×

2024-04-23 260 جار خوێنراوەتەوە

بە فەرمانی تورکیا پارتی کۆبوونەوەکانی لە گەڵ یەکێتی لە سەر پرسی پارێزگاری کەرکوک ڕادەگرێت !

ئەنجامە چاوەرواننەکراوەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، تورکیای ناچارکرد بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک بەرپرسی هەواڵگری خۆی ڕەوانەی عێراق بکات و ئەمەش دەیسەڵمێنێت کە هێشتا تورکیا لەسەر پاوانخوازییەکانی لەو پارێزگایە پێداگری دەکات و نیگەرانە لە بەهێزبوونەوەی یەکێتی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

دەستێوەردانی تورکیا

دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوک بووە هۆی وەستاندنی پەیوەندییەکان و دانوستانەکانی نێوان هێزە براوەکان لەو پارێزگایە لەسەر چۆنیەتی دابەشبوونی کورسی ئەنجومەنەکە و پەکخستنی پڕۆسەکە.

ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا- میت بۆ ئاڕاستەکردنی کەیسەکانی تایبەت بە پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا سەردانی عێراقی کردوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەردانە چەند رۆژییەکەی جیا لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومیەکانی عێراق، لەگەڵ بەشێک لە سەرۆک حیزبەکان، نوێنەری پێکهاتەکان و عەشیرت و هۆزەکان کۆبوویەوە لە سەرویانەوە مەسعود بارزانی لە هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرسی دیکەی عەرەب و تورکمان .

چاودێران باس لەوە دەکەن سەردان و  دەستێوەردانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ بۆ ڕێگریکردن بوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک. چونکە ناسیۆنالیستە تورکەکان، کەرکوک وەک بەشێک لە خاکی خۆیان دەزانن و بە “مافی مێژوویی وڵاتەکەیان” ناوی دەبەن و ڕێگری دەکەن لەوەی کورد دەست و دەسەڵاتی بە سەر کەرکوکدا هەبێت بە تایبەت کەسانی یەکێتی کە بە مەترسی گەورەیان دەبینن و ڕیگە نادەن بەرپرس و کەسانی دیاری ئەو حزبە لە پارێزگاکە دەسەڵاتدار یان جێدەستیان هەبێت .

پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی و تورکیا بە هۆی تۆمەتەکانی ئەنقەرە بۆ رێگەدان بە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و بوونیان لەو پارێزگایە گرژی تێکەوت.

 گرژیەکان نێوان تورکیا و یەکێتی لە کاتێکدایە کە تورکیا پارتی دیموکراتی کوردستانی بەتەواوی خستۆتە بن دەستی خۆیەوە و چۆنی بوێت ئەو حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەڵدەسوڕێنێت و هەر ئەو حزبەش بە تەواوی سنورەکانی بەڕووی سوپای تورکیادا کردۆتەوە و ئەو دەوڵەتەی پەلکێس کردووە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی لێدان لە هێزە ڕزگاریەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بە تەواوی ڕێگری دەکەن لە سەرکەوتنی دووەم سوپای ناتۆ لە هەرێمی کوردستان .

بەشێک لە شارەزایان دەڵێن، پارتی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دوای سەردانەکەی کاڵن بۆ هەرێمی کوردستان و دیدار لەگەڵ مەسعود بارزانی،بە تەواوی راگرتووە. بە تایبەت دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە نۆزدەی مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوو لە عێراق بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی خستە دۆخێکی باشەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەمە جگە لەوەی ئەنجامێکی دڵخۆشکەری لە پارێزگاری نەینەوای دراوسێی کەرکوک بەدەستهێنا.

ترسی تورکیا لە بەهێزبوونی یەکێتی

دانوستانەکانی لایەنە عێراقییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان چووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، دوای ئەوەی براوەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە سوێندی یاساییان خوارد. ئەنقەرە ترسی لە فراوانبوونی نفوزی یەکێتی نیشتمانی کورستان هەیە بەتایبەت لەو ناوچانەی کە تورکیا هەوڵ دەدات بە هۆی گرنگی ئابووری و ئەمنی پێگەیەک بۆ خۆی لە کەرکوک و پارێزگای نەینەوا دروستبکات.

لە نێو ئەو کەسایەتیانەی کە ئیبراهیم کاڵن لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر چاوی پێیان کەوتووە، حەسەن توران سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی و ئەرشەد ساڵحی نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق بوون. بوونی توران لە سەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی بە یەکێک لە بەرهەمەکانی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا لە کاروباری تورکمانەکانی عێراق دادەنرێت، بەوپێیەی ئەنقەرە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر ڕۆڵی گەورەی لە لادانی ئەرشەد ساڵحی و ناچارکردنی بە دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق و دیاری کردنی حەسەن تورانی جێگری بە سەرۆکی بەرەکە هەبوو .

