2025-07-22 921 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک 'چارەسەریی ڕەوشی سوریا پێویستی بە کۆدەنگی نیشتیمانی'یە

ناوەندی هەواڵ

ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە)، سەبارەت بە درێژەی شەڕی سوریا، بەدیاری کراوی کوشتار و ململانێکانی ئەم دواییەی سوەیدا و ئایندەی سوریا ڕایگەیاند کە "ئەوەی لە سوەیدا ڕودەدات نیشانەی داڕمانی گستی پێکهاتە سیاسی و دامەزراوەییەکانی وڵاتە" و پێویستە دەسەڵات تێبگات دۆخی سوەیدا شکستی دەسەڵاتی ناوەندییە لە بەرپرسیارییەتی" .

بە ڕوونی دەردەکەوێت ئەوەی لە سوەیدا ڕوودەدان نیشانەی ڕاستەوخۆی داڕمانی گشتیی پێکهاتەی سیاسی و دامەزراوەکانی وڵاتەکەیە. ئەو داڕمانە لە دەرئەنجامی دەیان ساڵەی سیاسەتی دوورخستنەوە، چەوساندنەوە و پشتگوێخستنی پێکهاتە نیشتیمانییەکانەوە سەریهەڵداوە. لە هەمانکاتدا لە دەرئەنجامی شکستی دەسەڵاتی ناوەندییە لە بە جێگەیاندنی بەرپرسیارێتییان لە بەڕێوەبردنی فرەڕەنگی و دەستەبەرکردنی ئاشتی ناوخۆییدا ، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات وادەڵێت ..

مەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "ئەو پێشهاتە مەترسیدارانە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە یەکێتی و سەقامگیری خاکی سووریا دەکەن و لاوازی دۆخی ئێستا نیشان دەدەن. هەربۆیە دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەری سیاسی بەردەوام پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕوپێکدادانەکان بهێندرێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی دیکەی وڵات بهێنێت .

پێشتر و لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە لە کۆبوونەوەیکدا ڕایگەیاند " کە گۆڕانکاریە سیاسیەکان پێویستە نێونەرایەتی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر کرابێت و لە وڵاتەکەدا سیستەمێکی بەڕێوەبردن دابمەزرێت کە بە کردەیی فرەڕەنگی سووریا نیشان بدات و یەکسانی پێکهاتەکان مسۆگەر بکا، ئەگەر نا ئەوە ئایندەی سوریا و سورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەخاتە مەترسییەوە .

بە مەبەستی چارەسەری پێشهات و گرژییەکان مەسەدە چەند خاڵێکی خستۆتەڕوو :

١. هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، شەڕوپێکدانانی چەکداری و گێژاوی ئەمنی کە هەڕەشە لە ئاشتی ناوخۆیی لە سوەیدا و هەرێمەکانی دیکەی سووریا دەکەن شەرمەزار دەکەین. جەخت لەسەر پێویستی کۆتایی هێنانی دەستبەجێی هەموو کردەوە دوژمنکارانە دەکەینەوە، بەبێ گوێدانە سەرچاوەکانیان. دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و ئاشکرا بۆ ئەم ڕووداوانە دەست پێبکرێت، ئەوانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

٢. بەپەلە بانگەوازی دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتیمانی بەرفراوان دەکەین. دەبێت دیالۆگەکە لە کۆنفرانسێکی نیشتمانی فراواندا تاجدار ببێت کە هەموو هێزە نیشتیمانییە دیموکراتیکەکان تێیدا بەشداربن. دەبێت ئامانجی ئەم کۆنفرانسە پڕۆژەیەکی سیاسی نوێی سوریا بێت لەسەر بنەمای دادپەروەری ڕاگوزەری، کۆتاییهێنان بە زۆرداری و پەسەندکردنی سیستەمێکی دیموکراتیکی ناناوەندی و فرەلایەن کە بەشداری چالاکانەی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا مسۆگەر بکات.

٣. هۆشداری دەدەین وڵات خەریکە دەخزێتە ناو ناکۆکی مەزهەبی و هەرێمی، ئەمەش هەڕەشە لە هەبوونی ستاتۆی دەوڵەتی سووریا و کۆمەڵگە فرەڕەنگەکەی دەکات، کاریگەری وێرانکەر لەسەر داهاتووی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی درووست دەکات.

