موشەكێکی ئێران کەوتووەتە ناو خاکی ئیسرائیل
2024-10-06
531 جار خوێنراوەتەوە
ئایا ئێران ئاماده‌یه بۆ ڕوبهڕووبوونهوهى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل؟
ناوەندی هەواڵ
له 1979 ه‌وه تا 2024، نزیكه‌ى 45 ساڵه دوژمنایه‌تى ئاشكرا له‌نێوان ئێران و ئیسرائیل هه‌یه، له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و دوو وڵاته هیچ كاتێك نه‌چوونه‌ته شه‌ڕى ڕاسته‌وخۆوه، له‌كاتێكدا له‌و سه‌رده‌مه‌ى ئایه‌توڵڵا خومه‌ینى بووه‌ته ڕابه‌رى شۆرشى ئیسلامى ئێران ئه‌و دوو دوژمنه شیر و تیر له یه‌ك ده‌سوون.
یه‌كه‌م هێرشى ڕاسته‌وخۆى موشه‌كیی ئێران بۆسه‌ر ئیسرائیل له چوارى نیسانى ئه‌مساڵ بوو وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ به ئامانجگرتنى باڵیۆزخانهكهى له دیمه‌شق، دواتریش ئیسرائیل چه‌ند هێرشێكى بۆسه‌ر گروپه چه‌كداره‌كانى نزیك له ئێران له ناوچه‌كه ئه‌نجامدا.
به‌ڵام به‌شى دووه‌مى ڕوبهڕووبوونهوهى ئێران و ئیسرائیل قورس بوو، ئه‌ویش ئه‌و هێرشه موشه‌كییه بالیستییه بوو كه یه‌كى ئه‌م مانگه ئێران كردیه سه‌ر ئیسرائیل، ڕۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جۆرناڵ به گه‌وره‌ترین هێرشى مێژوویی موشه‌كیی وه‌سفى ده‌كات، كه وه‌ك وه‌ڵامێك بوو بۆ كوشتنى ئیسماعیل هه‌نییه به‌رپرسى مه‌كته‌بى سیاسى حه‌ماس له تاران و كوشتنى حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا و ئه‌فسه‌رێكى باڵاى ئێران له هێرشێكى ئیسرائیل له به‌یروت.
ئێستا جیهان چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى ئیسرائیله بۆ هێرشه موشه‌كییه‌كه‌ى ئێران، كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ڕاسته‌وخۆ چه‌ند ئامانجێك له‌ناوخۆى ئێران بكاته ئامانج له‌وانه‌ش دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانى ئه‌و وڵاته.
چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه شه‌ڕى نێوان ئێران و ئیسرائیل، له ڕێگه‌ى ناڕاسته‌وخۆوه بووه، وه‌كیله‌كانى ئێران له ناوچه‌كه ئه‌و شه‌ڕه‌یان به‌رامبه‌ر ئیسرائیل كردووه، كه ئه‌وانیش حزبوڵڵا و حه‌ماس و جیهادى ئیسلامى و به‌مدواییه‌ش چه‌ند میلیشیایه‌كى عێراقى چه‌كدار بوون كه ناویان له خۆیان ناوه "به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌ى ئیسلامى" ، چه‌ند جارێكیش ئیسرائیل له ڕێگه‌ى كارى هه‌واڵگرییه‌وه چه‌ند كرده‌یه‌كى له ناوخۆی ئێران ئه‌نجامداوه و كه‌مترین جار به‌رپرسیارێتى گرتووه‌ته ئه‌ستۆ.
چى له‌باره‌ى سیسته‌مى سه‌ربازى ئێران ده‌زانیت؟
دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى له ئێران بۆ سیسته‌مى ده‌سه‌ڵات گرنگترین هۆكاره بۆ مانه‌وه و پاراستنى و به هه‌موو تواناوه پشتیوانى ده‌كرێت.
