ناحیه‌ی تانجه‌رۆ كه چه‌ند كیلۆمه‌ترێك و ته‌نیا 15 خوله‌ك به ئۆتۆمبێل له شاری سلێمانییه‌وه دووره، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی بیانی یاخود ڕێبوارێك ڕێی تێبكه‌وێت، كاتێك ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی ئاسمانی تانجه‌رۆ ده‌بینێت ڕه‌نگه پێیوابێت ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی ئاساییه و دوای چه‌ندین كاتژمێری دیكه ڕه‌نگه كۆنتڕۆڵبكرێت، به‌ڵام بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی شته‌كه له‌ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك زیاتره و بۆ شاره‌زایانی ژینگه و پسپۆڕانی ته‌ندروستیش بابه‌ته‌كه له‌وه ترسناكتره.
تانجه‌رۆ ساڵانێكی زۆره شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی شاری سلێمانییه، ڕۆژانه نزیكه‌ی 1200 بۆ 1400 تۆن خۆڵ و خاشاك ده‌برێته تانجه‌رۆ، ئه‌و خۆڵ و خاشاكه نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌نێو نابرێت، به‌ڵكو بووه‌ته بۆمبێكی ته‌وقیتكراو بۆ ته‌ندروستی دانیشتوانی شاری سلێمانی.
له‌تانجه‌رۆ خۆڵ و خاشاكی كه‌ڵه‌كه‌بوو دوای ئه‌وه‌ی ده‌سوتێندرێت، پاشماوه‌كه‌ی ده‌كرێت به ژێر خاكه‌وه، به‌وه‌ش دوو جار مه‌ترسی له‌سه‌ر ژینگه هه‌یه، یه‌كێكیان ده‌ستبه‌جێیه كه دووكه‌ڵی سوتاندنی خۆڵ و خاشاكه‌كه‌یه‌و به‌هه‌وادا بڵاوده‌بێته‌وه، دووه‌میش ئه‌و پاشماوه‌وه‌یه‌یه كه ده‌كرێت به ژێر خاكدا، دواتر كاتێك خۆڵی دیكه ده‌هێندرێته ئه‌و ناوچه‌یه دووباره خۆڵ ده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌و خاشاكه‌شدا، واتا ئێستا چه‌ندین چین خۆڵ و خاشاك له‌ژێر زه‌ویی تانجه‌رۆدایه و تێكه‌ڵی ئاوی ژێر زه‌ویی بووه و پیسی كردووه.
ئاوه‌ڕۆی هه‌موو زێرابه‌كانی سلێمانی، له‌پاڵ خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی كارگه‌كان ده‌چێته نێو ئاوی تانجه‌رۆوه، كه هاوشێوه‌ی چه‌كێكی كیمیاییه‌و دواتر ده‌چێته نێو ئاوی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌و ئه‌و ئاوه بۆ خواردنه‌وه و به‌كارهێنان ده‌درێته هاووڵاتیان.
مه‌ترسیدارترین شله‌مه‌نی ده‌چێته نێو ئاوی خواردنه‌وه‌وه
40 ساڵ پێش ئێستا تانجه‌رۆ ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی بوو، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه له‌گه‌ڵ سلێمانی یه‌كده‌گرێته‌وه، مه‌ترسیداریی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك له‌تانجه‌رۆ له‌وه‌دایه، هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق خاشاكه‌كه له‌قه‌راغ ئاودایه، ئاوی تانجه‌رۆ ده‌چێته قه‌ره‌گۆل و شاره‌زوور و دواتر ده‌چێته نێو ئاوی سیروان و پاشان ده‌چێته نێو ئاوی ده‌ربه‌نده‌یخان، مه‌ترسییه‌كه‌ش لێره‌دایه كه ئاوی ده‌ربه‌ندیخان ئاوی خواردنه‌وه‌یه، واتا مه‌ترسیدارترین جۆری شله‌مه‌نی ده‌نێردرێته نێو ئاوی خواردنه‌وه‌وه.
