بازرگانی هەڵتۆقیوو، پیاوی دەسەڵات، ڕوپۆشی گەندەڵییەکانی حکومەت، پایەی مانەوەی یەکێتی و پارتی، هەمو ئەمانە و چەندین نازناوی تر بە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەوترێت، هەرکاتێک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی هاوڵاتییان لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە، دەسەڵات ڕایدەسپێرێت بۆ شکستپێهێنانیان.
دوای زیاتر لە چوار مانگ بایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، نزیکبوونەوەیان لە سەرکەوتن و بەدیهێنانی مافەکانیان، دەسەڵات نەیتوانی لە ڕێگای هەڕەشە و چاوترساندن و فشارە جیاجیاکان کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنت بە پێچەوانەوە بەرەی بایکۆت تادێت فراوانتر دەبێت و لە کۆنترۆڵ دەر دەچێت.
لە سەروبەندی گەیشتن بە سەرکەوتنی زیاتر لە چوار مانگ خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندەران، دەسەڵات وەک هەمیشە پەنای بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید برد تا لە ڕێگەیەوە شکست بە ناڕەزایەتییەکان بهێنێت.
لە نوێترین لێدوانیدا ئەو بازرگانەی کە سەرمایەکەی لەسەر قوتی هاوڵاتییان و فەرمانبەران و لە ڕێگای وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار قەرز بە ناوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتییان بە ناوی پێدانی پشک لە پڕۆژەکانی، بونیادناوە، وتی: ئەوان وەک جوڵانەوەکەیان پشتیوانی لە ناڕەزیاتییەکان دەکەن و بەتەواوی لەگەڵ داواکارییەکانیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانن.
لە دوای ئەم لێدوانە؛ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن چاودێران و چالاکوانانی سیاسیی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندبووە و ڕایانگەیاند: ئەم جارەش وەكو جارەكانی تر دەسەڵات بۆ شکستهێنان بە ناڕەزایەتییەكان دەیەوێت شاسوار و ئەندامانی نەوەی نوێ بخزێنێتە ناو خۆپیشاندەران و بەزۆر سوار شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانیان بکەن و بە حیزبی بکەن، بۆ ئەوەی ببێتە بەهانە و دەسەڵات دەست کراوەتربێت، لە کپکردن و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و کۆتایی هێنان بە نارەزایەتییەکان.
بەشێكی دیكە لە چاودێرانی سیاسیی دەڵێن: ئەو بازرگانە لە ڕابردوشدا هەركات هاوڵاتییان و فەرمانبەران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەیان دژی خراپی دۆخیی دارایی و دواكەوتنی مووچە و خراپی خزمەتگوزارییەكان دەربڕیبێت، لەلایەن دەسەڵاتەوە هاندراوە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان ببێت بۆ ئەوەی شكستیان پێبهێنێت و تا ڕادەیەكیش سەركەوتوبووە.
بەبڕوای بەشێكیش لە چالاكوانانی مەدەنی، شاسوار لەو نێوەندەدا دوو دەستكەوتی دەبێت، یەكەمیان ڕێككەوتن و سەفەقاتی ژێربەژێر لەگەڵ دەسەڵات بۆ بێدەنگ بوون لە قەرزەكانی كە لە ڕابردودا بەناوی پڕۆژەی وەبەرهێنان وەریگرتووە و بێدەنگ بون یان لێخۆشبوون لە قەرزی كارەبا و باجی سەر كۆمپانیاكانی كە ملیۆنان دۆلارە و موڵکی گشتییە، لەلایەكی دیكەشەوە لەڕێگایی میدیاکانییەوە خۆی وەک فریاد ڕەس وێنا دەکات و بۆ کۆکردنەوە و دەنگی هاوڵاتییان بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان.
لەولاشەوە دەسەڵات، هەم كۆتایی بە ناڕەزایەتیی و فشاریی هاوڵاتییان و فەرمانبەران دەهێنێت، هەمیش بەردەوام دەبێت لە سەر ئەو دزیی و گەندەڵی و فەسادیی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئابورییەی كە ماوەی سی ساڵ زیاترە لەسەری بەردەوامە.
هەندێکی دیکەش لە چاودێران دەڵێن: ئەگەر شاسوار ڕاستگۆیە بۆ لەم چەند ساڵەدا بەردەوام لە دژیی ئەو هەموو گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی و بەتاڵانبردنی هەزاران دۆنم زەوی هاوڵاتییان بێدەنگە، بۆ بێدەنگە لە داڕوخان و شکستی سێکتەرە خزمەتگوزارییە جیاوازەکان، بۆ بێدەنگە لە ئاست کەمبونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک تەندروستی، کارەبا و پەروەردە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، کە بەرو داڕخانی تەواوتی دەچن، کەچی ئەو و میدیا گۆبڵز ئاساكەی بێدەنگە و خەڵكی بە بابەتی بچوك و پوچ سەرقاڵ دەكەن و چاوی خەڵكی لەسەر گەندەڵیی و دزییە گەورەكانی دەسەڵات لادەبەن.
خۆپیشاندەران و فەرمانبەران دەپرسن؟ خێرە دوای زیاتر لە چوار مانگ ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی بەردەوام و نزیكبوونەوەیان لە سەركەوتن و مل پێدانی دەسەڵات بۆ داواكارییەكانیان، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خەبەری بوەتەوە و تازە بەتازە بیری كەوتوەتەوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكان بكات و بەشداریی بكات ئەگەر لەلایەن دەسەڵات ڕا نەسپێردراوە بۆ شكستپێهێنانی خۆپیشاندانەكان؟ ئەی چەن وەختە بۆ بێ دەنگە؟
چاودێرانیی سیاسیی بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە، دروستكردن و قوتكردنەوەی شاسوار عەبدولواحید لەلایەن دەسەڵات بۆ یەك ئامانجە، ئەویش لاوازكردنی ئۆپۆزسیۆنی هەقیقی و پەرتەوازەکردنی دەنگی ناڕازیی و دروستكردنی مۆدێلێكی پۆخڵی ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیستی و تاكڕەویی، تا هەركات بیانەوێت، بۆ كپكردنی دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتییان بەکاری بهێنن.