٤. لەبەر ڕۆڵی مەترسیداریان لە هاندانی شەڕوپێکدادانەکان و هەڕەشەکانیان لەسەر ئاشتی ناوخۆیی و پێکەوە ژیان، بانگەوازی ڕاگرتنی گوتاری ڕقاوی و پڕوپاگەندەیی میدیایی و سیاسی دەکەین. جەخت لەوە دەکەینەوە بونیاتنانی متمانەی نیشتمانی بە گفتوگۆ، پلاتفۆرمی بەرپرسیارانە و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگی دەست پێدەکات.

٥. دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان و سەربازییە ناوخۆیییەکان، هەرێمی و نێونەتەوەیی بەرپرسیارێتی یاسایی، سیاسی و ئەخلاقی خۆیان سەبارەت بە دۆخی بەردەوام بەجێبهێنن. بانگەواز دەکەین دەبێت ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان بگیرێت. دەبێت ڕێگری لەو ڕۆڵ و دەستوەردانانە بکرێت هۆکاری شەڕوپێکدادنانەکانن.

٦. هەرچارەسەرێکی سیاسی لە سووریا دەبێت بەتەواوی سووریای بەرفراوان و نیشتمانی بێت. دەبێت چارەسەر لەسەر بنەمای دیالۆگ، کۆدەنگی و دانپێدانانی یەکتر بێت نەک لەسەر توندوتیژی، دوورخستنەوە، دەستوەردانی دەرەکی بێت، کە بونیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک و مەدەنی بە پێی بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان، سەروەری یاسایی و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگی، کەلتووری و ئایینی مسۆگەر دەکات.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوکە مەسەدە بانگەوازی بۆ کۆدەنگی نیشتیمانی کرد و ڕایگەیاند، لەم قۆناغە مێژووییەدا بانگەواز لە تەواوی هێزە نیشتیمانییە نوێیەکان دەکەین بەرپرسیارێتییان لە سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی متمانە و ئاشتی ناوخۆییدا جێبەجێ بکەن.

زانیاری 
ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مجلس سوریا الدیمقراتیه‌) باڵی سیاسی ھێزەکانی سووریای دیموکراتە لە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا (AANES). ئەرکی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنەکە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی «سیستەمێکی فرەیی و دیموکراسی و بەڕێوەبردنە بۆ ھەموو سووریا .

ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە 10ی کانوونی یەکەمی 2015 لە شاری مالیکیە دامەزراوە. ھەیسەم مەنناع چالاکوانی ناوداری مافی مرۆڤ لە کاتی دامەزراندنیدا بە ھاوسەرۆک ھەڵبژێردرا .

سێیەمین کۆنفرانسی ناوەندی سووریای دیموکرات لە 16ی تەمووزی 2018 لەژێر دروشمی “بەرەو چارەسەری سیاسی و بنیاتنانی سووریایەکی لامەرکەزی و دیموکراسی” لە شاری تەبقە بەڕێوەچوو .

 

  • وتەبێژی كۆمیسۆن: 70 هاوپەیمانێتی و حزب ناویان بۆ هەڵبژاردن تۆمار كردووە

  • سلێمانی..بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ میتی تورکیا دوو هاوسەر دادگایی کران

  • ئەمریكا هێڵی سوور بۆ ئەحمەد شەرع دادەنێت

  • 16موکێش و هەشت دەرزی و دوو بەرگی موکێش لە هەناوی کەسێک دۆزرایەوە

  • ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک 'چارەسەریی ڕەوشی سوریا پێویستی بە کۆدەنگی نیشتیمانی'یە

  • دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای دژ بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە رەتکردەوە

  • پێنجوێن.. بەدرۆن دوو كەس كرانە ئامانج و یەكێكیان گیانی لەدەستدا

  • پێنج شاری عێراقی وەک گەرمترین ناوچەی سەر گۆی زەوی دیاریکران

  • ئیسرائیل و سوریا لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن

سەرەکی