×

پەرلەمانی کوردستان و لۆگۆی پارتی و یەکێتی
2024-12-10 195 جار خوێنراوەتەوە

پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پۆسته‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ڕێكنه‌كه‌وتوون

ناوەندی هەواڵ

تائێستا پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌باره‌ى پۆسته‌كانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و په‌رله‌مانى كوردستان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان كه‌ بڕیاربوو سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بكرێت دواخراوه‌، هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان كه‌ نه‌وه‌ى نوێ ویستى ئه‌نجامى بدات ناكرێت.

11 ڕۆژ لەمەوبەر لەمەوبەر وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی كۆبووەوە و كۆبوونەوەكە دوو كاتژمێری خایاند، باس لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پۆستەكانی پەرلەمانی كوردستان بووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌رێنى بوون و بڕیاریانداوه‌ به‌رده‌وام بن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌میان دواده‌خرێت.

وەفدەكەی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی و وەفدەكەی یەكێتیش لەلایەن قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی كرا، لەو كۆبوونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكان یەكێتی پێشنیازی دوو ساڵ بە دوو ساڵی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام پارتی ڕەتی كردووەتەوە.

پێش ئەو سەردانە وەفدی یەكێتی و پارتی بە جیا سەردانی بەشێك لە لایەنەكانیان كرد كە توانیویانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كورسی بەدەستبهێنن، ئامانجی سەردانەكەش ڕازی كردنی ئەو لایەنانە بووە بۆ بەشداری كردن لە حكومەت و هەریەك لە یەكێتی و پارتی ویستوویانە دەنگی 50 پەرلەمانتار بۆ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كۆبكەنەوە كە لە دووی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.

ڕۆژی 2-12-2024  دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، لە بڕگەی یەكەم 97 پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خوارد، لە بڕگەی دووەم سەرۆكی دانیشتن دەرگای خۆپاڵاوتنی كردەوە 15 كاندید لە پێنج لایەنی جیاواز بۆ پۆستەكانی سەرۆك، جێگر و سكرتێری پەرلەمان كاندید كرد، كە پێنج پارتی و پێنجیان یەكێتین.

بەڵام بەهۆی ڕێككنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر یەكلاكردنەوەی هەرسێ پۆستەكە، دانیشتنی پەرلەمان هەڵگیرا.

ڕۆژی یەكشەممە 8-12-2024  محەمەد سلێمان، سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان ڕایگەیاند: داوا لە پەرلەمانتاران دەكات كاتژمیر 11ی پێشنیوەڕۆی سێشەممەی داهاتوو لە پەرلەمان ئامادە بن.

به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان  بۆ دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان ته‌نها نه‌وه‌ى نوێ و ئه‌ندامى چه‌ند فراكسیۆنێكى دیكه‌ ده‌چنه‌ په‌رله‌مان و یه‌كێتى و پارتى ناچن، ئه‌مه‌ش نیسابى یاسایى دانیشتنه‌كه‌ ته‌واو ناكات و به‌هۆیه‌وه‌ ناكرێت.

بەوتەی سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تائێستا كاتی كۆبوونەوەی دووەمی نێوان یەكێتی و پارتی كە لەسەر پێكهێنانی كابینەی 10 ی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پۆستەكانی پەرلەمانە كاتەكەی دیاری نەكراوە و هیچ ڕێككه‌وتنێكیش له‌باره‌ى پۆسته‌كانى حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌كراوه‌.

سەرچاوەیەكیش لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، تا كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی نەكرێت هیچ بڕیارێك لەسەر كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەكێتی نادرێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی زۆرترین كورسی بەدەستهێنا كە 39 كورسی بوو. دوای ئەویش یەكێتیی 23 كورسی و نەوەی نوێ بە 15 كورسییان بەدەستهێنا.

 

  • ئازادیخوازه‌كانیش له‌ زیندان ده‌هێڵێته‌وه‌؛ توركیا چه‌ند ئه‌ندامێكى داعش ئازاد ده‌كات

  • بلینكن بۆ ته‌حریر شام: له‌ گۆشه‌گیربوونى تاڵیبانه‌وه‌ فێربن

  • ئیدارەی خۆسەری لەبارەی هەڕەشەكانی توركیاوە نامەیەك بۆ ترەمپ دەنێرێت

  • 78 ساڵ بەسەر ڕووخانی كۆماری مهاباد تێدەپەڕێت

  • هەرێم هێشتا مووچه‌ى مانگى 10 ى نه‌داوه‌ و داواى مووچه‌ى مانگى 12 لە بەغدا ده‌كات

  • ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا و هێزه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ڕێككه‌وتن بكه‌ن

  • پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پۆسته‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ڕێكنه‌كه‌وتوون

  • ئایا ئەمریكا و ئیسرائیل پشتیوانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن؟

  • به‌عسى سوریاش كه‌وت؛ دیمه‌شق له‌ ژێر ده‌ستى ئۆپۆزسیۆنه‌ و ئه‌سه‌د به‌ فرۆكه‌ هه‌ڵات

سەرەکی