توران بە دوو هۆکار هەڵبژێردرا بۆ سەرکردایەتیکردنی بەرەکە:

یەکەمیان/ ئاڕاستە ئیسلامییەکەیەتی کە لەگەڵ ئاراستەکانی پارتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەگونجێت، بە پێچەوانەی مەیلە ناسیۆنالیستی و کەمالیستییەکانی ساڵحی کە وادەکات زیاتر لە پارتی گەلی کۆماری نزیک بێت.

دووەمیان/ پەیوەندی باشی نێوان توران و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کورستان وەک دوو لایەنی هاوپەیمانی تورکیا بە پێچەوانەی پەیوەندیەکانی ساڵحی لەگەڵ پارتی.

تورکیا پۆستی پارێزگای کەرکوکی بۆ تورکمانەکان دەوێت

تورکیا هەوڵدەدات ئەمجارە بە هەر جۆرێک بێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ تورکمانەکان بەدەست بهێنێت و بیخاتە ژێر رکێف و دەست و دەسەڵاتی خۆیەوە، چونکە کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر نوێنەرە سیاسییەکانی ئەو پێکهاتەی نێو کەرکوک هەیە. سەرەڕای ئەو ئەنجامە کەمەی کە تورکمانەکان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەدەستیان هێنا، بەڵام لەسەر بنەمای هاوکێشەیەک کە خودی حکومەتی تورکیا دایناوە، تورکیا لە ڕیگەی سیاسی و دیبلۆماسی و هەڕەشەی سەربازی و ئابوریەوە کار بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکات .

پێشتر هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانی دیدارێکدا کە لەگەڵ توران لە ئەنقەرە ئەنجامیدا، داوای کردبوو، بەردەوام بن لەو یاسایەی پێشتر پەیڕەوی لێدەکرا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک کە سەرۆکی پارێزگا بەشێوەیەکی دەورەیی هەرجارەو لە نێوان لایەنەکاندا بیت. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەمجارە نۆبەی تورکمانەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی پارێزگای کەرکوک.

فیدان هەروەها ناڕەزایی خۆی لە پێشکەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی یەکێتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەربڕی، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە “پەیوەندی نێوان یەکێتی و  و پارتی کرێکارانی کوردستان” بۆ بوون بە هەژموون لەو پارێزگایە کردۆتەوە و دوای کردووە ئەگەر بە تێکدانی ڕەوشەکەش بێت، نابێت ڕێگە بە باڵا دەست بوونی یەکێتی بدەن لەو پارێزگایە  .

ئامانجی دووەمین سەردانی بەرپرسی هەواڵگری میت

هەندێک سەرچاوە پێیانوایە، سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن بۆ عێراق لە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە بوو کە بە کردەوە قەناعەت بە لایەنە  سیاسییەکان بێنێت کە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکیتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە کەرکوک دروست نەکەن.


ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە لە سەردانەکەدا کاڵن داوای لە نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان کردووە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی نەکەن، لەبری ئەوە لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەبی و پارتی دیموکراتی کوردستان دانوستان بکەن.

زانیاریەکان ئەوە دەردەخەن کە بەرپرسی هەواڵگری تورکیا، مەسعوود بارزانی ناچار کردووە کە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی دروست نەکات، بەوپێیەش سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا لەنێوان نوێنەرانی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ئەنجام بدرێت.

هەڵوێستی یەکێتی لەسەر ریکەوتن لەگەڵ پارتی

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە داوە، کە پێویستە یەکێتی و پارتی لەم هەلومەرجە هەستیارەدا کە کاریگەری گەورە لەسەر ناوچەکە هەیە” دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “یەکگرتوویی کوردستان تاکە بژاردەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە.

ناوبراو لە لێدوانەکانیدا کە لە ماڵپەڕی هەواڵی فەرمی حزبەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەسەر گرنگی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان هەردوولا کردەوە، “بەتایبەت دوای ئاڵۆزی دۆخی ناوچەکە و عێراق و هەروەها دوای هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم و هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئەو پێشێلکارییەکانەی کە لە سنورەکانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.

وتەبێژەکەی یەکێتی سەبارە بە پرسی حکومەتە خۆجێییەکان دەڵێت،“پێویستە یەکێتی و پارتی بگەنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی لە کەرکوک و نەینەوا و هەڵوێستی هاوبەشی ئەو دوولایەنە بۆ دانوستانەکان لەگەڵ حیزب و پێکهاتەکانی ئەم پارێزگایانە، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر قورسایی و پێگەی کورد دەبێت.

  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

  • روسەکان زانیاری ئەتۆمی بە ئێران دەدەن، ئەمریکی و بەریتانییەکان گڕدەگرن.

  • توشبووانی شێرپەنجە لە بێباکی حکومەت دووچاری مەرگ دەبنەوە

سەرەکی