×

2024-04-23 124 جار خوێنراوەتەوە

کەرکوک لە قودسی کوردستانەوە بۆ شەڕی بەدەستهێنانی کورسییەکی زیاتر

کەرکوک لەبەردەم ئاڵنگاریی و قۆناغێکی مێژوویی و گرنگ دایە، گێڕانەوەی باڵادەستی کورد لە پارێزگاکە و چارەنوسی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی شارەکە لە داهاتودا بەندە بە یەک دەنگی و یەکهەڵوێستی و ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکانی شارەکە؛ بە دیاریکراویش یەکێتی و پارتی، دوای نزیکەی 40 ڕۆژ لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، تائێستا یەکێتی و پارتی هیچ ڕێککەوتنێکیان نەکردوە بۆ گێرانەوەی پۆستی پارێزگار و پۆستە سیادییەکانی دیکەی شارەکە، هەنگاوەکانی داهاتوی ئەوان پرۆسەی تەعریب ڕادەگرێت و یان بەردەوامی پێدەدات؛ چەندین سیناریۆیی جیاواز بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لە ئارادایە.

پەرتەوازەیی کورد و کاریگەرییەکانی لەسەر کەمبونەوەی دەنگی کورد لە کەرکوک

‎ لەدوای 18 ساڵ ڕۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان عێراق کە کەکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیشی؛ بەڕێوە چوو، ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانی کورد و بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی ڕێگەی نەدا کورد بە لیستێكی هاوبەش بچێتە ئەو پڕۆسە گرنگ و چارەنوسازە و باڵادەستی کورد بۆ پارێزگاکە بگەڕێنێتەوە.

‎بەشداریكردنی كورد بە چەند لیستێكی جیا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وای كرد هەزاران دەنگی كوردی شارەكە بە فیڕۆ بڕوات و كورد نەتوانێت بە ئاسانی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەست بهێنتەوە کە کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر دهاتوی پێگەی کورد لە شارەکە و ناوەندەکانی بڕیارهەیە.

‎ بە گشتی دەنگی پێکهاتەکان لە کەرکوک بە پێی ئەنجامی ڕاگەیەندراو بەمجۆرەیە: پێکهاتەی عەرەب: 224783 دەنگ، پێکهاتەی کورد: 217397 دەنگ، پێکهاتەی تورکمان: 72281 دەنگ پارتە کوردییەکان ئەوەندەی سەرقاڵی منافەسەی حزبی یەکترن وێنە گەورەکە نابینن كە  ڕێژەی دەنگی كورد بەشێوەیەكی مەترسیدار كەمی كردوە و کورد زۆرینەی لە کەرکوک دۆڕاندوە.

‎بەراورد بە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی کورسییەکانی کورد کەمیکردوە؛ چونکە لە كورد لە ئەنجومەنی پێشوی پارێزگاکە لە كۆی 41 كورسی 25 كورسی هەبوو، بەوەش زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای لەلابو بەوەش پارێزگاری شارەکە  لە بەرژەوەندی کورد یەکلایی بوەوە.

پڕۆسەیەکی نوێی تەعریب لەسەر دەستی ڕاکان جبوری لە کەرکوک

‎ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە یەکێک بوو لە لێكەوتە خراپەکانی ڕیفراندۆم و، بووە هۆی لە دەستدانی پۆستی پارێگاری شارەکە و هێنانی پارێزگارێکی عەرەبی شۆڤێنی بە ناوی ڕاکان جبوری، کە بە بەرنامە دەستی بە پڕۆسەیەکی نوێی تەعریب کرد.

‎ ڕاكان جبوری، قۆناغ بە قۆناغ دەستیكرد بە پڕۆسەیەكی نوێی تەعریب و ئاسانكاریی بۆ هاتنی عەرەبی شارەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و پێدانی زەوی بۆ خانوكردن و دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆیان، تاوەكو بە لێشاو ڕو لە شارەكە بكەن، لەو ماوەیەدا چەندین گەڕەكی نوێی عەرەبنشین دروستكرا و لە  قەزاو ناحییە وگوندەكانی سەر بە سنوری پارێزگاکەش هەمان سیاسەتی پەیڕوەکرد.