یه‌كێك له‌و هێزانه‌ى له ئێران زۆر گرنگى پێده‌درێت سوپاى پاسدارانه، ئه‌و هێزه باڵادهستییهكى زۆرى پێدراوه به‌ده‌ر له هێزى سه‌ربازى فه‌رمى ئێران و هێزى به‌سیج، ئێستاش له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ى هێرشى ڕاسته‌وخۆى ئێران و ئیسرائیل بۆسه‌ر یه‌كتر پرسیار له‌باره‌ى تواناى ئه‌و هێزانه‌وه دروست ده‌بێت.
ئایا ئێران ده‌توانێت به شه‌ڕى كلاسیكى ڕوبه‌ڕووى ئیسرائیل ببێته‌وه؟
شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى ئێران و عێراق له نێوان ساڵانى (1980 بۆ 1988) كه نزیكه‌ى ساڵێك بوو ده‌سه‌ڵات له ئێران گۆڕابوو، وایكرد سوپاى ئێران ماندوو ببێت، جگه له‌وه‌ى سوپاى عێراقیشی به‌ره‌و لاوازى برد.
دواى ئه‌و جه‌نگه، ئێران بڕیاریدا ئاماده‌یى سه‌ربازى له ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كانى وڵاته‌كه‌ى به‌هێز بكات، ئه‌ویش له ڕێگه‌ى دروستكردنى "فه‌یله‌قى قودس" كه سه‌ر به سوپاى پاسدارانه، ڕێگه‌یه‌كى دیكه چه‌كداركردن و پاره‌داركردنى گروچه چه‌كداره‌كانى ناوچه‌كه بوو كه نزیكن له ئێران، له هه‌ریه‌ك له عێراق و سوریا و یه‌مه‌ن و لوبنان و فه‌ڵه‌ستین، جگه له چالاكییه‌كانى فه‌یله‌قى قودس بۆ ڕاهێنانى چه‌ند گروپێكى شیعه له ئه‌فغانستان.
ئه‌و شه‌ڕه‌ى ئێران هه‌شت ساڵ له‌گه‌ڵ ڕژێمهكهى سه‌دام كردى، زۆربه‌ى به چه‌كى ئه‌مریكى بوو، كه به‌هۆى سوپا كۆنه‌كه‌ى ڕ‌ژێمى پێشووى شاى ئێران مابوونه‌وه.
به‌گوێره‌ى كتێبى "ئه‌مریكا و ئێران" كه جۆن ڤازفینیان نوسیویهتى، له ساڵى 1971 ئێران به‌به‌هاى 113 ملیۆن دۆلار چه‌كى له ئه‌مریكا كڕیوه، دواتریش تا 1973 گه‌یشتووه‌ته دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، له 1974 گه‌یشتووه‌ته زیاتر له چوار ملیار دۆلار.
له نێوان ساڵانى 1972 تا 1977 ئێران به‌به‌هاى زیاتر له 16 ملیار دۆلار كه ئێستا زیاتر له 70 ملیار دۆلار ده‌كات به نرخى ئه‌مڕۆ چه‌كى له ئه‌مریكا كڕیوه، ئه‌و چه‌كانه‌ش زۆربه‌ى له شۆڕشى ئیسلامى ئێران كه‌وتنه ده‌ستى سوپا نوێیه ئیسلامییه‌كه‌ى ئێران.
ئیسرائیل له هێزى ئاسمانی‌دا تواناى له‌سه‌روو ئێرانه‌وه‌یه
ئێران به ژماره و ڕێكخستن سوپاكه‌ى زۆرتر پڕچه‌كه و به‌هێزتره له ئیسرائیل، ئه‌ویش به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندنى پێگه‌ى "globalfirepower" ، كه ساڵى 2024 ڕیزبه‌ندى ئێرانى كردووه به چوارده‌هه‌ین هێزى سه‌ربازى جیهان له‌كاتێكدا ئیسرائیل له ڕیزبه‌ندى 17 یه‌میندایه.
به‌پێى ڕ‌اپۆرتێكى "په‌یمانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ لێكۆڵینه‌وه ستراتیژییه‌كان" تا مانگى ئایارى ئه‌مساڵ، هیچ كام له ئیسرائیل و ئێران هێزى پێویستیان نه‌بووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى یه‌كترى.