جاران زبڵه‌كه دوربوو له ئاوه‌كه‌وه چونكه بچوك بوو، به‌ڵام زبڵه‌كه هه‌ره‌سیهێنا چونكه ئه‌وه‌نده‌یان پاڵپێوه‌نا بۆ نزیك ئاوه‌كه تا سه‌ره‌نجام كه‌وته نێو ئاوه‌كه‌وه و ئه‌وه ماوه‌ی سێ ساڵه ئه‌و زبڵه له‌نێو ئاوی تانجه‌رۆدایه، ئێستاش ڕۆژانه هه‌ڵیده‌كه‌نن و خۆڵی ده‌كه‌ن به‌سه‌ردا، به‌ڵام ئه‌وه چاره‌سه‌ر نییه، چونكه له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهاندا ئه‌مشێوازه له له‌ناوبردنی خۆڵ و خاشاك قه‌ده‌غه‌كراوه.
لەماوەکانی ڕابردوودا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە تانجەرۆ ڕوویدەدا، ئاگره‌كه به‌شێوه‌یه‌ك بوو كه كه‌س ده‌ستی له كردنه‌وه‌یدا نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی (غازی میسان) و پاشان كارلێككردنی بوو له‌گه‌ڵ ئۆكسجین و له‌و ناوچه‌یه و گڕگرتنی به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی.
24ی نیسانی ساڵی 2014 به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ڕیسایكلینی دانا، كه پڕۆژه‌یه‌كه ده‌كرێت به‌شێكی زۆری ئه‌و مه‌ترسییه ژینگه‌ییانه‌ی له‌سه‌ر تانجه‌رۆ هه‌یه كه‌مبكاته و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ئه‌و خاشاكه‌ی ده‌برێته تانجه‌رۆ دوای ئه‌وه‌ی مادده به‌سوده‌كان جیاده‌كاته‌وه، ئه‌وانه‌ی پێویست نین له‌نێوده‌بات، به‌ڵام دوای 10 ساڵ تا ئێستا به‌ردێك نه‌چووه‌ته سه‌ر به‌ردێكی دیكه بۆ دروستكردنی ڕیسایكلینی سلێمانی.
بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا سلێمانی لەهه‌رێمی كوردستاندا ژینگەیەکی پیسی هەیە و له‌دوای شاری به‌سره، بوه‌ته سه‌رچاوه‌ی توشبوون به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له هه‌موو عێراقدا.
له‌پارێزگای هه‌ولێر شێوازی له‌ناوبردنی خۆڵ و خاشاك كه‌مێك جیاوازتره له‌وه‌ی شاری سلێمانی، چونكه له هه‌ولێر هه‌ر چه‌ند سه‌د مه‌ترێك و بۆرییه‌كیان وه‌ك ده‌رچه‌ی هه‌واو ئه‌و گازه ژه‌هراوییه‌ی له خۆڵ و خاشاك دروستده‌بێت، داناوه، له‌دهۆكیش پڕۆژه‌ی ڕیسایكلین له‌كاردایه و ده‌توانێت خاشاكی ئه‌و پارێزگایه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌نێوبه‌رێت.
“له‌تانجه‌رۆ كۆمپانیا هه‌یه له حكومه‌تی هه‌رێم باڵاده‌ستتره”
له‌تانجه‌رۆ كۆمپانیای زۆر هه‌ن كه له حكومه‌ت باڵاده‌ستترن، كۆمپانیای پاڵاوتنی نه‌وتی تێدایه پاشماوه‌كانیان ده‌به‌ن له‌نێوان زبڵه نوێیه‌كه و زبڵه كۆنه‌كه‌ی تانجه‌رۆ فڕێیده‌ده‌ن، ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان وایكرد ڕۆن و شله‌مه‌نییه‌كان هه‌ره‌س به خاشاكه‌كه بهێنن و بچنه نێو ئاوی تانجه‌رۆوه یه‌ك مانگ به‌رده‌وامی هه‌بوو.
