×

هێزەکانی سوریای دیموکرات
2024-12-09 705 جار خوێنراوەتەوە

ئایا ئەمریكا و ئیسرائیل پشتیوانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن؟

ناوەندی هەواڵ

لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی سوریا لە ساڵی 2011 ئەمریكا هیچ هەڵوێستێكی ئاشكرای نەبوو سەبارەت بە پشتیوانی كوردەكان، دواتر كاتێك لە ساڵی 2014 شەڕی داعش سەریهەڵدا و داعش بەشێك لە سوریا و عێراقی كۆنترۆڵ كرد ئەمە بووە پاساوێك بەدەست ئەمریكاوە تا دەستێوەردان لە سوریا بكات و نزیكەی هەزار سەرباز بەناوی شەڕی داعشەوە جێگیر بكات.

هێزەكانی ئەمریكا هەرچەندە بەناوی شەڕی داعش چوونە سوریا و بە كرداریش هاوكاری هێزە كوردیەكانیان كرد لە شەڕی دژ بە داعش تا تێكشكاندنی لە 2019 لە دواین پێگەیان لە باغۆزی سوریا.

بەڵام هێزەكانی ئەمریكا تەنها لە دیوی ڕۆژهەڵاتی فوڕات پشتیوانیان لە هێزە كوردیەكان كردووە و لەدیوی ڕۆژئاوای فوڕات كە جێ هەژموونی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن بوو بە پشتیوانی توركیا، هیچ پشتیوانییەكیان نەكرد، ئەمەش وایكرد توركیا و ئەو گروپانە لە 2016 ناوچەی بەرفراوانی ڕۆژئاوای كوردستان داگیر بكەن.

چەندین جار بەرپرسانی ئەمریكا و هەندێك جاریش بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان كردوەتەوە كە پشتیوانی كورد دەكەن،پێشتر دۆناڵد ترەمپ و پاشانیش جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی خۆیان بۆ كورد دەربڕیوە لەوەی بە باشی شەڕی داعشیان كردووە، بەڵام بە كرداری لەڕووی سەربازییەوە نەیانتوانیوە پشتیوانی كورد بكەن لە دژی هەڕەشەكانی توركیا، هەرچەندە لەڕووی دیپلۆماسیەوە ئەمریكا هەوڵیداوە كوردانی ڕۆژئاوا بپارێزێت، لە ڕاهێنان و پێدانی چەكیش بەشێوەی سنوردار هاوكاری كردوون.

دوای ئەوەی هەشتی ئەم مانگە ڕژێمی بەعسی سوریا دوای زیاتر لە 50 ساڵ ڕووخا، گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن كە زۆربەیان نزیكی توركیا و دژ بە كوردن كۆنترۆڵی بەشی زۆری خاكی سوریایان كرد، هەرزوو بەشێك لەو گروپانە هێرشیان بۆسەر مەنبەج و بەشێكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێكرد، ئەمریكا لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بە ئاشكرا هیچی نەوت، بەڵام ڕۆژێك دوای هێرشەكان پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان وەزیرانی بەرگریی ئەمریكا و توركیا ئەنجامدرا، وەزیری بەرگریی ئەمریكا جەختی لە پشتیوانی هاوبەشەكانیان لە سوریا كردەوە بەتایبەت بۆ شەڕی دژ بە داعش.

پشتیوانیە سنوردارەكانی ئەمریكا بۆ كوردانی ڕۆژئاوا لەكاتێكدایە، پێشتریش بەرپرسانی ئیسرائیل چەند جارێك پشتیوانی خۆیان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا دەربڕیوە، بەڵام بە كرداری هیچ هەنگاوێكیان نەناوە و لێدوانەكانیشیان بووەتە هۆی زیاتر هاندانی گروپە توندڕەوەكان دژ بە كورد.

 یەكێك لەو بەرپرسانەی بەردەوام پشتیوانی بۆ كورد دەربڕیوە جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلە، لەدواین لێدوانیدا جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە بڵاوكراوەكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، باس لە ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی لە رێگای پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ یان لیپاڤسكی، وەزیری دەرەوەی چیك دەكات.

ساعر نوسیویەتی: "ئێمە گفتۆگۆمان دەربارەی دواین پیشهاتەكانی سوریا كرد و جەختم لە پێویستی پاراستنی ئاسایشی كوردانی سوریا كردەوە، كە تائێستاش هێرشیان دەكرێتە سەر".

ساعر زیاتر پەسنی كورد دەكات لە شەڕی دژ بە داعش-دا و دەڵێت: "كوردەكان بە ئازایانە شەڕیان دژی داعش كرد و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت گەرەنتی پاراستنیان بكات لە هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەكان".

ڕۆژێك پێشتر بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە سنورەكانی سوریاوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بە گرنگی هاوكاری و هەماهەنگی ئیسرائیل كرد لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا.

نەتەنیاهۆ وتی: "دەستی ئاشتی بۆ كوردەكان، دروزەكان، كریستیانەكان و موسڵمانەكانی نێو سوریا درێژ دەكەین".

وتەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوەدێت مانگێك بەر لە ئێستا لە رێوڕەسمی دەستبەكاربونیشیدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی: "پێویست دەكات پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی ناوچەكە پتەو بكەین، گەلی كورد گەلێكی گەورەیە، یەكێكە لەو گەلە گەورانەی نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەوان بە سروشتی هاوپەیمانی ئێمەن".

هۆكاری لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەو ئیدارە مەدەنییە كە كوردانی ڕۆژئاوا دروستیان كردووە و یاساكانیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان داڕشتووە جگە لەوەی هێزی سەربازییان یەكخستووە و هیچ هێزێك لەدەرەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نییە.

هۆكاری دووەمی پشتیوانییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەوەیە، ئەوان هیچ یەكێك لە گروپەكانی دیكەی سوریا و ناوچەكە بە هاوپەیمانی خۆیان نازانن و لە ناوەڕۆكیشدا ئەو گروپانە بۆ ئەوان جێی متمانە نین، بۆیە پشتیوانییەكەیان لەبەر خاتری كورد نییە و ناچارییە تا لە ئەگەری مانەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێكی جێ متمانەیان دەستبكەوێت.

 

  • ئازادیخوازه‌كانیش له‌ زیندان ده‌هێڵێته‌وه‌؛ توركیا چه‌ند ئه‌ندامێكى داعش ئازاد ده‌كات

  • بلینكن بۆ ته‌حریر شام: له‌ گۆشه‌گیربوونى تاڵیبانه‌وه‌ فێربن

  • ئیدارەی خۆسەری لەبارەی هەڕەشەكانی توركیاوە نامەیەك بۆ ترەمپ دەنێرێت

  • 78 ساڵ بەسەر ڕووخانی كۆماری مهاباد تێدەپەڕێت

  • هەرێم هێشتا مووچه‌ى مانگى 10 ى نه‌داوه‌ و داواى مووچه‌ى مانگى 12 لە بەغدا ده‌كات

  • ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا و هێزه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ڕێككه‌وتن بكه‌ن

  • پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پۆسته‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ڕێكنه‌كه‌وتوون

  • ئایا ئەمریكا و ئیسرائیل پشتیوانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن؟

  • به‌عسى سوریاش كه‌وت؛ دیمه‌شق له‌ ژێر ده‌ستى ئۆپۆزسیۆنه‌ و ئه‌سه‌د به‌ فرۆكه‌ هه‌ڵات

سەرەکی