی ئەوەی بێ یاسایی و نادادپەروەری تایبەتمەندیی ئەو دەسەڵاتەیە."

سەبارەت بە سزادانی هاوڕێکانی، دەمیرتاش وتی:" زۆر خەمبارم بە بڕیاری سزادانی هەموو هاوڕێیەکانم، هەموویان ئاشتیخواز بوون، هەمیشە پشتیوانییان لە سیاسەتی دیموکراسی کردووە و بۆ ئاشتی کاریان کردووە، ئامانجی هەموومان بەو هاوڕێیانەشمانەوە کە لە دەرەوەی زیندانەکان سیاسەت دەکەن، چارەسەری پرسی کوردە بەبێ چەک و بەبێ تووندوتیژی."

دەمیرتاش دەڵێت، دەوڵەتی کۆماری تورکیا ئەو سیاسەت وانانەی خەباتی دیموکراسی و ئاشتی دەکەن زۆر لەو کەسانە بە مەترسیدارتر دەزانن کە چەک هەڵدەگرن و روو لە شاخ دەکەن، دەوڵەت هەمیشە لایەنگری بەکارهێنانی چەک و شەڕ و تووندوتیژی بووە، پێیانوایە دەتوانن بە خوێنڕشتن کورد لەناو ببەن، بەڵام ناتوانن رووبەڕووی سیاسەتوانان ببنەوە، دەوڵەت دەخوازێت هەموومان چەک هەڵبگرین و ڕوو بکەینە شاخەکان بۆ ئەوەی بجەنگن و بمانکوژن ، کەچی ئێمە باوەڕمان بە چەک و تووندوتیژی نییە و لایەنگری سیاسەت و خەباتی مەدەنی و دیموکراسین."

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەشڵێت: " با پێتان بڵێم دەوڵەت چۆن سەیری کورد دەکات؟ نەک تەنیا سیاسەت وانان و ئەوانەی ڕوو دەکەنە شاخ و چەک هەڵدەگرن بە تیرۆریست دەزانێت، تەنانەت پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانن و دەبێ هەمووان بە یەکسانی قڕبکرێن و لەناویان ببەن، بۆیە ئەگەر ئەم هزرە نەگۆڕدرێت، هیچ کاتێک کێشەی کورد چارەسەر نابێت."

"سیاسەتی نەرمی نواندن کورد ناگرێتەوە"

ئاکپارتی هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ئەو هەوڵەش ناونراوە "سەردەمی نەرمی نواندن"، بەڵام دەمیرتاش پێیوایە ئەو سیاسەتی نەرمی نواندنە کورد ناگرێتەوە.

دەمیرتاش دەڵێت، "ئەگەر خودی سیاسەت وانان نەرم و نیان و ئاسایی ببنەوە، کارێکی باشە، ئێمە لە زیندانین ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ چرکەیەکیش بێت نەرمی نواندن و ئاساییبوونەوەمان نەبینی، بەدڵنیاییەوە دیالۆگ لە دەرەوە زۆر گرنگە و گفتوگۆکردنیش مایەی بایەخە،  ئێمەش نوێنەری گەلین بەڵام هیچ کاتێک داوای گفتوگۆیان نەکرد، بەپێچەوانەوە سزایان داوین. ئەگەر ئێمە سزا بدرێین، کەواتە نەرمی نواندن و ئاساییبوونەوە کورد و دۆستەکانیشی ناگرێتەوە."

ئەردۆغان و ئۆجەلان دەتوانن کێشەی کورد چارەسەر بکەن
 
پێشتر لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ دەمیرتاش وتبووی ئەگەر دانوستاندنی ئاشتی دەستپێبکاتەوە، پێویستە  ئەردۆغان وەک دەسەڵاتداری یەکەمی حکومەت و دەوڵەت بەشدار بێت، لە بەرامبەریشدا پێویستە ئۆجەلان ئامادەیی هەبێت.
 
دەمیرتاش لەبارەی ئەو پەیامەی پێشووی وتی، " ئێستاش ئەردۆغان و ئۆجەلان دەتوانن دەستپێشخەر بن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن،  پشتیوانی لە هەر جۆرە چالاکییەک دەکەم، من ئەو کەسە نیم بڵێم: ئیدی سزا درام چی دەبێت با ببێت، ئەگەر نیازپاکی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە دیموکراسی و گرتنەبەری هەنگاوەکانی ئاشتی، هەمیشە پشتیوان دەبم."
 
لەبارەی پەیامی لەیلا زانا کە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، داوای لە ئەردۆغان کردبوو پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد کارا بکاتەوە، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەڵێت: "پێویستە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد کارا بکرێتەوە، ئێمەش چاوەڕێی هەنگاوەکانی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان دەبین، ئایا لەمەش زیاتر تووند دەبێت؟ یان کۆتایی بەم نادادپەروەرییە دەهێنێت و ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکان رادەگرێت؟ ئێمەش هەڵوێستمان روونە کە پاڵپشتی لە سیاسەتی دیموکراسی و ئاشتی دەکەین و بۆ دیالۆگ کراوەین."

بازرگانەکان پێیان باشە لە زیندان بمێنمەوە

دەمیرتاش دەڵێت:"بەشێک لە سیاسەت وان و بازرگانە گەنیووەکان بە سیاسەتکردنم لەناو زیندان زۆر نارەحەت ببوون، بەتایبەتی هەندێکیان کە بوێری ناکەن ڕووبەڕوو دوو وشەم پێ بڵێن، کەچی بەهۆی ئەوەی لە زیندانم و ئەوانیش لە دەرەوە، زماندرێژی دەکەن و درۆ بە ناوی منەوە هەڵدەبەستن و قسەی نەشیاو دەکەن، یەکێک لە هۆکارەکانی سزا قورسەکانیشم بۆ سیاسەتڤانە بازرگانەکان دەگەڕێتەوە، ئەوان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و درێژەدان بە بازرگانیکردن و دووڕووییەکانیانەوە، پێیان باشە لە زیندان بمێنمەوە."

بۆچی 42 ساڵ زیندانی کرا؟
 
دوای 83 دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردن لە دۆسیەی کۆبانێ، دەستەی دادوەری تورکیا 22ەمین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، ڕۆژی 16ی ئایاری 2024، سەلاحەدین دەمیرتاشی بە 42 ساڵ زیندانیکردن، سزادا هاوکات بڕیاری  19 هەزار و 680 ساڵ زیندانیش بۆ  108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپە دەرکراوە.
  
سەلاحەدین دەمیرتاش لە ڕۆژی 4 ی کانوونی یەکەمی 2016 دەستبەسەرکرا و هەشت ساڵە لە زیندانە، ئەگەر ئەوهەشت ساڵە لە کۆی بڕیارەکە کەم بکرێتەوە،  دەمیرتاش 34 ساڵی دیکە لە زیندان دەمێنێتەوە.

دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟

ڕووداوەکانی کۆبانێ لە ڕۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 ڕوویاندا، دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، بۆ بەرگریکردن و بەرپەرچدانەوەی داعش، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە تورکیا کرد ڕێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە دژی هێزەکوردییەکان وەستایەوەو داواکەی ڕەتکردەوە.
 
لەبەرامبەردا لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، تورکیا بۆ دژایەتی بەشداربووی خۆپیشاندانەکان قەدەغەی هاتووچۆی لەشارە کوردییەکان ڕاگەیاند، بەو هەنگاوە گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی بێتاوان گیانیان لەدەستدا،  ژمارەیە  بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران . 
 
تورکیا لە ڕۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگا، خرانە زیندانەوە.


  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

سەرەکی