تانجه‌رۆ له‌زه‌وییه‌كی كشتوكاڵییه‌وه بۆ لانكه‌ی شێرپه‌نجه
ساڵی 1955 له ڕۆژنامه‌ی (ژین) له‌باسی شاری سلێمانیدا ئاماژه به تانجه‌رۆ دراوه كه “شاری سلێمانی مه‌ركه‌زی لیوای سلێمانییه، له‌سه‌رویه‌وه شاخی گۆیژه و ئه‌زمه‌ڕ و له‌خواره‌وه‌ی ڕووباری تانجه‌رۆیه” واتا له‌و ساڵانه‌دا ڕووباره‌كه جێگه‌ی ئاماژه‌بۆكردن بووه و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاویی پاك ته‌ماشاكراوه، به‌ڵام ئێستا كاتێك ته‌ماشای ئاوی تانجه‌رۆ ده‌كه‌یت جگه له‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كه‌ی بۆ قاوه‌ییه‌كی پیس گۆڕاوه، هاوكات كه‌فێكی پیس كه سه‌رچاوه‌كه‌ی پیسبوونی ژینگه‌یه به‌سه‌ر ڕووی ڕووباره‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
ده‌یان ساڵ پێش ئێستا له تانجه‌رۆ چه‌ندین خێزان زه‌ویی كشتوكاڵییان هه‌بوو، كه چه‌ڵـتوك و سه‌وزه‌واتیان تیادا ده‌چاند، به‌ڵام ئێستا زه‌وییه‌كه‌ی تانجه‌رۆ به‌كه‌ڵكی كشتوكاڵكردن نه‌ماوه و ئه‌و خێزانانه‌ی له‌وێ زه‌وییان هه‌بوو، ئێستا ڕۆژانه بۆ ده‌چنه‌وه سه‌ر زه‌وییه‌كه‌یان و به‌دیاریه‌وه خه‌فه‌تده‌خۆن.
ئه‌و هه‌زار و 500 ماڵه‌ی لە تانجەرۆ ده‌ژین ئه‌ندامی خێزانه‌كانیان تووشی نه‌خۆشییه جیاوازه‌كانی پێست، ڕه‌بۆ و له‌هه‌مووی مه‌ترسیدارتر نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بوون.
ئه‌و شله‌مه‌نییه‌ی له‌ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوون و مانه‌وه‌ی خاشاكی تانجه‌رۆ ده‌مێنێته‌وه، بۆگه‌نده‌كات و گازێكی میسان دروستده‌كات، و ساڵانه‌ش كه بارانده‌بارێت شله‌مه‌نییه‌كه نوێده‌بێته‌وه.
چاره‌سه‌ر چییه؟ چۆن ده‌توانرێت به‌ر به‌و كۆمه‌ڵكوژییه ژینگه‌ییه بگیرێت؟ ئاخۆ نه‌وه‌كانی ئێستا و ئه‌وانه‌ش كه ساڵانێكی دیكه دێنه ژیانه‌وه، شایسته‌ی ئه‌وه‌ن بخرێنه نێو ئه‌و ژینگه مه‌ترسیداره‌وه؟ دەکرێت کێشەی پاڵاوتگه نایاساییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، هه‌روه‌ها كارگه‌كان فلته‌ر دابنێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرێت دۆخه‌كه له‌وه‌ی ئێستا خراپتر ده‌بێت، ده‌بێت خه‌ڵك ئه‌و مه‌ترسییه‌ی سه‌ر ژیانی چاره‌سه‌ر بكات.
هه‌مووان له‌گه‌ڵ ناوهێنانی تانجه‌رۆ و مه‌ترسییه‌كانی زبڵخانه‌كه‌ی ئه‌وێ بۆسه‌ر پیسبوونی ژینگه ڕه‌نگه وێنای ئه‌وه بكه‌ن، خۆ ناوچه‌كه له سلێمانییه‌وه دووره و مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر دانیشتوانی ناو شاری سلێمانی دروستناكات، به‌ڵام ئایا ده‌زانیت فڕێدانی یه‌ك ده‌به ئاو له‌سه‌ر زه‌وی و ئه‌و ده‌به پلاستیكییه نزیكه‌ی 400 ساڵی ده‌وێت تا شیده‌بێته‌وه؟ ئایا ده‌زانیت ئه‌گه‌ر یه‌ك دڵۆپ له‌و پیسیی و شله‌مه‌نییه‌ی له‌نێو خۆڵ و خاشاكی تانجه‌رۆدایه كاتێك ده‌چێته نێو دوو ملیۆن لیتر ئاوه‌وه، كاریگه‌ریی خۆی به‌جێده‌هێڵت و به 100 ساڵیش ئاوه‌كه ناتوانێت خۆی له‌و دڵۆپه مه‌ترسیداره ڕزگاربكات.
له‌نێو ئه‌و پێكهاته كیمیاییه‌ی له‌و خۆڵ و خاشاكه‌دا، دوای ماوه‌یه‌ك شله‌یه‌ك دروستده‌بێت كه ڕاسته‌وخۆ ڕۆده‌چێته نێو خاكه‌وه و تێكه‌ڵی ئاوی ژێر زه‌وی ده‌بێت.