به‌ده‌ر له‌و هێزه ئه‌تۆمییه ڕانهگهیهندراوهى ئیسرائیل هه‌یه‌تى، هه‌ردوولا هێزى ئه‌وه‌یان نییه یه‌كتر به‌ته‌واوى شكست پێبهێنن.
به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتى ئه‌و په‌یمانگه‌یه، ئیسرائیل ته‌نها له ڕووى هێزى ئاسمانییه‌وه له‌پێش ئێرانه، چونكه پۆلێك فڕۆكه‌ى جه‌نگى پێشكه‌وتووى هه‌یه وه‌كو ئێف 15 و ئێف 16 و ئێف 35 كه ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌مریكاوه دهستیكهوتوون، ئه‌و فڕۆكانه‌ش تواناى بۆردومانكردنى ڕاسته‌وخۆى قوڵایى ئێرانیان هه‌یه.
به‌پێچه‌وانه‌ى ئیسرائیل، ئێران سیسته‌مى پێشكه‌وتووى ئاسمانى نییه، ته‌نها فڕۆكه‌ى جه‌نگى كۆنى هه‌یه و ئه‌وانیش كێشه‌ى پارچه‌ى یه‌ده‌گیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ى ئێران تێیدا پێشكه‌وتووه موشه‌كى بالیستى و درۆن و موشه‌كى كورتمهوداى پێشكه‌وتووه، كه به‌پێى په‌یمانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى ستراتیژى، بنه‌ماى سه‌ره‌كى سیسته‌مى به‌رگریی و هێرشكاریی ئێرانه كه ده‌توانێت قوڵایى دوژمن "ئیسرائیل" بكاته ئامانج.
ئێران به چڕى كار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى هێزى موشه‌كیی ده‌كات، ئێستا خاوه‌ن موشهكێكه كه ده‌گاته 2000 كیلۆمه‌تر.
به‌گوێره‌ى ههڵسهنگاندنێى په‌یمانگه‌كه كه ساڵى 2022 كردوویه‌تى و پشتى به كینیس ماكێنزى فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌یى ئه‌وكاتى ئه‌مریكا به‌ستووه، باس له‌وه‌ده‌كات ئێران نزیكه‌ى 3000 موشه‌كی بالیستى هه‌یه، به‌ڵام نه‌زانراوه چه‌ند له‌و موشه‌كانه تواناى گه‌یشتنه ئیسرائیلیان هه‌بووه.
ژماره‌ى تێكڕاى سوپاى ئێران چه‌نده؟
به‌گوێره‌ى راپۆرت په‌یمانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى ستراتیژى، كه ساڵى 2017 كردوویه‌تى، تێكڕاى ژماره‌ى سه‌ربازانى ئێران 545 هه‌زار بووه، هێزى یهدهگیشى نزیكه‌ى 350 هه‌زار سه‌رباز بووه.
هه‌ر به‌گوێره‌ى ئه‌و ڕاپۆرته ئێستا ئێران بۆ به‌ده‌ستهێنانى چه‌ك جگه له دروستكردنى ناوخۆیی پشت به ڕووسیا ده‌به‌ستێت و حه‌وت كارگه‌ى گه‌وره‌ى دروستكردنى چه‌كیشى هه‌یه.
سوپاى ئێران تا ئێستا یه‌ك جار شه‌ڕى ڕاسته‌وخۆى كردووه، ئه‌ویش به‌رامبه‌ر عێراق بووه، به‌ڵام درێژماوه‌ترین شه‌ڕى نێوان دوو وڵات بووه.