بەردەوامی پڕۆسەکە، وایکرد سەدان جوتیار و گوندنشینی کورد لە ژێر فشاری هێزە ئەمنییەکان واز لە زەوی و زارەکانیان بهێنن و شوێنەکانیان بۆ عەرەبی هاوردە جێبهێڵن، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ڕێژەی عەرەب بە ئاستێکی بەرچاو لە پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری زیادیکردوە، لەبەرامبەردا کورد پاشەکشەی کردوە و ناوچەکانیان چۆڵدەکەن، مەترسییەکان بە جۆرێکە ئێستا پارتی و یەکێتی گرو لەسەر مانەوەی زۆرینەی کورد لە سەنتەری شارەکە دەکەن.

‎ ڕاكان جبوری لە ماوەی ڕابردودا بە هاوكاریی شیعە شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەكانی بەغداد زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی قەزاو ناحییەكانی لە كورد وەگرتەوە بە جۆرێك لە چوار پۆستی قائیمقامی سەر بە كەركوك سیانیانی لەدەستی كورد دەرهێنا و  عەرەبی لە شوێنەکانیان دانا و دۆخی ناحییە کانیش خراپترە.

ململانێکانی یەکێتی و پارتی دۆخی کەرکوکی بەم قۆناغە گەیاند

‎چاودێرانی سیاسی و ئۆباڵی ئەو دۆخەی ئێستا لە كەركوك و دەوروبەری هەیە دەخەنە ئەستۆی یەکێتی و پارتییە، چونكە ئەوان هێندەی سەرقاڵی مل شكاندن  و ململانێ و بەرژەوەندی حیزبی بوون نیو هێندە كارییان  بۆ پاراستنی كەركوك ڕاگرتنی پڕۆسەی تەعریب نەکردوە، دەشڵێن: ململانێی و ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی لە كەركوك نا ئاقڵانی و ناڕەوایە؛ پارتیی پێ باشە پارێزگارێكی عەرەب دابنرێت نەك پارێزگارێكی یەكێتی، بە هەمان شێوەش یەكێتی هەموو سازشێك دەكات بۆ بێ ڕۆڵكردنی پارتی لە پارێزگاكە.

‎بەبڕوای چاودێرانی سیاسی و كەركوك ئێستا لەبەردەم قۆناغێكی گرنگ و هەستیار و مێژوویدایە، کورد وتەنی زەرەر لە نیوەشی بگەڕێتەوە هەر باشە، بۆیە دەڵێن: پێویستە یەکێتی و پارتی سود لەو دەرفەتە وەربگرن کە هاتوەتە پێشەوە هەموو ناکۆکییەکانیان وەلا بنێنن و ڕێکبکەون لە پێناو گێڕانەوەی پۆستی پارێزگار و پۆستە سیادییەکانی دیکەی پارێزگاکە و ڕاگرتنی بەردەوامی پڕۆسەی تەعریب.

سیناریۆکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک

‎ كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكدێت، بەپێی دواین هەڵبژاردن بەم شێوەیە بەسەر پێکهاتە و لایەنەکانی شارەکەدا دابەشبوە، پێنج كورسی بۆ یەكێتی و دوو كورسی بۆ پارتی، كورسییەكیش بۆ كۆتایی مەسیحییەكان كە لە كوردەوە نزیكە، لایەنی عەرەبیش بە سێ لیستی جیا شەش كورسی پارێزگاكەیان مسۆگەر كردوە، هەرچی توركمانیشە دوو كورسی بەدەست هێناوە.

