هاکان فیدان و ئەنتۆنی بلینکن
2024-12-11
236 جار خوێنراوەتەوە
ئهمریكا دهیهوێت توركیا و هێزه كوردیهكانى ڕۆژئاواى كوردستان ڕێككهوتن بكهن
ناوەندی هەواڵ
بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا دوای کۆتاییهێنان بە حوکمڕانی بەشار ئەسەد، ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگاتە تورکیا، كهناڵى ئەلعەرەبییەش ئاماژەی بەوە داوە ئەمریکا دەیەوێت تورکیا لەگەڵ هەسەدە بگەیەنێتە ڕێککەوتن.
هاوتەریب لەگەڵ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سوریا بە سەرۆکایەتی تەحریر شام، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایش کە ناویان لە خۆیان ناوە "سوپای سوریای ئازاد" هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچانە چڕ کردووەتەوە کە لەژێر دەستی هەسەدە و ئیدارهى خۆبهڕێوهبهرى كورددان.
ئەمەش وایکردووە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هێرشانە بهێندرێت.
بهوتهى میدیاكانى توركیا، لە سەردانەکەیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی، هاکان فیدان کۆدەبێتەوە.
چەند سەرچاوەیەکیش بە ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە بلینکن لە سەردانەکەیدا هەوڵ دەدات هەسەدە و ئەنقەرە بگەنە ڕێککەوتن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵی زۆر دەدات بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان لە سوریا و گەیشتنە ڕێککەوتنی کوردانی سوریا و ئەنقەرە.
بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەست لە مەنبج ڕاگەیەندراوە
هاوکات مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە؛ لە کاتێکدا شەڕڤانان بەردەوامن لە بەرخودان لە مەنبج بۆ راگرتنی هێرشەکانی رۆژئاوای فورات، ئێمە ئاگربەستمان له مهنبج کرد بە نێوەندنگیری ئەمریکییەکان بەمەبەستی بەردەوامی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی.
مهزڵوم عهبدى وتیشى: شەڕڤانانمان لە ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج کە کە 27ـی تشرینی دوومەوە بەردەوامن لە بەرخودان، بەزوترین کات لەو ناوچانە دەکشێنەوە، ئامانجمان ئاگربەستە لە تەواوی خاکی سوریا چونە ناو پرۆسەی سیاسییە لە داهاتووی وڵاتەکە.
شهوى ڕابردوو فهرماندهى باڵاى سوپاى ئهمریكا له سوریابوو
شەوی رابردوو، جەنەراڵ مایكڵ كۆرێلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا سەردانی هەریەك لە عێراق و سوریای کرد بۆ سەرپەرشتی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا.
بەوتەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا، سەردانەكەی جەنەراڵ كۆرێلا بۆ ئاگاداربوونە لە دۆخی گۆڕدراوی سوریا و بوونى ناوچەکە.
فەرماندە باڵاكەی ئەمریكا یەكەم وێستگەی سەردانەكەی ڕۆژئاوای كوردستان، هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە چەند بنكەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا بەسەركردەوە و چاوی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە كەوتووە.
هەر شەوی رابردوو، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ و میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاویان کردەوە: بەهۆی هێرشی گروپە چەكدارەكان بە پاڵپشتی توركیا بۆسەر مەنبج و كۆبانی سێ ڕۆژە شەڕی سەخت بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 218 كەس كوژراون كە زۆربەیان لە گروپە چەكدارەكانن.
|