تواناى سه‌ربازى ئیسرائیل
له‌به‌رامبه‌ردا سوپاى ئیسرائیل خاوه‌نى نزیكه‌ى 170 هه‌زار سه‌ربازه له‌گه‌ڵ 465 هه‌زار سه‌ربازى یه‌ده‌گ، ئه‌وه‌ى خاڵى به‌هێزى سوپاى ئیسرائیله "قوبه‌ى ئاسنینه" كه سیسته‌مێكى پێشكهتووى به‌رگریی ئاسمانییه، له‌گه‌ڵ بوونى زیاتر له 2000 تانكى پێشكه‌وتوو، له‌گه‌ڵ زیاتر له 300 فڕۆكه‌ى پێشكه‌وتووى جه‌نگیی.
خالێكى دیكه‌ى جیاكه‌ره‌وه‌ى سوپاى ئیسرائیل ئه‌وه‌یه، كه به‌شدارى چه‌ندین شه‌ڕى ڕاسته‌وخۆى كردووه، ئه‌وانیش له ساڵه‌كانى (1967 و 1973) جگه له‌وه‌ى له ساڵى 1982 به‌شێك له لوبنانى داگیركرد، هاوكات شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا له‌ساڵى 2006 و چه‌ند ئه‌زمونێكى شه‌ڕ له كه‌رتى غه‌ززه‌ى فه‌ڵه‌ستین.
ئێستا سوپاى ئیسرائیل له یه‌ك كاتدا له دوو به‌ره‌ى شه‌ڕدایه، له غه‌ززه و باشورى لوبنان، به‌ڵام بۆ ئه‌و شه‌ڕه پشتیوانییه‌كى زۆرى ئه‌مریكا و وڵاتانى هه‌یه.
شه‌ڕى ئێران و عێراق كه كتوپر تووشى سوپاى ئێران بوو له‌كاتێكدا كه‌متر له ساڵێك بوو سیسته‌مه‌كه گۆڕابوو، بۆ ئێرانییه‌كان بووه‌ته وانه‌یه‌ك كه سوپاى كلاسیكى به‌كه‌ڵكى ئه‌وان نایه‌ت، به‌ڕاى چاودێران له‌وكاته‌وه و دواى ته‌واوبوونى شه‌ڕه‌كه ئێران ده‌ستیكردووه به په‌ره‌پێدانى چه‌كى پێشكه‌وتوو و هه‌وڵیش بۆ به‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى ده‌دات، جگه له‌وه‌ى كه گرنگى به باڵى ده‌ره‌وه‌ى هێزه سه‌ربازییه‌كه‌ى ده‌دات.
ئیسرائیل به باشى له‌مه تێگه‌یشتووه، بۆیه ئێستا ده‌ستیكردووه به لێدانى ئه‌و باڵه‌ى ئێران، به‌تایبه‌تیش حزبوڵڵا و حه‌ماس، جگه له‌وه‌ى به‌رده‌وام چاوى بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكوه‌زیرانى ئیسرائیل له‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێرانه و هه‌موو كات جه‌خت ده‌كاته‌وه كه نابێت ئێران ببێته خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى.
شه‌ڕى ئه‌تۆمى
به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕاپۆرته‌كان، ئیسرائیل خاوه‌ن چه‌كى ئه‌تۆمییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به ئاشكرا نه‌وتووه، ئه‌مه‌ش خاڵێكى تر‌ى به‌هێز ده‌داته ئیسرائیل كه ئه‌گه‌ر ترس له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى قه‌واره‌كه‌ى دروست ببێت ئه‌و چه‌كه به‌كارده‌هێنێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و چه‌كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه سنورداره تا له شه‌ڕى ناوخۆ و نزیكى خۆى به‌كاریبهێنێت.
زۆرێك له چاودێران پێیان وایه سه‌رۆكوه‌زیرانى ئیسرائیل به‌دواى ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێت گورز له پرۆژه ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران بوه‌شێنێت، بۆیه ترسى خۆیان ناشارنه‌وه كه ئه‌گه‌ر گرژییه‌كانى نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر په‌ره‌بسه‌نن و جه‌نگى ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵبگیرسێت ده‌بێته جه‌نگى ئه‌تۆمى له‌كاتێكدا هێشتا جیهان له‌وه دڵنیا نییه كه ئێرانیش خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمییه یان نا.
|