‎ لە ماوەی ڕابردوودا هەرسێ لایەنە عەرەبییەكە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كوتلەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و باس لە هەوڵی نزیکبونەوەش لەگەڵ پێکهاتەی تورکمان هەیە، بەڵام هێشتا کورد بە دیاریکراوی پارتی و یەکێتی هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕێککەوتن نەناوە، چەندین سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك  لەئارادایە و، ئەو لایەنانەی دەبنە زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگاكە واتە 50+1  تەواو دەكەن پارێزگار لەوان دیاریدەکرێت و حکومەتی خۆجێی ئەوان پێکیدەهێنن.

‎سیناریۆی یەكەم: یەكێتی و پارتی  كە خاوەنی حەوت كورسین لەگەڵ كۆتایی مەسیحییەكان کە بەنزیک لەکورد بەدیاریکراوی نزیک لە یەکێتی هەژماردەکرێت؛ یەك دەگرن و لەگەڵ توركمان دەبنە 10 كورسی و زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا دەبەنەوە و پارێزگار دیاریدەكەن و حكومەتی خۆجێیی پێكدەهێنن، ئەمە بە سیاریۆیەكی نزیك و گونجاو دادەنرێت، بەڵام ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم ئەم سیناریۆیە تا ئێستا یەكێتی و پارتی ڕێككەوتن یان نەكردووە.

‎سیناریۆی دووەم: یەكێتی بەبێ پارتی و لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان و كۆتایی مەسیحییەكان 12 كورسی مسۆگەر دەكەن و پارێزگار دیارییدەكەن و حكومەتی خۆجێیی  پێكدەهێنن، كە ئەمەیان نزیک لە مەحاڵ دادەنرێت، چونکە دەبێت هەموو پێکهاتەکانی شارەکە لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجی بەشداربن و لەم سیناریۆیەدا تورکمانەکان وجودیان نییە.

سیناریۆی سێیەم: پارتی بەبێ یەکێتی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان و تورکمان بکات بەوەش 10 کورسی مسۆگەر دەکەن و دەکرێت پاریزگار و حکومەتی خۆجێی دیاریبکەن، بەڵام بەهۆی پەیوەندی خراپی نێوان پارتی و لایەنە عەرەبییەکان ئەم سیناریۆیەش بەدیهێنانی ئەستەمە.

سیناریۆی چوارەم: پێکهاتەی عەرەبی کە خاوەن شەش کورسین لەگەڵ پێکهاتەی تورکمان ڕێکبکەون ئەو کات دەبنە خاوەن هەشت کورسی بەڵام هێشتا ناتوانن بەربەستی 50+1  تێبپەڕێنن هەرچەند ماوەیەکی زۆرە لایەنە عەرەبییەکان هەوڵی نزیکبونەوە لە تورکمان دەدەن بۆ بەدیهێنانی ئەم سیناریۆیە، بەڵام بەهۆی بونی پێشینەیەکی خراپی پێوەندی نێوان تورکمان و پێکهاتەی عەرەب لە ڕابردو و بینینی ئەزمونی ڕاکان جبوری بەدیهێنانی دورە.

چاودێران باس لە چەندین سیناریۆی لاوەکی دیکەش دەکەن، بەڵام ئەو چوار سیناریۆیەی باسکران زۆرترین جار باسکراوە.

هەنگاوەکانی یەکێتی و پارتی داهاتووی پێگەی کورد لە کەرکوک دیاریدەکەن

ئێستا کورد و بە دیاریکراوی یەکێتی و پارتی دەرفەتێکی مێژوویی گرنگیان لە بەردەمە بۆ گێڕانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگاکە؛ کە کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەی داهاتوی کورد لە شارەکە و ڕاگرتنی پڕۆسەی تەعریب، ئایا یەکێتی و پارتی دەتوانن لەم قۆناغە مێژووی و گرنگەدا هەمو ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و جارێکی دیکە هەژمون و باڵادەستی کورد بۆ کەرکوک بگێڕنەوە؟ ڕۆژانی داهاتوو وڵامی ئەم پرسیارەمان دەداتەوە.

  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

سەرەکی