×

2024-04-23 134 جار خوێنراوەتەوە

بایدن توڕەیە و کۆمەڵێك بژاردەی توندی وەڵامدانەوەی ئێرانی خراوەتە بەردەست

 

دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە 30 سەرباز بریندار بوون، سەرۆکی ئەمریکا بڕیار لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دەدات، بەڵام ئاخۆ سیناریۆکانی وەڵامدانەوە چین؟

ئەو شوێنەی شەوی ڕابردوو کرایە ئامانج بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایە لە ئوردن بە ناوی (بورجی 22) کە نزیکە لە سنوری ئوردن لەگەڵ سوریا و هێرشەکەش بە درۆن بووە.

بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئەمریکا چین؟

تا ئێستا واشنتۆن بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی ئاشکرانەکردووە، بەڵام شارەزایان کۆمەڵێك سیناریۆیان ئاماژە پێداوە، کە دەکرێت ببێتە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر ئەو هێرشە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، ئەوە یەکەمجارە سەربازانی ئەمریکی بەوشێوەیە بکوژرێن.

بەهۆی ئەو هێرشەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو کۆنگرێسی وڵاتەکەی ڕووبەڕوی ڕەخنە بووەتەوە، کۆنگرێسمانەکان باس لەوە دەکەن، سەرۆکی ئەمریکا دەستەوەستانە لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە، بەڵام ڕایەکی دیکە هەیە و دەڵێت، بایدن ئەمجارە بە توندی وەڵامدەداتەوە و هەڵوێستی دەبێت.

ڕیچارد وایتز، مامۆستا لە پەیمانگەی سەربازیی هدسۆن-ی ئەمریکی پێیوایە، بایدن دوو بژاردەی لەبەردەستدایە، یەکەمیان ئاسان و دووەمیان قورسە.

لەبارەی بژاردە ئاسانەکە وایتز بۆچوونی وایە، لێدان لە ئامانجەکانی ئێران لە سوریا بژاردەیەکە، وەك چۆن لە ڕابردووشدا ئەمریکا هەمان کاری کردووە، هاوکات ڕژێمی سوریاش وەڵامی نەبووە.

لەبارەی سیناریۆ قورسەکەش وایتز دەڵێت، لێدان لە ئامانجەکانی ئێران لە عێراق بژاردە قورسەکەیە، بەتایبەت لەم کاتەی دانوستان بۆ کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە هەیە، بۆیە ئەو بژاردەیە بوێری دەوێت، بەڵام نازانرێت ئاخۆ بایدن پەنای بۆ دەبات یاخود نا.

بژاردەیەکی دیکەش هەیە بە ڕای چاودێران، ئەویش لێدانی ڕاستەوخۆیە لە ئێران بەڵام ئەوە بەدوور دەزانرێت، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت.

هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دژی داعش، لەمانگی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا ڕوبەڕوی زیاتر لە 150 هێرش بوونەتەوە، کە لەلایەن میلیشیا شیعەکان لە عێراق و سوریا ئەنجامدراون.

داڤید رەمەزان، ئەندامی کۆمارییەکان لە ویلایەتی ڤێرجینیا پێیوایە، ئەمجارە واشنتۆن زۆر بە توندی وەڵامی هێرشەکەی ئوردن دەداتەوە، بە شێوەیەک کە کەس پێشبینی ئەو وەڵامەی نەکردبێت.

بەرای داڤید ڕەمەزان دیارترین سیناریۆ بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بریتییە لەوەی ئەمریکا ژێرخانی سەربازیی ئێران بکاتە ئامانج، یاخود لێدانی ڕاستەخۆ لەو هێزانەی بە وەکالەت شەڕ بۆ ئێران دەکەن.

دۆخۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەک ئاڵۆزە، مەترسی جەنگی هەرێمیی دژی ئێران دەکرێت، ئەوەش سیناریۆیەکە ئەمریکا لەم کاتەدا نایەوێت بچێتە ناویەوە، بە تایبەت کە ئەو وڵاتە نزیکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کۆتایی ئەمساڵدا.

لیندزی گراهام، سیناتۆری ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دوای هێرشەکە پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری کوژراوانی ئەو هێرشە کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

گراهام نووسی، “هێزەکانمان لە سووریا و ئوردنن بۆ ئەوەی ئەمریکا بپارێزن و سەقامگیریی ئەو ناوچە پڕ کێشەیە دابین بکەن. خزمەت و قوربانیی ئەوان بەرز دەنرخێندرێت. ئەوان قارەمانی راستەقینەن.”

گراهام لە بەشی دووەمی پەیامەکەیدا دەڵێت، “هەرکات ئیدارەکەی بایدن بە ئێران دەڵێت مەکە، ئەوان دەیکەن. سیاسەتی رێگریکردنیان دژی ئێران بە شێوەیەکی زۆر خراپ شکستی هێناوە. زیاتر لە 100 هێرش دژی هێزەکانی ئەمریکا کراون و ئێران رێگری لێناکرێت.”

گراهام بە بایدن دەڵێت، “ئێستا لە ئێران بدەن؛ تووند لێیان بدە.” ئەو سیناتۆرە روونی دەکاتەوە کە ئەگەر ئەمریکا وەڵامی ئێران بداتەوە و چەند ئامانجێکی گرنگی ئەو وڵاتە بپێکێت، ئەوە وەڵامێک دەبێت بۆ کوژرانی ئەو سێ سەربازە و رێگرییەکیش لە هێرشەکانی داهاتوو.

  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

سەرەکی